لە هۆنگ کۆنگ بنەتۆیەکی دەگمەنی برنج بۆ خۆپاراستن لە ئەگەری برسێتی دەچێندرێت

 
رووداو دیجیتاڵ

بەشێک لە جووتیاران لە هۆنگ کۆنگی چین سەرقاڵی چاندنی چەند جۆرێکی دەگمەنی بنەتۆی برنجن کە 60 ساڵ لەمەوبەر لە ناوچەکەیان چێندراون، بەڵام لەنێو قەرەباڵخیی ژیانی مۆدێرنی پڕ لە کۆنکرێت و باڵەخانە بەرزەکان؛ فەرامۆش کراون.
 
مێرکوری وانگ، ئەندازیاری کشتوکاڵییە؛ 20 جۆری دەگمەنی بنەتۆی برنجی داناوە کە لە ساڵی 1974ەوە لە کۆگایەکی تایبەتی ژێر زەوی لە فیلیپینی دراوسێی بۆ رۆژە رەشەکان هەڵگیراون.
 
مێرکوری وانگ دەڵێت، "کۆکردنەوەی زانیاری لەبارەی ئەم بنەتۆ دەگمەنانەی برنج کارێكی قورس بوو. نیو سەتەیە ئەم تۆوانە لە فیلیپین هەڵگیرابوون؛ نەوەی پێش ئێمە پێشبینیی قەیرانی خۆراک بە تایبەتیی برنجیان کردووە؛ ئەم بنەتۆوانە دەگمەنن و بەرگەی زیاتری گۆڕانی کەشوهەوا دەگرن."
 
گۆڕانی کەشوهەوا سەرووی 20%ی رووبەرە کشتوکاڵییەکانی ناوچەی باشووری رۆژهەڵاتی ئاسیای لەنێوبردووە. لە دوو دەیەی رابردوودا شەپۆلەکانی گەرما لە 4 ساڵ جارێک بۆ دوو جار لە ساڵێکدا روو دەدەن.
 
ئێدی بالاگاتس، جووتیار دەڵێت، "کشتوکاڵ زۆر قورس بووە؛ لەم گەرمایە ناتوانین هیچ شتێک بچێنین؛ ئەگەر بارودۆخەکە بەو جۆرە بڕوات پێموایە لە چەند ساڵێكی کەمی داهاتوودا دەکەوینە قەیرانێكی گەورەی خۆراکەوە."
 
پێشبینییەکان هۆشداری لە مەترسییەکانی ساڵی 2040 دەدەن. شەتڵە برنجەکان کورتتر دەبن و دەنکە برنجەکان کەمتر و ئەگەری قەیرانی خۆراکیش گەورەتر.