رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان وەڵامی رووداو دەداتەوە و دەڵێت، واشنتن ئاگادارە کە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و لایەنەکانی دیکە لە گفتوگۆدان لەبارەی هەنگاوی داهاتووی تایبەت بە پڕۆسەکە و ئەوانیش چاوەڕێی ئەو هەنگاوانەن.
رۆژی سێشەممە ڤێدانت پاتێل، جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لەبارەی ئەگەری دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و هەڵوێستی ئەمریکا لەو بارەیەوە وەڵامی دیار کوردە، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی لە واشنتن دایەوە و گوتی، "ئەوەی ئێمە تێیگەیشتووین ئەوەیە کە سەرۆک [نێچیرڤان] بارزانی و دەسەڵاتدارانی دیکە، بە شێوەیەکی چالاکانە بیر لە هەنگاوی داهاتوویان دەکەنەوە. با ئەو پڕۆسەیە لەسەر رێچکەی خۆی بڕوات پێش ئەوەی قسەی لەسەر بکەین."
لەبارەی ئەگەری دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کە 10ی حوزەیرانی ئەم ساڵ دیاریکراوە، ڤێدانت پاتێل بە رووداوی راگەیاند، "ئەوە ئەرکی ئێمە نییە بڕیاری لەسەر بدەین. ئێمە هانی لایەنەکان دەدەین کاتی هەڵبژاردنەکان دیاری بکەن و لە کەشێکی ئازاد، دادپەروەرانە و متمانەپێکراودا هەڵبژاردنەکان بەڕێوەبچن. جگە لەوە، تێگەیشتنی ئێمە ئەوەیە کە سەرۆک بارزانی و لایەنەکانی دیکە لەگفتوگۆدان لەبارەی هەنگاوەکانی داهاتوویان."
ئەم گوتەیە لە کاتێکدایە، رۆژی 10ی حوزەیران بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاریکراوە، بەڵام پارتی دیموکراتی کوردستان رەتی دەکاتەوە بەم شێوازەی ئێستا بەشداری لە هەڵبژاردنەکەدا بکات.
رۆژی شەممە 27-04-2024 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان چووە بەغدا و لە بەشێکی کۆبوونەوەکانیدا بابەتی هەڵبژاردن باسکرا.
دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان رۆژی سێشەممە بە رووداوی راگەیاند، نێچیرڤان بارزانی لە کۆبوونەوەکەیدا لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوە کرد، گرنگە بە گوێرەی دەستوور و یاسا بەرکارەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان، دەرفەتی یەکسان بۆ هەموو پارت و لایەنەکان بۆ هەڵبژاردن هەبێت.
ئەمڕۆ سێشەممەش سەرۆکوەزیرانى عێراق لەگەڵ عومەر ئەحمەد، سەرۆکى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق کۆبووەوە و لە کۆبوونەوەکەدا سوودانی جەختى لە گرنگیی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان "لە سایەى سازانى سیاسى" کردەوە؛ راشیگەیاند گرنگە سەرجەم لایەنەکان بەشداری لە هەڵبژاردنەکەدا بکەن.
دەقی پرسیارەکانی رووداو و وەڵامەکانی ڤێدانت پاتێل، جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا:
رووداو: زۆر سوپاس ڤێدانت، باست لە هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان کرد، بەڵام دەمەوێت شتێکم بۆ روون بکەیەوە، مەبەستت چییە لەوەی کە دەڵێیت، هانیان دەدەیت کاتێک بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێکی دادپەروەرانە و ئازادانە دیاری بکەن، چونکە ئەم هەڵبژاردنە خۆی بۆ 10ی مانگی شەش دیاری کراوە، ئایا ئەمریکا پشتیوانی لە دووبارە دیاری کردنەوەی کاتێک بۆ ئەم هەڵبژاردنە دەکات؟
جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا: ئەوەی ئێمە تێی گەیشتووین ئەوەیە کە سەرۆک [نێچیرڤان] بارزانی و دەسەڵاتدارانی دیکە، بە شێوەیەکی چالاکانە بیر لە هەنگاوی داهاتوویان دەکەنەوە. با ئەو پرۆسەیە لەسەر رێچکەی خۆی بڕوات پێش ئەوەی قسەی لەسەر بکەین.
رووداو: ئێوە پشتیوانی لە دیاری کردنی کاتێکی دیکە بۆ هەڵبژاردن دەکەن؟
جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا: ئەوە ئەرکی ئێمە نییە بڕیاری لەسەر بدەین. ئەوەی ئێمە هانی لایەنەکانی لەسەر دەدەین ئەوەیە کاتی هەڵبژاردنەکان دیاری بکرێت و لە کەشێکی ئازاد و دادپەروەرانە و متمانەپێکراودا بەڕێوەبچن. جگە لەوە تێگەیشتنی ئێمە ئەوەیە کە سەرۆک [نێچیرڤان] بارزانی و لایەنەکانی دیکە، لە گفتوگۆدان لەبارەی هەنگاوەکانی داهاتوویان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ