سوودان لەژێر گولـلەبارانی سەربازانی سوپا و هێزی پشتیوانیی خێرا؛ 'دۆخەکە زۆر خراپە'

30-04-2023
لهۆن نەسرەدین
رۆژانە سوودانییەکان گولـلەی سەربازانی سوپا و هێزی پشتیوانیی خێرایان بەردەکەوێت
رۆژانە سوودانییەکان گولـلەی سەربازانی سوپا و هێزی پشتیوانیی خێرایان بەردەکەوێت
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

بۆردوومانی شوێنە حکومی و سڤیلەکان لە سوودان بەردەوامە و رۆژانە سوودانییەکان گولـلەی سەربازانی سوپا و هێزی پشتیوانیی خێرایان بەردەکەوێت. ئێستا وێرانی بە هەموو شوێنێكی خەرتوومەوە دیارە. خەڵک ئاوارە دەبن و ژمارەشیان لە هەڵکشاندایە.
 
جێل لۆیەر، سەرۆکی ئەرکە مەیدانییەکانی سوودان دەڵێت، "بارودۆخەکە زۆر قورسە لە سوودان، ئەم قەیرانە زیاتر لە 70٪ـی وڵاتەکەی گرتووەتەوە، بۆیە رەوشەکە ئاڵۆز و قورسە؛ ئێمە کار بۆ زیاترکردنی هاوکارییە مرۆییەکانمان دەکەین."
 
نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، "بەر لە هەڵگیرسانی شەڕ، زیاتر لە 15 ملیۆن کەس لە سوودان پێویستیان بە هاوکاریی مرۆیی بوو، لەنێویاندا 8 ملیۆن منداڵ." هەروەها 610 هەزار منداڵ تووشی بەدخۆراکی بوون و شەڕوپێکدادانەکان ئەو ژمارانە زیاتر دەکەن.
 
کوژراوان سەرووی 528-ن و برینداران لە 4 هەزار و 500 تێپەڕیون و هەڵاتوانی شەڕیش بگەنە سەرووی 270 هەزار کەس، بەڵام پێچەوانەکەشی هەیە، ژمارەیەک سوودانی دانیشتووی دەرەوەی وڵات، بۆ هاوکاریکردنی خێزان و کەسوکاریان بڕیاریان داوە بگەڕێنەوە وڵاتەکەیان.
 
ئەشرەف ئەحمەد، هاووڵاتیی سوودانە و دەڵێت: "پێویستە بڕۆمە ئەوێ تاوەکو هاوکاریی خوشک و براکانم بکەم، ئەوان لە بارودۆخێكی زۆر خراپدان."
 
لە دەستپێکی 15 رۆژەی شەڕەکەوە، پێنج جار ئاگربەست کراوە، بەڵام هەر پێنجیان پێشێلکراون، دوایینیان شەوی 30ـی نیسان کۆتایی دێت و نیگەرانییەکان لە ئەگەری فراوان و گەورەتربوونی شەڕەکە و تێوەگلانی زیاتری هێزە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان قووڵتر بوونەتەوە.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە