ئەڵمانیا حیزبوڵڵای لوبنانی خستە لیستی تیرۆرەوە

30-04-2020
رێکار عەزیز @Rekar_Azeez
نیشانەکردن حیزبووڵڵا
A+ A-
 
رووداو - هەولێر

وەزارەتی ناوخۆی ئەڵمانیا حیزبوڵڵای لوبنانی خستە لیستی تیرۆرەوە و لەتەواوی وڵاتەکەی هۆشداری پێداون، ئەوەش گورزێکی دیکەیە بەر بزووتنەوەکە دەکەوێت کە گوزارشت لە بەرژەوەندییەکانی ئێران لە ناوچەکەدا دەکات.
 
گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی ئەڵمانیا لە هەژماری خۆی لە توویتەر دەڵێت، ئۆپەراسیۆنێکی راوەدوونانیان لە ئەڵمانیا ئەنجامداوە، هەڵیانکووتاوەتە سەر ئەو گومانلێکراوانەی کە پەیوەندیان بە حیزبوڵڵاوە هەیە.
 
ئەڵمانیا ئەو ئۆپەراسیۆنەی لە کاتەکانی بەیانی و بەر لە خۆرهەڵاتن ئەنجامداوە.
 
خستنی حیزبوڵڵای لوبنانی بۆ نێو لیستی تیرۆر لە 2019ـەوە لە پلان و بەرنامەی حکومەتی ئەڵمانیادا هەیە، ئەمە دوای هەستکردن بە زیادبوونی کار و چالاکییەکانی کەسانی سەربە بزوتنەوەکە لەو وڵاتەدا. هاوکات پەرلەمانی ئەڵمانیا مانگێک دەبێت هۆشداریداوەتە حیزبوڵڵای لوبنانی لە هەر کردەوەیەکی سەربازی و سیاسی.
 
یەکێتیی ئەورووپاش دەمێکە حیزبوڵڵای خستووەتە لیستی تیرۆرەوە، باڵی سیاسی ئەو بزووتنەوەیە هەوڵی کۆکردنەوەی هاوکاری دارایی داوە و لە رێگەیەوە سەرنجی ئەندامی نوێی لە ئەوروپا بۆ خۆی راکێشاوە، بە گوتەی بەرپرسانی ئەوروپی، "مەبەستیانە ئایدۆلۆژیای تیرۆریستی لە ئەوروپا بڵاوبکەنەوە".

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە