بارمتەکانی هۆڵەندا ئازادکران و چەکدارەکەش دەستگیرکرا
رووداو دیجیتاڵ
ئەو چەکدارەی چەند کەسێکی لە شارۆچکەیەکی هۆڵەندا بە بارمتەگرتبوو، دەستگیرکرا و بارمتەکانیش ئازادکران.
رۆژی شەممە، 30-03-2024، پۆلیسی شارۆچکەی ئێیدە لە هۆڵەندا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاویکردەوە، "دوایین بارمتە ئازادکرا و کەسێکیشمان دەستگیرکرد؛ ناتوانین هیچ زانیارییەکی دیکە بڵاوبکەینەوە."
بەیانیی ئەمڕۆ شەممە، چەکدارێک لە شارۆچکەی ئێیدە سەر بە پارێزگای گێڵدەرز چەند کەسێکی بە بارمتە گرت. رووداوەکە لە باڕی پێتی کۆوت لە سەنتەری ئێیدە بوو.
بەرپرسان و پۆلیسی ئەو شارۆچکەیە دەڵێن، "جارێ هیچ هۆکارێک نییە تاوەکو رووداوەکە بە تیرۆریستی بناسێنین".
چەند شایەتحاڵێک لەبارەی رووداوەکە رایانگەیاند، "کەسێک بەچەکەوە خۆی بە باڕەکەدا کرد و دەستی بە هەڕەشەکردن کرد؛ چوار کەسی بە بارمتەگرت."
پۆلیس دوای گەیشتنی بە شوێنی رووداوەکە، 150 کەسی لە شوێنەکە دوورخستەوە.
دوای چەند کاژێرێک سێ بارمتەکە بە دەست بەرزکراوی لە باڵاخانەکە هاتنە دەرەوە.
دوای ماوەیەکیش بارمتەی چوارەم ئازادکرا و هێرشکارەکە دەستگیرکرا. چەند وێنەیەک لە تۆڕی کۆمەڵایەتی بڵاوبوونەوە کە تێیاندا دەردەکەوێت، پیاوێک چۆکی داداوە و دەستی لەسەر سەری داناوە و پۆلیسیش خەریکن قۆڵبەستی دەکەن.
رێنێ ڤێرهوڵست، پارێزگاری ئێیدە گوتی، "دۆخێکی زۆر خراپە بۆ هەموو خەڵک. هیوادارم بە سەلامەتی شتەکە کۆتایی هاتبێت."
لە 2023دا پیاوێکی 27 ساڵ لە ئەمستەردامی پایتەخت بە دوو چەکەوە چەند کەسێکی لەنێو فرۆشگەیەکی ئامێرە ئەلیکترۆنییەکانی Apple بە بارمتەگرت و ئەوەش چەند کاژێرێکی خایاند.
کاتێک یەکێک لە بارمتەکان ویستی رابکات و خۆی رزگاربکات، پیاوەکە بە دوای کەوت و لەوکاتەدا پۆلیس بە ئۆتۆمبێل خۆی بە پیاوەکەدا کێشا و دەستگیرکرا. دوای مانەوەی چەند رۆژێک لە نەخۆشخانە بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە گیانی لەدەستدا.