سەرۆکوەزیرانی پۆڵەندا: ئەورووپا لە قۆناخی پێش جەنگدایە

 
رووداو دیجیتاڵ

لەوانەیە لە جەنگی جیهانیی دووەمەوە، ئەمە یەکەم جار بێت ئەورووپا هەست بە نیگەرانیی ئەگەری هەڵگیرسانی جەنگێكی هاوشێوە بکات. دۆناڵد تەسک، سەرۆکوەزیرانی پۆڵەندا پەنجەی خستە سەر برینە ئەورووپییەکە و دەڵێت، "لە قۆناخی پێش جەنگداین."
 
دۆناڵد تەسک، سەرۆکوەزیرانی پۆڵەندا رایگەیاند، "چیدیکە نابێت هەڕەشە جیۆسیاسییەکانی شەڕی ئۆکراینا بۆسەر ئەورووپا پشتگوێ بخرێن؛ جەنگ چیدیکە چەمکێکی تایبەت بە رابردوو نییە، بەڵکو ئێستایە و راستەقینەیە؛ دوو ساڵە وایە."
 
لە ساڵی 2014 کە رووسیا نیمچە دوورگەی کریمیای ئۆکراینای کۆنترۆڵ کرد، ئەمریکا و بەشێکی ئەورووپا بە "هەڕەشەیەکی گەورە" ناویانبرد و باسیان لە نیشانەکانی جەنگی سێیەمی جیهانی کرد. رووسیا دەستی بە گەورەترین پرۆسەی بەسەربازیکردن کرد، کە 308 هەزار سەرباز بوو؛ لە ساڵی 2022یشەوە هەڵمەتێکی دیکەی بەسەربازیکردنی دەستپێکردووە.
 
ڤلادیمیر تسیملایەنسکی، جێگری سەرۆکی بەشی بەسەربازییکردن لە وەزارەتی بەرگری رووسیا رایگەیاند، "لە 1ی نیسانەوە بەسەربازیکردنەکە دەستپێدەکات و 130 هەزار کەس تاوەکو پاییزی ئەم ساڵ راهێنانیان پێدەکرێت و ئامادەی شەڕ دەکرێن."
 
کۆگە سەربازییەکانی رووسیا هێندەی پێویست پڕ لە چەکن؛ پێچەوانەی ئۆکراینا کە کورتهێنانێكی لەڕادەبەدەری هەیە و هۆشداری لەدەستدانی رووبەری زیاتر بە رۆژئاواییەکان دەدەن.
 
هۆشدارییەکە وایکردووە، بەشێك لە سەرکردەکانی ئەورووپا، لەنێویاندا سەرۆکی فەرەنسا، بە دووری نەزانێت هێزی ئەورووپی بنێرنە ئۆکراینا؛ پووتینیش لەو رووەوە هۆشداری دەدات.
 
رۆژی 18-03-2024 ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا رایگەیاند، "هەوڵدان بۆ ناسەقامگیرکردنی ناوچەکە و دروستکردنی قەیران و گەورەترکردنی بازنەی شەڕ و پێکدادانەکان، سوود بە هیچ لایەنێك ناگەیێنێت. ناردنی هێزی ئەورووپی بۆ ئۆکراینا هەموومان لە جەنگی جیهانیی سێیەم نزیک دەکاتەوە."
 
لە چەند راپرسییەکی جیاوازدا کە ئەم ساڵ کراون 61%ی ئەمریکییەکان، 68%ی فەرەنسییەکان، 63%ی ئەڵمانییەکان و 53%ی بەریتانییەکان پێیان وایە لەنێوان 5 تاوەکو 10 ساڵی داهاتوودا جەنگی جیهانیی سێیەم روودەدات.