پاپای ڤاتیکان بەهۆی هەوکردنی سییەکانی لە نەخۆشخانەیە


رووداو دیجیتاڵ 

پاپا فرانسیس بەهۆی نەخۆشییەوە گوێزراوەتەوە بۆ نەخۆشخانەیەکی رۆما. ڤاتیکان دەڵێت، پاپا تووشی هەوکردنی سییەکان بووە. سەرچاوەیەکیش ئاشکرایکردووە کە دوێنێ "شەوێکی باشی بەڕێکردووە."
 
گوتەبێژی ڤاتیکان سەرەتا رایگەیاندبوو، پاپا فرانسیس گەیێندراوەتە نەخۆشخانەی جەمێلی لە رۆما بۆ ئەوەی پشکنینی بۆ بکرێت، بەڵام لە راگەیێندراوێکی دواتردا ئاشکرایکرد، کە پاپا فرانسیس چەند رۆژێک پێشتر بە دەست "کێشەی هەناسەدانەوە" ناڵاندوویەتی. 
 
پشکنینەکان ئاشکرایان کردووە کە پاپا لە سییەکانیدا تووشی هەوکردن بووە، بەڵام کۆرۆنا نییە. 
 
ماتیۆ بروونی، گوتەبێژی ڤاتیکان دەڵێت پاپا "پێویستی بە چەند رۆژێکە بۆ ئەوەی لە نەخۆشخانە چارەسەری پزیشکیی گونجاو وەربگرێت."
 
گواستنەوەی پاپا فرانسیس بۆ نەخۆشخانە چەند هەفتەیەک دوای ئەوە هات کە یەک دەیە بەسەر دەستبەکاربوونی وەکو سەرۆکی کەنیسەی کاسۆلیکەکانی جیهان تێپەڕی. هەروەها چەند رۆژێکی کەم پێش جەژنی هەستانەوە دێت، کە گرنگترین بۆنەی کرستیانەکانە.
 
بە درێژایی ساڵی رابردوو، فرانسیس بەدەست ئازارێکی درێژخایەنی ئەژنۆیەوە ناڵاندوویەتی و وای لێکردووە پێویستی بە کورسی تایەدار بێت.
 
دوای ئەوەی کە ساڵی رابردوو گەشتێکی بۆ ئەفریقا و چەند بۆنەیەکی لە ڤاتیکان هەڵوەشاندنەوە، گومانەکان لە بارەی تەندروستیی پاپای ڤاتیکان زیادبوون. لە هەڤپەیڤینێکیدا لە تەمووزی 2022، پاپا دانی بەوە دانا کە پێویستە چالاکییەکانی کەمبکاتەوە. 
 
پاپا رۆژی چوارشەممە بە ورەبەرزییەوە لە بەردەم خەڵک لە ڤاتیکان دەرکەوت و لە نێو ئۆتۆمبێلە تایبەتەکەیدا بە زەردەخەنەوە سڵاوی لە هاوبیرەکانی دەکرد، بەڵام لە کاتی سەرکەوتنی بۆ نێو ئۆتۆمبێلەکە بە هاوکاریی ئەوانی دیکە، بە روونی دیاربوو کە رووبەڕووی ئاستەنگ دەبێتەوە.  
 
لە تەممووزی ساڵی 2021، پاپا بۆ ماوەی 10 رۆژ لە هەمان نەخۆشخانەی رۆمادا خەوێندرا، ئەوەش بە مەبەستی نەشتەرگەریی قۆلۆن.
  
کانوونی دووەمی ئەمساڵ، لە هەڤپەیڤینێکدا، پاپا فرانسیس گوتی، ئازاری قۆلۆنەکەی گەڕاوەتەوە.
 
پاپا فرانسیس  پێشتریش چەند جارێک کە دواینیان شوباتی ئەمساڵ بوو، گوتوویەتی ئەگەر پێویست بکات، لەبەر تەندروستییەکەی دەستبەرداری پێگە ئایینییەکەی دەبێت و هەمان شتی پاپای پێش خۆی، پاپا بێنێدیکتی شازدەیەم دەکات. 
 
بەڵام هۆشداریشیدا کە نابێت دەستلەکارکێشانەوە ببێتە نەریتێک بۆ پاپاکان و مانگی رابردوو لە هەڤپەیڤینێکدا گوتی، بیرۆکەی وازهێنان هێشتا "لە کارنامەکەمدا نییە."
 
بێنێدیکت کە 31 کانوونی یەکەمی ساڵی رابردوو کۆچی دواییکرد، لە ساڵی 2013 جیهانی تووشی سەرسوڕمانکرد کاتێک کە بووە یەکەمین پاپا لە چاخی نێوەڕاستەوە دەستی لەکارکێشابێتەوە.
 
ساڵی 1957، لە تەمەنی 21 ساڵیدا، بەشێکی یەکێک لە سییەکانی پاپا لێکرایەوە، بەڵام پێشتر گوتوویەتی لە دوای نەشتەرگەرییەکە، بە تەواوی چاکبووەتەوە. لە تەمەنی 86 ساڵیدا، پاپا لە جێبەجێکردنی خشتەیەکی کارکردنی رۆژانەی پڕ لە قەرەباڵخ و لە گەشتە نێودەوڵەتییەکانیشی نەوەستاوە.
 
ئەمساڵ سەردانی سوودانی باشوور و کۆماری دیموکراتی کۆنگۆی کرد. 
 
بڕیارە مانگی داهاتوو سەردانی هەنگاریا بکات و لەگەڵ ڤیکتۆر ئۆربان، سەرۆکوەزیرانی ئەو وڵاتەدا کۆبێتەوە.
 
لە ماوەی 10 ساڵی رابردوودا، پاپا هەوڵیداوە وێنەیەکی "کراوەتر"ی کەنیسەی کاسۆلیکی پێشانبدات، وێڕای ئەوەی رووبەڕووی بەرهەڵستکاریی نێوخۆیی بووەتەوە، بە دیاریکراویش لەلایەن نەریتخوازەکانەوە.