ئیمانوێل ماکرۆن لە بەردەم کۆشکی ئێلیزێ پێشوازی لە نێچیرڤان بارزانی کرد
رووداو دیجیتاڵ
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا لە کۆشکی ئێلیزێ پێشوازی لە نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان کرد.
بەپێی ئەو کارنامەیەی کۆشکی ئێلیزێ رایگەیاندووە، بڕیارە کۆبوونەوەیەکی دووقۆڵی بکەن و نانی نیوەڕۆش پێکەوە لە کۆشک دەخۆن، پاشان کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانی دەکەن.
دوێنێ سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە بانگهێشتی فەرمیی سەرۆکی فەرەنسا گەیشتە پاریس، ئەمڕۆ کاژێر 14:30 لە کۆشکی ئێلیزێ کۆببنەوە. میکانیزمی بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و پاریس سەرەکیترینی ئەو بابەتانە دەبێت ئەمڕۆ لە کۆشکی ئێلیزێ باسیان لێوەدەکرێت.
ئاڵا شاڵی، پەیامنێری رووداو لەبارەی کارنامەی سەردانەکەوە دەڵێت: گوتەبێژی میدیایی کۆشکی ئێلیزێ پێگوتووە کە بەهۆی بەرزبوونەوەی ژمارەی تووشبووان لە فەرەنسا کۆنگرەی رۆژنامەڤانیی سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئیمانوێل ماکرۆن هەڵوەشاوەتەوە.
لەبارەی شێوازی پێشوازیکردن لە سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پەیامنێری رووداو دەڵێت: پەتای کۆرۆنا هەموو دۆخەکەی گۆڕیوە، ژمارەیەکی زۆر لە راگەیاندنکاران لەوێ ئامادەبوون و دەبوو دەمامک بەکاربهێنن.
کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی کۆشکی ئیلیزێ، چوارەم دیداری ماکرۆن و نێچیرڤان بارزانی دەبێت لەماوەی کەمتر لە چوار ساڵدا، کە سێ جاریان لە پاریس و جارێکیش لە بەغدا بووە.
بەپێی ئەو زانیارییانەی نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان بە رووداوی دا، لە کۆبوونەوەکەیاندا هەردوو سەرۆک بەتایبەت تاوتوێی رەوشی عێراق دەکەن. عەلی دۆڵەمەری، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە فەرەنسا بەشداریی بووڵتەنی کاژێر 10:00ی تەلەڤزیۆنی رووداوی کرد و لەبارەی سەردانەکە ئاماژەی بەوەکرد، کە فەرەنسا دەیەوێت ئەو مۆدێلی حوکمڕانییەی لە هەرێمی کوردستان هەیە، بگوازرێتەوە بۆ هەموو عیراق.