کۆبوونەوەی نێچیرڤان بارزانی و ئیمانوێل ماکرۆن لە ئێلیزێ

30-03-2021

16:30

نێوەڕۆکی کۆبوونەوەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی فەرەنسا

نێوەڕۆکی کۆبوونەوەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی فەرەنسا
 
کۆبوونەوەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا کۆتاییهات، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە تویتێکدا دەڵێت، "سوپاسی خۆمم بۆ هاوكاریی بەردەوامی فەرەنسا بۆ هەرێمی كوردستان دووپات كردەوە. ھەروەھا پەیوەندییە دووقۆڵییەكان و كێشە هەنووكەییەكانی عێراق و ناوچەكە تاوتوێکران."
دوێنێ سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە بانگهێشتی فەرمیی سەرۆکی فەرەنسا گەیشتە پاریس، ئەمڕۆ کاژێر 14:30 لە کۆشکی ئێلیزێ کۆبوونەوەی دووقۆڵییان ئەنجامدا. 
 
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە تویتەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە، "خۆشحاڵ بووم بە دیداری هاوڕێم سەرۆك ئیمانوێل ماكرۆن ئەمڕۆ لە پاریس. سوپاسی خۆمم بۆ هاوكاریی بەردەوامی فەرەنسا بۆ هەرێمی كوردستان دووپات كردەوە."

 

زیاتر بخوێنەوە

16:18

کۆبوونەوەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و ئیمانوێل ماکرۆن کۆتاییهات

 
کۆبوونەوەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆککۆماری فەرەنسا لە کۆشکی ئێلیزێ کۆتاییهات. دوای ماڵئاواییەکی گەرمیش، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆشکی ئێلیزێی جێهێشت.

 

 
زیاتر بخوێنەوە

14:38

ئیمانوێل ماکرۆن لە بەردەم کۆشکی ئێلیزێ پێشوازی لە نێچیرڤان بارزانی کرد

کاتی پێشوازیی ئیمانوێل ماکرۆن لە نێچیرڤان بارزانی
کاتی پێشوازیی ئیمانوێل ماکرۆن لە نێچیرڤان بارزانی

رووداو دیجیتاڵ

ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا لە کۆشکی ئێلیزێ پێشوازی لە نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان کرد. 
 
بەپێی ئەو کارنامەیەی کۆشکی ئێلیزێ رایگەیاندووە، بڕیارە کۆبوونەوەیەکی دووقۆڵی بکەن و نانی نیوەڕۆش پێکەوە لە کۆشک دەخۆن، پاشان کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانی دەکەن.
 
دوێنێ سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە بانگهێشتی فەرمیی سەرۆکی فەرەنسا گەیشتە پاریس، ئەمڕۆ کاژێر 14:30 لە کۆشکی ئێلیزێ کۆببنەوە. میکانیزمی بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و پاریس سەرەکیترینی ئەو بابەتانە دەبێت ئەمڕۆ لە کۆشکی ئێلیزێ باسیان لێوەدەکرێت. 
 
ئاڵا شاڵی، پەیامنێری رووداو لەبارەی کارنامەی سەردانەکەوە دەڵێت: گوتەبێژی میدیایی کۆشکی ئێلیزێ پێگوتووە کە بەهۆی بەرزبوونەوەی ژمارەی تووشبووان لە فەرەنسا کۆنگرەی رۆژنامەڤانیی سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئیمانوێل ماکرۆن هەڵوەشاوەتەوە.
 
کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی کۆشکی ئیلیزێ، چوارەم دیداری ماکرۆن و نێچیرڤان بارزانی دەبێت لەماوەی کەمتر لە چوار ساڵدا، کە سێ جاریان لە پاریس و جارێکیش لە بەغدا بووە.
 
بەپێی ئەو زانیارییانەی نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان بە رووداوی دا، لە کۆبوونەوەکەیاندا هەردوو سەرۆک بەتایبەت تاوتوێی رەوشی عێراق دەکەن. عەلی دۆڵەمەری، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە فەرەنسا بەشداریی بووڵتەنی کاژێر 10:00ی تەلەڤزیۆنی رووداوی کرد و لەبارەی سەردانەکە ئاماژەی بەوەکرد، کە فەرەنسا دەیەوێت ئەو مۆدێلی حوکمڕانییەی لە هەرێمی کوردستان هەیە، بگوازرێتەوە بۆ هەموو عیراق. 
 
زیاتر بخوێنەوە

14:16

ئێلیزێ لە چاوەڕوانیی نێچیرڤان بارزانیدا

بەردەم کۆشکی ئێلیزێ لە چاوەڕوانیی نێچیرڤان بارزانیدا

رووداو دیجیتاڵ

دوێنێ سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە بانگهێشتی فەرمیی سەرۆکی فەرەنسا گەیشتە پاریس، بڕیارە ئەمڕۆ کاژێر 14:30 لە کۆشکی ئێلیزێ کۆببنەوە، پاشان کاژێر 03:40 خولەک کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانی دەکەن. میکانیزمی بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و پاریس سەرەکیترینی ئەو بابەتانە دەبێت ئەمڕۆ لە کۆشکی ئێلیزێ باسیان لێوەدەکرێت. 

زیاتر بخوێنەوە

12:16

لە فەرەنسا خواست لەسەر هەناری هەڵەبجە و تەحینی ئامێدی زۆرە

  محەممەد فەیزی، بەرپرسی بەشی ئابووری لە كۆنسوڵخانەی فەرەنسا
محەممەد فەیزی، بەرپرسی بەشی ئابووری لە كۆنسوڵخانەی فەرەنسا
 
رووداو دیجیتاڵ

لەپاڵ پەیوەندییە سیاسییەکان، هەرێمی کوردستان دەیەوێت پەرە بە پەیوەندییە ئابوورییەکان لەگەڵ فەرەنسا بدات. ئەوەی ئێستا کاری بۆ دەکرێت رۆڵی فەرەنسایە لە پێشخستنی کەرتی کشتوکاڵ و هەروەها هەناردەکردنی بەرهەمی کشتوکاڵی لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ فەرەنسا. بەرپرسی بەشی ئابووری لە كۆنسوڵخانەی فەرەنسا دەڵێت "ئێستا هەناری هەڵەبجە و تەحینی ئامێدی لە فەرەنسا بازاڕیان گەرمە".
 
محەممەد فەیزی، بەرپرسی بەشی ئابووری لە كۆنسوڵخانەی فەرەنسا، لە بووڵتەنی کاژێر 08:00ی ئابووریی تەلەڤزیۆنی رووداو، باسی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان عێراق و هەرێمی کوردستان لەگەڵ فەرەنسای کرد، بە گوتەی ئەو، ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکە "بەشێوەیەكی بەرچاو" زیادیكردووە لە چەند ساڵی رابردوودا. 
 
بەپێی ئەو ئامارەی محەممەد فەیزی خستیەڕوو، لە ساڵی 2014 و 2015 ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان فەرەنسا و عێراق نزیكەی 270 ـ 280 ملیۆن دۆلاربووە، بەڵام لە ساڵانی 2018 ـ 2019 نزیكەی 70% زیادیكردووەو گەیشتووەتە نزیكەی 800 ملیۆن دۆلار.
 
سەبارەت بە ئامارەکانی هەرێمی كوردستان، بەرپرسەکەی بەشی ئابووریی کۆنسوڵخانەی فەرەنسا رایگەیاند، ئێستا زیاتر لە 35 كۆمپانیای فەرەنسی لە هەرێمی كوردستاندا كاردەكەن، کۆمپانیاکان گەورە، مامناوەند و بچووکن، کە لەساڵی 2009وە وەبەرهێنان دەکەن.
 
تازەترین هەواڵەکان بۆ پەرەپێدانی ئەو پەیوەندییە ئابوورییە لەدوای21ی ئەم مانگەبووە، کە چەندین جۆری نوێی پەتاتی فەرەنسی هاوردەی هەرێمی کوردستان کراون و لە ناحیەی شێخان چێندراون و تاقیدەکرێنەوە. هەروەها دروستكردنی چوار كارگەی خۆراك لە هەرێمی كوردستان لە پلاندان، کە بەرهەمەكانی شیرەمەنی و شەربەتی سرووشتی بەرهەمدەهێنن و پلان وایە لە ناوچەی هەڵەبجە و سلێمانی دابمەزرێن. لە هەولێریش كارگەیەكی گەورەی فەرەنسی هەیە كە كۆمپانیای دانوونە شیرەمەنییەکان بەرهەمدەهێنێت.
 
محەممەد فەیزی، بەرپرسی بەشی ئابووریی کۆنسوڵخانەی فەرەنسا لە هەولێر، رایگەیاند کە بەپێی ئەو توێژینەوانەی ئەوان کردوویانن، "هەرێمی کوردستان كەشێكی زۆر گونجاوی هەیە بۆ وەبەرهێنانی کشتوکاڵی، بەڵام بەداخەوە لەكاتی بەرهەمهێنانی بەرهەمەكاندا تێبینی دەكەی نرخیان زۆر كەمە".
 
فەیزی جەختدەکاتەوە، کە فەرەنسا مەبەستییەتی لە هەرێمی کوردستان وەبەرهێنان بکات و پابەندبوونێكی ئەخلاقی هەیە لە بەرامبەر كوردستان، نموونەی ئەوە دەهێنێتەوە کە لە ساڵی 2014 و لەکاتی شەڕی داعشدا چەندین كۆمپانیای گەورە هەرێمی كوردستانیان بەجێهێشت، بە پێچەوانەوە كۆمپانیاكانی فەرەنسا چالاكییەكانیان زیادكردووە. گوتیشی "فەرەنسا زیاتر لە 3 ملیار دۆلار وەبەرهێنانی هەیە لە عێراق، 30 ـ 35%ی ئەو وەبەرهێنانانە لە هەرێمی كوردستانە".
 
هەوڵێکی دیکەی کۆنسوڵخانەی فەرەنسا ئەوەبووە کە عێراق و هەرێمی کوردستان هاوبەشی بکەن لەگەڵ AFP كە ئاژانسێکی فەرەنسییە بۆ پەرەپێدان لەگەڵ كۆپاخكۆ، سیستمێكیان داناوە كە بتوانن یارمەتی دارایی بدەنە ئەو كۆمپانیایانەی لەدەرەوە کاردەکەن، لە ساڵی 2019 و 2020 توانراوە كە كوردستان و عێراقیش بخرێنە نێو ئەو دەوڵەتانەی كە كۆمپانیا فەرەنسییەکان بتوانن سوود لە یارمەتی دارایی حكومەتی فەرەنسا وەربگرن.
 
سێ تۆن تەحینی ئامێدی لە بازاڕی پاریس فرۆشرا
 
محەممەد فەیزی باسی لە خواستی فەرەنسییەکان کرد بۆ بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی هەرێمی کوردستان و گوتی: "کەسێک 
نزیكەی 2 ـ 3 تۆن تەحینی ئامێدی بردبووە فەرەنسا وەكو تاقیكردنەوە بزانێ ئایا بازاڕی دەبێت، بەڵام ئێستا داوایكردووە زیاتری بۆ رەوانە بكەین و تەواوبووە".
 
ساڵی داهاتوو هەناری هەڵەبجە لە فەرەنسایە
 
یەكێك لەو بەرهەمانەی دیکە کە لە پلاندایە هەناردەی فەرەنسا بکرێت، هەناری هەڵەبجەیە. محەممەد فەیزی دەڵێت "ئەوەی راستی بێت هەنار لە فەرەنسا زۆر گرانە، چونكە لە فەرەنسا بەرهەم ناهێنرێت و لە شوێنی دیكەوە بۆی دەڕوات، كوالێتی هەناری هەڵەبجە زۆر بەرزە و لەوێ خواستی زۆری لەسەر دەبێت".
 
رۆنی زەیتوونیش هەناردە دەکرێت
 
هەرچەندە رۆنی زەیتوون لە هەرێمی کوردستان بەرهەمدێت، بەڵام هێشتا هەناردە نەكراوە، چونكە وەک فەیزی دەڵێت، ئەو كارگەیەی دروستكراوە ئەو بڕەی نییە بتوانێ هەناردەی بكات، "بەڵام دەستمان پێكردووەو پلان هەیە لە داهاتوودا رۆنی زەیتوونی کوردستانیش بنێرینە فەرەنسا".
 
زیاتر بخوێنەوە

11:07

عەلی دۆڵەمەری: فەرەنسا چاوی لە نێچیرڤان بارزانییە بۆ بونیادنانەوەی عێراقێکی دیموکراسی

عەلی دۆڵەمەری، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە فەرەنسا
عەلی دۆڵەمەری، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە فەرەنسا

رووداو دیجیتاڵ

نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئامانجی کۆبوونەوەی نێچیرڤان بارزانی و ئیمانوێل ماکرۆنی ئاشکراکرد، کە قسەکردنە لەسەر داهاتووی عێراق و هەرێمی کوردستان و ناوچەکە. ئەو دەڵێت "ئەو عێراقەی ئەوروپا و فەرەنسا دەیانەوێت هێشتا دانەمەزراوە، بۆیە چاویان لە نێچیرڤان بارزانییە رۆڵی هەبێت لە دروستکردنی عێراقێکی دیموکراسیدا".
 
عەلی دۆڵەمەری، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە فەرەنسا بەشداریی بووڵتەنی کاژێر 10:00ی تەلەڤزیۆنی رووداوی کرد و لەبارەی سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ فەرەنسا و کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆک و وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە قسەی کرد.
 
بەپێی ئەو کارنامەیەی راگەیێندراوە، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا کاژێر 14:20 خولەکی ئەمڕۆ لە کۆشکی ئێلیزێ پێشوازی لە سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەکات، کۆبوونەوەی دووقۆڵییان دەبێت و نانی نیوەڕۆش پێکەوە لە کۆشک دەخۆن. عەلی دۆڵەمەری دەڵێت "لەم کاتەدا کە ئەوروپا و فەرەنسا بەتایبەتی لە بارودۆخێکی خراپی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنادان و سەرۆک ماکرۆن زۆر بە کەمی میوان دەبینێت، بەڵام ئەو بانگێشتە و کۆبوونەوە و نانخواردنە لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی بایەخپێدانی ماکرۆن بە دۆستایەتییەکەی لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی دەردەخات". 
 
کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی کۆشکی ئیلیزێ، چوارەم دیداری ماکرۆن و نێچیرڤان بارزانی دەبێت لەماوەی کەمتر لە چوار ساڵدا، کە سێ جاریان لە پاریس و جارێکیش لە بەغدا بووە.
 
بەپێی ئەو زانیارییانەی نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان بە رووداوی دا، لە کۆبوونەوەکەیاندا هەردوو سەرۆک بەتایبەت تاوتوێی رەوشی عێراق دەکەن. دۆڵەمەری ئاماژەی بەوەکرد، کە فەرەنسا دەیەوێت ئەو مۆدێلی حوکمڕانییەی لە هەرێمی کوردستان هەیە، بگوازرێتەوە بۆ هەموو عیراق. 
 
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا گوتی: "فەرەنسا دەیەوێت جارێکی دیکە رۆڵی خۆی لە عێراقدا بگێڕێتەوە، لە دوای 2003 و بەتایبەت دوای هاتنە سەرکاری نیکۆلاس سارکۆزی فەرەنسا دەستی بەو هەوڵە کردووە و لە سەردەمی ماکرۆن هەوڵەکان زیاتر چڕبوونەتەوە، ئەوەش لە شەڕی داعشدا بەروونی دەرکەوت، چونکە فەرەنسا دەیەوێت عێراق سەقامگیر بێت و وەبەرهێنان لە بوارەکانی ئابووری و کولتووری لە عێراقدا بکات. ئەمڕۆش لە کۆبوونەوەی هەردوو سەرۆکدا سەقامگیریی عێراق و هەرێمی کوردستان تەوەری سەرەکی دەبێت".
 
عەلی دۆڵەمەری روانگەی پاریسی بۆ عێراق خستەڕوو و گوتی: "فەرەنسا مەبەستیەتی عێراقێکی دیموکراسی دابمەزرێت و بەجیددی هەوڵ بۆ ئەوەدەدات، چونکە ئەو عێراقەی کە ئەوروپا و فەرەنسا بەتایبەتی دەیانەوێت هێشتا دروستنەبووە، فەرەنسا چاوی لەوەیە نێچیرڤان بارزانی رۆڵی هەبێت لە دروستکردنی ئەو عێراقەدا، کە هەرێمی کوردستانیش بە بەهێزیی تێدا بمێنێتەوە".
 
کۆبوونەوەی دووەمی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ژان ئێف لۆدریان، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا دەبێت لە کاژێر 19:30 خولەک بە کاتی هەرێمی کوردستان، دواتریش سەرۆکی شارەوانی فەرەنسا دەبینێت، کە خۆی بە دۆستی کورد دەزانێت و ماوەیەکە دەستبەکاربووە، خۆی داوایکردووە سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەردانی ئەویش بکات، نێچیرڤان بارزانیش ئەو داوایەی قبووڵکردووە.
 
زیاتر بخوێنەوە

10:50

رۆڵی فەرەنسا لە راگەیاندنی ناوچەی دژەفڕین و پاراستنی گەلی کوردستان

چەند دیمەنێک لە کۆڕەوی ساڵی 1991
چەند دیمەنێک لە کۆڕەوی ساڵی 1991
 
رووداو دیجیتاڵ
 
لە کۆڕەوی بەهاری 1991، فەرەنسا پێگەی بەهێزی خۆی لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بەکارهێنا بۆ ئەوەی بە بڕیارێک هێرشی سوپای ئەو کاتەی عێراق بۆ سەر باشووری کوردستان بوەستێنێت و ئەنجامەکەیشی دەرکردنی بڕیاری 688ی ئەنجوومەنەکە بوو لە 5ی نیسانی 1991دا. 
 
درێژەدانی سوپای بەعس بە هێرشەکانی بۆ سەر گەلی کوردستان وایکرد، فەرەنسا و دوو هاوپەیمانە رۆژئاواییەکەی لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، واتە بەریتانیا و ئەمریکا بڕیاربدەن ناوچەی دژەفڕین بەسەر هەرێمی کوردستاندا رابگەیێنن. 
 
فەوزی هەریری، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەڵێت: "فەرەنسا یەکێکە لە زلهێزەکان و ئەندامی ئەنجوومەنی ئاسایشە، فەرەنسا لە نزیکەوە دۆستی هەرێمی کوردستان و هەڵوێستی خەڵکی ئێمەیە.. لە ساڵی 1991، لەگەڵ ئەمریکا و بەریتانیا دەستپێشخەرییان هەبوو لە بڕیاری 688 کە میلـلەتی ئێمەی پاراست دژ بە هێرشەکەی سەدام. لە 2010 یەکەم چاوپێکەوتنی سەرۆک بارزانی بوو لەگەڵ یەکەم سەرۆکی فەرەنسا لە پاریس.. جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستان وەکو سەرۆکی حکومەتیش چەندینجار سەردانی فەرەنسای کردووە. فەرەنسا بایەخێکی ئێجگار زۆر بە سەلامەتیی هەرێمی کوردستان دەدات."
 
حکومەتی عێراق بە تووندی دژی هەنگاوەکە وەستا و بە بەزاندنی سەروەریی وڵات ناویبرد. 
 
بڕیاری 688 چەترێکی دابینکەری ئاسایش و سەقامگیری بوو و سەدان هەزار هاونیشتیمانی لەژێریدا حەسانەوە؛ پاراستنی کورد لە هەڕەشەی دەستی سەدام تاوەکو ساڵی 2003 بەردەوام بوو و لەو ساڵەیشدا ئەمریکا و بەریتانیا و چەند هاوپەیمانێکیان کۆتاییان بە دەسەڵاتی بەعس هێنا. 
 
بڕیارەکە لە چەند بڕگەیەک پێکهاتبوو کە بەندە سەرەکییەکانی بڕیاری 688 ئەمانە بوون: 
-  پێویستە نەتەوەیەکگرتووەکان یارمەتی مرۆیی بگەیێنێتە دەستی عێراقییەکان، بەتایبەتی کورد. 
- دەبێت نەتەوەیەکگرتووەکان هەموو ئامرازەکانی بەردەستی بەکاربهێنێت بۆئەوەی خێرا پێداویستی بۆ ئاوارە و پەنابەرەکان دابینبکات. 
- ئەنجوومەنی ئاسایش رێگە نەدات سەرکوتکردنی خەڵک لە عێراق بەردەوام بێت.
 
جۆن مەیجەر، سەرۆکوەزیرانی پێشووتری بەریتانیا لەبارەی دابینکردنی ناوچەی دژەفڕین دەڵێت: "ئەوەی ئێمە لێی دەترساین مەترسی دووبارەبوونەوەی کارەساتێکی مرۆیی بوو وەکو ئەوەی لە 1991 بینیمان کە وایکرد بەریتانیا هەوڵ بۆ راگەیاندنی ناوچەی ئارام بدات. ئەو ناوچە ئارامە بۆ ئەوە راگەیێندرا ژیانی کورد بپارێزرێت. باوەڕی تەواومان هەیە کە نابێت لە عێراق بارودۆخی لەو جۆرە رووبداتەوە."
 
کورد سوودی لە بڕیارەکەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی وەرگرت؛ پەرلەمان و حکومەتی تایبەت بە خۆی دامەزراند و قۆناخی خۆبەڕێوەبردن و ئاوەدانکردنەوەی نیشتمانی دەیان ساڵ وێرانکراوی دەستپێکرد. 
 
دەستووری نوێی عێراق لە ساڵی 2005دا هەرێمی کوردستانی کردە قەوارەیەکی یاسایی دانپێدانراو لە چوارچێوەی عێراقدا و دوای ئەوەش پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و پاریس تۆکمەتر بوون. هەروەها لە ساڵی 2008دا فەرەنسا کۆنسوڵخانەی خۆی لە هەولێر کردەوە. 
 
 
دوای دوو ساڵ و لە حوزەیرانی 2010 سەرۆک بارزانی بانگهێشتی پاریس کرا، لەگەڵ نیکۆلا سارکۆزی، سەرۆکی ئەوکاتی فەرەنسا کۆبووەوە.
 
فەرەنسا لە شەڕی دژی داعشدا هاوکاریی بەرچاوی پێشکەشی پێشمەرگە کرد، لە ئەیلوولی 2014دا و کاتێک هەڕەشەی داعش لەسەر باشووری کوردستان زۆر بوو، فرانسوا ئۆلاند وەک یەکەمین سەرۆک وڵات هاتە هەولێر و پاڵپشتیی پاریسی بۆ کورد دووپاتکردەوە. 
 
دوای گشتپرسی تایبەت بە سەربەخۆیی باشووری کوردستان لە ئەیلوولی 2017دا و سەپاندنی گەمارۆی ئابووری و سیاسی بەسەر هەرێمی کوردستاندا، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکە گەنجەکەی فەرەنسا لە کۆشکی ئێلیزێ پێشوازی لە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی ئەو کاتەی هەرێمی کوردستان کرد و دووپاتیکردەوە، دەبێت دیالۆگی نێوان هەولێر و بەغدا دەستپێبکات و مافەکانی کوردیش پارێزراو بن. 
 
 
لە تەمووزی 2019 دا سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کۆشکی ئێلیزێ و لە لایەن ئیمانوێل ماکرۆنەوە پێشوازی لێکرا و هەردوو سەرۆک جەختیان لە پەرەدان بە پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا کردەوە. 
 
لە 2ی ئەیلوولی 2020یشدا ئیمانوێل ماکرۆن سەردانی عێراقی کرد و لە بەغدا لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی کۆبووەوە.
 
دوێنێ سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە بانگهێشتی فەرمیی سەرۆکی فەرەنسا گەیشتە پاریس، بڕیارە ئەمڕۆ کاژێر 14:00 لە کۆشکی ئێلیزێ کۆببنەوە، پاشان کاژێر 03:40 خولەک کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانی دەکەن. میکانیزمی بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و پاریس سەرەکیترینی ئەو بابەتانە دەبێت ئەمڕۆ لە کۆشکی ئێلیزێ باسیان لێوەدەکرێت. 
 
زیاتر بخوێنەوە

08:46

کۆبوونەوەی نێچیرڤان بارزانی و ئیمانوێل ماکرۆن لە ئێلیزێ

ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا لە کۆشکی ئیلیزێ پێشوازیی لە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کرد
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا لە کۆشکی ئیلیزێ پێشوازیی لە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کرد

رووداو دیجیتاڵ

دوێنێ سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە بانگهێشتی فەرمیی سەرۆکی فەرەنسا گەیشتە پاریس، بڕیارە ئەمڕۆ کاژێر 14:20 لە کۆشکی ئێلیزێ کۆببنەوە، پاشان کاژێر 03:40 خولەک کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانی دەکەن. میکانیزمی بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و پاریس سەرەکیترینی ئەو بابەتانە دەبێت ئەمڕۆ لە کۆشکی ئێلیزێ باسیان لێوەدەکرێت. 
 
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە بانگهێشتی فەرمیی ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا لە پاریسە. ماکرۆن مەبەستیەتی جارێکی دیکە لە ئێلیزێ لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی کۆببێتەوە و پێکەوە ئەو بابەتانە تاوتوێ بکەن کە جێگەی بایەخی هەردوولان. 
 
فەوزی هەریری، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لەبارەی سەردانەکەوە دەڵێت: "فەرەنسا بایەخێکی یەکجار زۆر بە دڵنیابوونی سەلامەتیی هەرێمی کوردستان دەدات؛ بۆیە جەنابی سەرۆک هەمان بابەتەکان لەگەڵ باس دەکات: چۆنێتی پاراستنی مافە رەواکانی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی دەستوور و لە چوارچێوەی عێراقێکی فیدراڵ. ئێستا هەڕەشەیەکی بەرچاو هەیە دژی هەرێمی کوردستان. پێش چەند هەفتەیەک بوو کە پایتەختی هەرێمی کوردستان لە لایەن گرووپە چەکدارەکان مووشەکباران کرا. پێویستە حەدێک بۆ ئەو هێرشانە دابنرێت".
 
کۆبوونەوەکەی نێوان ئیمانوێل ماکرۆن و نێچیرڤان بارزانی کاژێر 02:00ی دواینیوەڕۆی ئەمڕۆ دەبێت و نزیکەی یەک کاژێر بەردەوام دەبێت. دواتر لە کاژێر 3:40 خولەک کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانی دەکرێت.

 

 

 
 
جگە لە پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و پاریس، هەردوو سەرۆک دۆخى عێراق، هه‌رێمى كوردستان و ناوچه‌كه‌، کۆرۆنا و لێكه‌وته‌كانى، مه‌ترسييه‌كانى تيرۆر و ئه‌ركى هاوپه‌يمانيى نێوده‌وڵه‌تى، گرنگيى هاوكارى و هاوبه‌شيى هه‌مه‌لايه‌نه‌ بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى داعش تاوتوێ دەکەن. 
 
کاژێر 7:30یش سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ژان ئێڤ لۆدریان، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا کۆدەبێتەوە و باس لەو پرسانە دەکەن وەک خاڵی هاوبەشی بەرژەوەندی دەبیندرێن و تیشکیش دەخرێتە سەر هەڕەشەکان. 
 
لە سێ دەیەی رابردوودا فەرەنسا پاڵپشتیکارێکی گەورەی هەرێمی کوردستان بووە؛ دەستپێکێکی گرنگی ئەو پاڵپشتیەش راگەیاندنی ناوچەی دژەفڕین بوو لە ساڵی 1991دا. 
 
مەحموود عوسمان، سیاسەتمەدارێکی کورد لەباری ناوچەی دژەفڕین دەڵێت: "لە بنەڕەتدا بڕیاری فەرەنسا بوو، سەرۆک فرانسۆ میتران ئەوکات بە کاریگەریی دانێل میترانی خێزانی دانیان بە کورد دانا. هەر ئەو ساڵە لە گوتارەکەی خۆیدا فرانسۆ میتران گوتی: من تێناگەم لەوەی ئاشتی لەنێوان ئێران و عێراقدا هەبێت، (کە شەڕی لەنێوانیان وەستابوو)، بێ ئەوەی کوردیش بگرێتەوە."
 
 
پەیوەندی نێوان هەولێر و پاریس دوای 2005 چووە قۆناخێکی نوێ و لە ساڵی 2010یشەوە چەندینجار سەرۆک و سەرۆکوەزیرانەکانی هەرێمی کوردستان لە کۆشکی ئێلیزێ پێشوازیان لێکراوە. 
 
عەلی دۆڵەمەڕی، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە فەرەنسا دەڵێت: "بەردی بناخەی ئەم پەیوەندییە لەسەر دەستی جەنابی سەرۆک بارزانی بوو کە یەکەمجار لە 15/6/2010 بەشێوەیەکی فەرمی بۆ یەکەمجار لە کۆشکی ئێلیزێ لە لایەن سارکۆزیەوە پێشوازی لێکرا. تاوەکو ئێستا نزیکەی 10 دیدار لەنێوان سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی فەرەنسا هەبووە لە رابردوودا و بەردەوام دەبێت ئەم سەردانانە لە ئێستا و لە داهاتوویشدا". 
 
پێش ئەم کۆبوونەوەیە، سێجار نێچیرڤان بارزانی و ئیمانوێل ماکرۆن کۆبوونەتەوە. یەکەم کۆبوونەوە لە 2-12-2017 دا بوو لە کۆشکی ئێلیزێ، ئەوەش کاتێک حکومەتی عێراق گەمارۆی بەسەر هەرێمی کوردستاندا سەپاندبوو، بەڵام نێچیرڤان بارزانی توانیی گوشار و گەمارۆکانی سەر هەرێمی کوردستان نەهێڵێت. 
 
دووەم کۆبوونەوەیان لە تەممووزی 2019 دا بوو، کاتێک سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کۆشکی ئێلیزێ و لە لایەن ئیمانوێل ماکرۆنەوە پێشوازی لێکرا.
 
لە 2ی ئەیلوولی 2020یشدا سەرۆکی فەرەنسا سەردانی عێراقی کرد و لە بەغدا لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی کۆبووەوە. 
 
زیاتر بخوێنەوە