رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا پشتڕاستیکردەوە کە هیچ کەس لە رووداوی پێکدادانی فڕۆکە نەفەرهەڵگر و هێلیکۆپتەرە سەربازییەکە لە ئاسمانی واشنتن دی سی رزگاری نەبووە. دەشڵێت دیموکراتەکان لە خراپبوونی کەرتی فڕۆکەوانیی ئەمریکا بەرپرسن.
رووداوەکە شەوی چوارشەممە بە کاتی واشنتن و بەرەبەیانی پێنجشەممە بە کاتی هەولێر روویداوە.
هێلیکۆپتەرە سەربازییەکە 3 کەس و فڕۆکە نەفەرهەڵگرەکە 64 کەسی تێدا بووە.
دۆناڵد ترەمپ رۆژی پێنجشەممە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا لە کۆشکی سپی گوتی: "ئەم بەیانییە لە ساتێکی بە ئازاردا قسەتان بۆ دەکەم. ئێستا کارەکە گۆڕاوە بۆ دەرهێنانی تەرمەکان. بەداخەوە، کەس رزگاری نەبووە. ئەمە شەوێکی تاریک و ئازاربەخش بوو بۆ پایتەختی وڵاتەکەمان."
سەرۆکی ئەمریکا رەخنەی لە ئیدارەی جۆ بایدن گرت و تۆمەتباریکرد بەوەی لەسەر بنەمای "فرەڕەنگی" خەڵکی لە کەرتی فڕۆکەوانیدا دامەزراندووە، نەک لەسەر بنەمای توانا و لێهاتوویی.
مەبەست لە فرەڕەنگی دامەزراندنی کەسانی هاوڕەگەزخواز و نەژادە جۆراوجۆرەکانە کە ئیدارەی بایدن لە هەموو وەزارەتەکانیدا پەیڕەویکرد.
ترەمپ گوتی: "من سەلامەتی لە پێش هەموو شتێک دادەنێم. ئۆباما، بایدن و دیموکراتەکان، سیاسەت پێش دەخەن."
گوتیشی: "ئەوان بڕیارێکیان دەرکرد و گوتیان، سپیپێستەکان زۆرن. بەڵام ئێمە خەڵکی لێهاتوومان دەوێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ