رووداو دیجیتاڵ
میدیای سوێد بڵاوی کردەوە؛ سەلوان مۆمیکا پەنابەری عێراقیی تەمەن 38 ساڵ، دوێنێ شەو لە ناوچەی هۆڤشۆی شاری سۆدەرتەلیەی سوێد کوژراوە.
بەپێی راپۆرتی SVT، دوای کاژێر 11:00ـی شەو، پۆلیس و تیمەکانی فریاکەوتن گەیشتنە شوێنی رووداوەکە، پاش ئەوەی لە رووداوێکی تەقەکردن ئاگادارکراونەتەوە.
دانیێل ڤیکداڵ، گوتەبێژی پۆلیسی ناوچەی ستۆکهۆڵم بە SVTـی راگەیاندووە "لە شوقەیەکدا پیاوێکی تەمەن 40 ساڵ دۆزرایەوە، کە تەقەی لێکرابوو و بۆ نەخۆشخانە گوازرایەوە."
پۆلیسی ستۆکهۆڵم تائێستا پشتڕاستی نەکردووەتەوە، قوربانییەکە سەلوان مۆمیکایە، بەڵام دەزگای هەواڵگریی سویدیش (سێپۆ) بەشدارە لە لێکۆڵینەوەکاندا.
بەگوێرەی زانیارییەکان، ئەو کەسەی کوژراوە، لە کاتی رووداوەکەدا لە پەخشی راستەوخۆ بووە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان.
پۆلیس دەستی بە لێکۆڵینەوە کردووە. ڤیکداڵ دەڵێت کەسێک بۆ لێکۆڵینەوە دەستگیر کراوە.
هەروەها رۆژنامەی ئافتۆنبلادێتی سوێدی بڵاوی کردەوە، سەلوان مۆمیکا دوێنێ شەو لە شووقەیەک دا لە شاری سۆدێرتێلیەی سوێد کوژرا.
گابریێل ڤێرنستێد، گوتەبێژی دەزگای ئاسایشی سوێد (سێپۆ) رایگەیاند "ناتوانین هیچ لێدوانێک لەسەر ئەم رووداوە بدەین، چونکە کەیسەکە لەلایەن پۆلیسەوە لێکۆڵینەوەی لەسەر دەکرێت."
هەروەها رۆژنامەی ئەکسپرێسنی سویدی لەسەر زاری هاوڕێیەکی سەلوان مۆمیکا، کوژرانی سەلوانی پشتڕاستکردووەتەوە. سەلوان نەجم، هاوڕێی مۆمیکا بە ئەکسپرێسنی راگەیاند: "پۆلیس شەوی رابردوو هاتە لام و پێیڕاگەیاندم، کە مۆمیکا کوژراوە".
نادیا نۆرتن، گوتەبێژی پۆلیسی سوێد رایگەیاند "ئەو زانیارییە گەیشتووەتە دەستمان و لێکۆڵینەوەی لەسەر دەکەین".
مۆمیکا ساڵی 2018 چووەتە سوید و ساڵی 2021 مۆڵەتی مانەوەی سێ ساڵەی پێدرا. هاوینی 2023 کۆپییەکی قورئانی پیرۆزی سووتاند، ئەمەش کاردانەوەی تووندی موسڵمانانی جیهانی لێکەوتەوە و کارەکەیان سەرکۆنە کرد.
بڕیار بوو کاژێر 11ی بەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە دادگای ستۆکهۆڵم بڕیار لەسەر دۆسیەی هاندان دژی گرووپێکی ئایینی بدات، کە دژی مۆمیکا و هاوڕێکەی سەلوان نەجم تۆمار کرابوو.
دادگای ستۆکهۆڵم لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند: "دوای پشتڕاستکردنەوەی مردنی یەکێک لە تۆمەتبارەکان، پێویستە حوکمەکە بگونجێندرێت لەبەر ئەوەی ناکرێت کەسێکی مردوو حوکم بدرێت".
سەلوان نەجم بە ئەکسپرێسنی راگەیاند، پۆلیس شەوی پێنجشەممە لێکۆڵینەوەیەکی کورتی لەگەڵ کردووە و پرسیاری لێکردووە، کە دوایین جار کەی مۆمیکای بینیوە.
نەجم گوتی: "دوایین جار لە کاتی دادگاییکردنەکەدا یەکدیمان بینی و گاڵتەمان بە یەکدی دەکرد. کاتێک تەواو بووین پێمگوت، رەنگە زیندانی تاهەتایی بدرێین و پێکەوە پێکەنین".
سەلوان مۆمیکا لە پاییزی 2023 مۆڵەتی مانەوەی کاتی هەڵوەشێنرایەوە و هەوڵیدا لە نەرویج داوای پەنابەری بکات، بەڵام دواتر گەڕایەوە سوید و ساڵی رابردوو مۆڵەتی مانەوەی ساڵێکی پێدرایەوە.
فەرمانگەی کۆچی سوید رایگەیاند، ئەگەر بگەڕێتەوە عێراق مەترسیی ئەشکەنجەدانی لەسەرە.
لە شاری کوفەی عێراق، خەڵاتێک بە بڕی دوو ملیۆن دۆلار و قورئانێکی زێڕین بە کێشی دوو کیلۆ بۆ کوشتنی سەلوان مۆمیکا دانرابوو. حکومەتی عێراقیش داوای رادەستکردنەوەی کردبوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ