رووداو دیجیتاڵ
هێلیکۆپتەرێکی سەربازی لەنزیک واشنتن دی سی پایتەخت خۆی بە فڕۆکەیەکی هێڵی ئاسمانی ئەمریکادا کێشا، سەرۆکی ئەمریکا گومانی لە رووداوەکە هەیە و دەڵێت، دەکرا رێگری لە رووداوەکە بکرێت، تیمی فریاگوزاریی رایانگەیاند تاوەکو ئێستا 18 تەرمیان لە نێو رووباری پەتۆمەک دەرهێناوە.
کاژێر 09:00ـی شەوی چوارشەممە بەکاتی واشنتن، هێلیکۆپتەرێکی سەربازیی خۆی بە فرۆکەیەکی مەدەنیدا کێشا و هەردووکیان کەوتوونەتە نێو رووباری پەتۆمەک لە نزیک فڕۆکەخانەی نێوخۆیی رۆناڵد رەیگن کە نزیکەی 10 کیلۆمەتر لە واشنتنی پایتەختەوە دوورە. بەرپرسانی فڕۆکەخانەکەش رایانگەیاند تاوەکو رۆژی هەینی، سەرجەم گەشتەکانی فرۆکەخانەکە راگیراون و لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەکەن.
بەرپرسانی تیمی فریاگوزاری کە سەرقاڵی گەڕانن بەدوای کەسە زیندووەکەدان، رایانگەیاند تاوەکو ئێستا 18 تەرمیان لەنێو رووباری پەتۆمەک دەرهێناوە و هیچ کەسێکیش بە زیندوویی نەدۆزراوەتەوە.
لەنێو فرۆکە سڤیلەکە، 60 سەرنشین و چوار ستافی فرۆکەوانیی فرۆکەکە هەبوون. هێلیکۆپتەرەکەش سێ سەربازی تێدا بووە.
هێلیکۆپتەرەکە یەکێکە لە پێشکەوتووترین هێلیکۆپتەرەکانی سوپای ئەمریکایە و بە "بازی رەش" ناسراوە. بەرپرسانی سەربازی ئەمریکی رایانگەیاندووە، هێلیکۆپتەرەکە تایبەت بووە بە مەشقی سەربازیی.
فرۆکەکە لەشاری ویچیتا لە ویلایەتی کانساس بەرەو واشنتن رۆیشتووە کاتێک لە ئاسماندا لەگەڵ هێلیکۆپتەرە سەربازییەکە خۆیان بەیەکدا کێشاوە. تیمەکانی فریاگوزاری دەڵێن تاوەکو ئێستا هیچ کەسێک بە زیندوویی نەدۆزراونەتەوە و فرۆکەکەش پارچەپارچە بووە و کەوتووەتە رووباری پەتۆمەک.
ڤیدیۆی رووداوەکە بڵاوکراوەتەوە و بەگوێرەی ڤیدیۆکە، فڕۆکەکە بە ئاراستەی ئاسایی خۆی دەڕوات.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی خۆی تروس، لەبارەی رووداوەکە پەیامێکی بڵاوکردووەتەوە و رایگەیاندووە، "فرۆکەکە بەئاراستەی تەواوی خۆی رۆیشتووە بەرەو فرۆکەخانەکە. هێلیکۆپتەرەکە بۆ ماوەیەکی درێژە راستەوخۆ بەرەو فرۆکەکە دەچێت. شەوێکی روون بووە و گڵۆپی فرۆکەکەش کاری کردووە. بۆچی هێلیکۆپتەرەکە ئاراستەی خۆی نەگۆڕیووە یان پێچ بکاتەوە. بۆچی تاوەری چاودێری هێلیکۆپتەرەکەیان ئاگادار نەکردووەتەوە لەجیاتی ئەوەی لێی بپرسن ئایا فرۆکەکە دەبینن. ئەمە دۆخێکی خراپە و دەکرا رێگری لێبکرێت. باش نییە."
مۆرێڵ بۆرۆس، سەرۆکی شارەوانیی واشنتن دی سی هەروەها رایگەیاند، ئەوان بەردەوامن لە هەوڵەکانیان بۆ لێکۆڵینەوە و هاوکاریکردنی تیمەکانی فریاگوزاری و پەیوەندیشیان بە کەسوکاری ئەوانە کردووە کە تاوەکو ئێستا تەرمەکانیان دۆزراونەتەوە، بەڵام ئێستا هیچ ئامارێکی فەرمی قوربانییان لەبەردەست نییە.
لەلایەکی دیکەوە، شۆن دەفی، وەزیری گواستنەوەی ئەمریکا لە فرۆکەخانەی رۆناڵد رەیگنەوە، بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند، ئەوان سەرجەم هاوکارییە فیدراڵییەکان بۆ تیمە فریاگوزاریەکان و پۆلیسی واشنتن دابین دەکەن بۆ لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ