بایدن: بڕیارمانداوە چۆن وەڵامی هێرشەکە بدەینەوە
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت، بڕیاری لە شێوازی وەڵامدانەوەی هێرشی سەر سەربازەکانیان لە ئوردن داوە کە بەهۆیەوە سێ سەرباز کوژران و دەیانی دیکەش برینداربوون. جەختیش دەکاتەوە ئێران بەرپرسیاری هێرشەکەیە.
رۆژی سێشەممە، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەڤانان لە کۆشکی سپی رایگەیاند، لەگەڵ تیمی ئاسایشی نیشتمانیی وڵاتەکەی بڕیاریانداوە چۆن وەڵامی ئەو هێرشە بدەنەوە کە کرایە سەر بنکەی تاوەر 22ی ئوردن.
سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، "پێم وا نییە ئێمە جەنگێکی فراوانترمان لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بوێت. ئەوە شتێک نییە ئێمە خوازیاری بین."
کاتێک لەلایەن رۆژنامەڤانانەوە پرسیاری لێکرا کە ئایا بڕیاریان داوە چۆن وەڵامی هێرشەکە بدەنەوە، بایدن گوتی، "بەڵێ."
لە وەڵامی ئەو پرسیارەی کە ئایا ئەو ئێران وەک بەرپرسیاری ئەو هێرشە دەبینێت؟ سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، "بەڵێ، من ئەوان بە بەرپرسیار دەبینم لەو بوارەی ئەوان چەک بۆ ئەو کەسانە دابین دەکەن کە ئەو کارەیان کردووە."
لەدوای هێرشەکەی رۆژی یەکشەممەی سەر هێزەکانی ئەمریکا لە ئوردن کە جگە لە کوشتنی سێ سەربازی ئەمریکی، زیاتر لە 40ی دیکەش برینداربوون، بایدن رووبەڕووی گوشارێکی زۆر بووەتەوە، بەتایبەتی لەلایەن ژمارەیەک ئەندامی کۆنگرێسی ئەمریکاوە کە داوایان کردووە لە بەرامبەر بەو هێرشانەدا ئەمجارە ئەمریکا راستەوخۆ هێرش بکاتە سەر ئێران.
ئەو هێرشە بە کوشندەترین هێرشی سەر هێزەکانی ئەمریکا لە سێ مانگی رابردوودا دادەنرێت.
بەگوێرەی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا - پێنتاگۆن، لە 17ی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردووەوە 165 جار هێرشکراوەتە سەر هێزەکانی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان، رۆژئاوای کوردستان عێراق و سووریا کە گرووپەکانی نزیک لە ئێران کە خۆیان بە موقاوەمەی ئیسلامی دەناسێنن بەرپرسیارێتی خۆیان لە زۆربەی هێرشەکان راگەیاندووە.
دوا بە دوای هێرشەکەی بەرەبەیانی رۆژی یەکشەممە، 28ی کانوونی دووەمی 2024، بایدن ئەو گرووپانەی بە بەرپرسیار لە قەڵەمدا و رایگەیاند، بەگوێرەی کات و بڕیاری خۆیان وەڵامی هێرشەکە دەدەنەوە.