لێدوانێکی گوتەبێژی کۆشکی سپی لەبارەی سەربازە کوژراوەکان کاردانەوەی لێدەکەێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی کۆشکی سپی لە بەشێک لە میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان رەخنەباران دەکرێت، دوای ئەوەی لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ کەناڵێکی ئەمریکی رایگەیاند، ئەو سەربازە ئەمریکیانەی لە هێرشە درۆنییەکە لە ئوردن کوژران، لەپێناو ئیدارەی بایدن شەڕیان کردووە.
کارین ژان پیێر، گوتەبێژی کۆشکی سپی لە هەڤپەیڤینێکی لەگەڵ کەناڵی msnbcـی ئەمریکی لەبارەی هێرشەکەی رۆژی یەکشەممەی سەر بنکە سەربازییەکەی ئەمریکا لە ئوردن سەرەخۆشی لە کەسوکاری ئەو سێ سەربازە ئەمریکییە کرد کە لە هێرشەکەدا کوژران و گوتی، "سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی خێزانی ئەو سێ سەربازە دەکەن. ئەوان گیانیان لە شەڕکردن بۆ ئیدارەکە سپارد".
گوتەبێژەکەی کۆشکی سپی گوتیشی، "سێ سەربازی پاڵەوانمان لەدەستدا کە هەمیشە شەڕیان لەپێناو ئەم ئیدارەیە کردووە و لەپێناو گەلی ئەمریکا شەڕیان کردووە".
دوای ئەو هەڤپەیڤینە، ئەمریکییەکان لە بەشێک لە میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە گوتەبێژی کۆشکی سپییان رەخنەباران کرد، بەتایبەت لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس.
کۆری میڵز، ئەندامی کۆنگرێسی ئەمریکا یەکێک بوو لەوانەی رەخنەی تووندی گرت و گوتی، "ئەو سەربازانە بە شانازییەوە خزمەتی هاووڵاتیان و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکایان کرد. ئێمە سوێند دەخۆین بۆ پاڵپشتیکردن و پارێزگاریکردن دەستوورەکەمان دژی دووژمن، ئیدی ئەگەر دەرەکی بێت یان نێوخۆیی. جێگەی نیگەرانییە گوتەبێژەکەی کۆشکی سپی نازانێت رێز لە پاڵەوانە کوژراوەکانمان بگرێت".
بەشێکی بەرچاوی ئەمریکییەکان بۆ پیێریان نووسی، "سەربازانمان لەپێناو وڵاتەکە گیانیان بەخشی، نەوەک لەپێناو ئیدارەکەت، کارین".
بەرەبەیانی رۆژی یەکشەممە، 21ی کانوونی دووەمی 2024، لە رێگەی درۆنێکەوە بنکەی تاوەر 22 لەباکووری رۆژهەڵاتی ئوردن کرایە ئامانج کە نزیکەی 350 سەربازی ئەمریکی تێدا جێگیرن و جگە لە کوژرانی سێ سەرباز، زیاتر لە 40 سەربازی دیکە بریندار بوون.
ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەرپرسیارێتی ئەنجامدانی هێرشەکە دەخاتە ئەستۆی هێزە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران و بەڵێنیداوە کاردانەوەی هەبێت.