ئێران بۆ ئەنجوومەنی ئاسایش: ئێمە لە پشت هێرشەکەی ئوردنەوە نین

رووداو دیجیتاڵ 

لە نامەیەکدا بۆ ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئێران رەتیدەکاتەوە دەستی لە هێرشەکەی رۆژی یەکشەممەی سەر هێزەکانی ئەمریکا لە ئوردن هەبووبێت، کە بووە هۆی کوژرانی سێ سەرباز و برینداربوونی لانیکەم 40ی دیکە. 
 
ئەمیر سەعید ئیرەوانی، نوێنەری هەمیشەیی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان، نامەیەکی داوەتە سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاساییشی رێکخراوەکە، کە تێیدا تۆمەتەکانی ئەمریکا بەوەی ئێران لە پشت هێرشی گرووپە چەکدارەکانەوەیە، رەتدەکاتەوە و بە "بێ بنەما" دایاندەنێت. 
 
ئەو نامەیە لە وەڵامی نامەیەکی ئەمریکا دێت، کە تێیدا ئێرانی بەشێوەیەکی راستەوخۆ تۆمەتبار کردبوو بەوەی پشتیوانی لە هێرشی گرووپە چەکدارەکان دەکات بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست. 
 
دیپلۆماتە ئێرانییەکە هەروەها ئاماژەی بە نامەکانی پێشووی کردووە کە لە 4ی کانوونی یەکەم و 2ی کانوونی دووەم بۆ نەتەوە یەکگرتووەکانی ناردبوون و تێیاندا باسی لەوە کردبوو کە گرووپە چەکدارەکان لە عێراق و سووریا و شوێنەکانی دیکە "لە ژێر کۆنترۆڵی راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆی ئێراندا نین و تاران بەرپرس نییە لە کارەکانیان."
 
هێرشە درۆنییەکە بەرەبەیانی رۆژی یەکشەممە، لە بنکەیەکی باکووری رۆژهەڵاتی ئوردن، لە نزیک سێگۆشەی سنووریی ئەو وڵاتە لەگەڵ عێراق و سووریا، بووە هۆی کوژرانی 3 سەرباز و برینداربوونی 40ی دیکە. 
 
رۆژی دووشەممە، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا، لە وەڵامی پرسیارێکی دیار کوردە، بەڕێوەبەری نووسینگەی رووداو لە واشنتن، سابرینا سینگ، جێگری گوتەبێژی پێنتاگۆن گوتی: "وەڵاممان دەبێت، بەڵام لەو کاتەدا، کە هەستبکەین پێویستە وەڵاممان هەبێت."
 
هەروەها جۆن کێربی، گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئاساییشی کۆشکی سپی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیی جیادا، جەختیکردەوە کە "وەڵامی یەکلاکەرەوەیان" بۆ هێرشەکە دەبێت. 
 
هێرشەکە هەڵچوونێکی گەورەی گرژییەکان بوو لە نێوان ئەمریکا و ئەو گرووپە چەکدارانەی، کە لە لایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێن، بەو پێیەی کە یەکەمین هێرش بوو لە دوای جەنگی غەززەوە کوژرانی سەربازی ئەمریکای لێ بکەوێتەوە، کە ئەوەش مەترسیی بەرفراوانبوونی ململانێکەی زیاتر کرد. 
 
کێربی گوتی: "ئێمە بە دوای جەنگەوە نین لەگەڵ ئێران،" بەڵام جەختیکردەوە کە هێرشەکە "گرژییەکانی زیادکرد،" و گوتیشی: "بە هەڵەدا مەڕۆن، پێویستی بە وەڵامدانەوەیە."
 
ئەم قسانەی کێربی دوای ئەوە هاتن کە جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا لەگەڵ تیمی ئاساییشی نیشتمانیی وڵاتەکەیدا کۆبووەوە، لە نێویاندا لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگری و جەیک سوڵیڤان، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی. 
 
ئێران تۆمەتەکانی ئەمریکای رەتکردەوە بەوەی لە پشت ئەو هێرشەوە بووبێت کە بنکەی تاوەر 22ی بەئامانجکرد. 
 
رۆژی دووشەممە، میدیای ئەمریکا لە زاری بەرپرسێکی ناونەهێنراوەوە ئاماژەی بەوە کرد، هۆکاری ئەوەی کە بنکەکە نەیتوانیوە بەرپەرچی هێرشەکە بداتەوە، ئەوە بووە کە سەربازەکان سەریان لێ شێوابوو و نەیانزانیبوو ئایا ئەوە درۆنێکی ئەمریکییە دەگەڕێتەوە بنکەکە یان درۆنێکی دووژمنە. 
 
دەقی نامە نوێیەکەی نوێنەری هەمیشەیی ئێران بۆ ئەنجوومەنی ئاساییش:
 
بەڕێزان،
 
من ئەم نامەیە دەنووسم بۆ ئەوەی وەڵامی نامەی ژمارە (S/2024/101)ی 26ی کانوونی دووەمی 2024ی نوێنەری هەمیشەیی ئەمریکا بدەمەوە کە بۆ نەتەوە یەکگرتووەکانی ناردبوو. ئەو نامەیە هەندێ ئاماژەی ناڕەوای تێدایە، کە بانگەشەی ئەوە دەکەن گرووپە چەکداری پەیوەندیدار بەهێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە لە هەنگاوەکانی دژی هێز و دامەزراوەکانی ئەمریکا لە عێراق و سووریا تێوەگلاون.
 
کۆماری ئیسلامیی ئێران بە تووندی ئەم تۆمەتە بێ بنەمایانە رەتدەکاتەوە. وەک پێشتر لە نامەکانماندا جەختمان لەسەری کردەوە، لەوانەش نامەکانی 4ی کانوونی دووەمی 2023 و 2ی کانوونی دووەمی 2024، هیچ گرووپێک سەر بە هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران نییە، چ لە عێراق، سووریا، یان شوێنێکی دیکە بێت، کە راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ لەژێر کۆنترۆڵی کۆماری ئیسلامی ئێراندا بێت یان بە ناوی ئەوە کاربکات. بۆیە کۆماری ئیسلامیی ئێران بەرپرسیار نییە لە کارەکانی هیچ تاک و گرووپێک لە ناوچەکە.
 
جگە لەوەش، ئەو کارانەی ئەمریکا لە سووریا و عێراق دەیانکات نایاسایین؛ یاسا نێودەوڵەتییەکان و پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکانیش پێشێل دەکەن، بەتایبەتی مادەی 2(4)ی پەیماننامەکە. بۆیە، ئەو ئاگادارییەی ئەمریکا کە لە نامەی پێشوویدا بەپێی ماددەی 51ی پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان پێشکەشی ئەنجومەنی ئاسایشی کردووە، بنەمایەکی یاسایی نییە و ناتوانێت رەوایەتی بەو جۆرە کارانەی خۆی بدات.
 
سوپاسگوزار دەبم ئەگەر ئەم نامەیەی ئێستا وەک بەڵگەنامەیەکی ئەنجوومەنی ئاسایش بڵاوبکرێتەوە.