لە تەقینەوەیەکی خۆکوژیدا لەنێو مزگەوتێكی پاکستان دەیان کەس کوژران

30-01-2023
لهۆن نەسرەدین
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بەهۆی تەقینەوەیەکی خۆکوژییەوە لە مزگەوتێکی شاری پیشاوەری پاکستان لانیکەم 30 کەس کوژران و 150 کەسی دیکەش بریندار بوون.
 
رۆژی دووشەممە 30-01-2023، لە مزگەوتێک کە لەنێو بارەگای سەرەکیی پۆلیسی شاری پیشاوەر دروستکراوە، تەقینەوەیەکی خۆکوژی روویدا و دەیان قوربانیی لێکەوتەوە. پۆلیسی شارەکە دەڵێت، تاوەکو ئێستا لانیکەم 30 کەس کوژراون و 150 کەسی دیکەش بریندار بوون، کە برینی بەشێکیان سەختە.
 
تەقینەوەکە لە کاتی نوێژی نیوەڕۆدا روویداوە و لەبەر ئەوەی مزگەوتەکە لەنێو بارەگای سەرەکیی پۆلیسدایە، زۆربەی قوربانییەکان لە هێزەکانی پۆلیسن.
 
بزووتنەوەی تاڵیبان لە پاکستان لە تویتەر بەرپرسیارێتیی خۆی لە تەقینەوەکە راگەیاندووە، بەڵام پۆلیسی پیشاوەر تاوەکو ئێستا لەوبارەیەوە هیچ  لێدوانێكی نەداوە؛ هەرچەندە پێشتر سادیق خان، بەرپرسی یەکەی پۆلیسی خێرای پیشاوەر بە دووری نەزانی تاڵیبانی پاکستان ئەنجامدەری تەقینەوەکە بێت و شێوازی تەقینەوەی بزووتنەوەکەی لە چەند ساڵی رابردوودا وەکو بەڵگە لەسەر قسەکانی هێنایەوە.
 
ئیعجاز خان، سەرۆکی پۆلیسی پیشاوەر رایگەیاند، "ئەنجامدەری تەقینەوەکە بەبێ ئاگاداریی هیچ کەسێک چووەتە نێو مزگەوتەکەوە لە کاتێکدا زیاتر لە 260 ئەفسەر لە ناوەوەی مزگەوتەکەدا بوون." گوتیشی، "تاوەکو ئێستا نازانین ئەنجامدەری تەقینەوەکە چۆن توانیویەتی بچێتە مزگەوتەکەوە، لە کاتێكدا مزگەوتەکە لەنێو بارەگای پۆلیسە و بە کامێرا و ئامێری پشکنین و هێزەکانی پۆلیس، پاسەوانی کراوە."
 
 
مزگەوتی نێو بارەگای پۆلیسی پیشاوەر لە دوو باڵەخانە پێکهاتووە و تەقینەوەکە بووە هۆی رووخانی بەشێک لە باڵەخانەیەکی مزگەوتەکە و ژمارەیەکی زۆری ئەفسەرانی پۆلیس لەژێر داروپەردووی باڵەخانە رووخاوەکەدا کەوتوون و گیانیان لەدەستداوە.
 
زانیارییە سەرەتاییەکانی پۆلیسی پیشاوەر ئاماژە بەوە دەکەن، تەقینەوەکە بە پشتێنەی بۆمبڕێژکراو بووە و ئەنجامدەری تەقینەوەکە لە ریزی پێشەوەی نوێژدا وەستاوە.
 
پیشاوەر بە 2.3 ملیۆن کەس لە دانیشتووانەکەی شەشەمین قەرەباڵخترینی شارەکانی پاکستانە و دەکەوێتە رۆژئاوای وڵات بە دووریی کەمتر لە 27 کیلۆمەتر لە سنووری رۆژهەڵاتی ئەفغانستان.
 
لە 4ی ئاداری ساڵی 2022، کەسێك بە پشتێنەی بۆمبڕێژکراو خۆی بە دەیان نوێژخوێن لە کاتی نوێژی هەینی تەقاندەوە و بەهۆیەوە زیاتر لە 30 کەس کوژران و سەرووی 60 کەسی دیکەش بریندار بوون.
 
لە 30-11-2022 لە شاری کۆیتای رۆژئاوای پاکستان، کەسێك خۆی بە هێزێکی ئەمنیدا تەقاندەوە و بەهۆیەوە پۆلیسێک و دایک و منداڵێک کوژران و لانیکەم 23 کەسیش بریندار بوون.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

باڵەخانەی فایسێرڤ لە شاری میلواوکی ویلایەتی ویسکۆنسن

کۆنگرەی کۆمارییەکان دەکرێت و ترەمپ بەربژێری سەرۆکایەتیی ئەمریکایە

ئەمڕۆ کۆنگرەی کۆمارییەکان بۆ دیاریکردنی بەربژێرەکەیان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا دەستپێدەکات. لە دوا رۆژی کۆنگرەکە کە دەکاتە پێنجشەممە ترەمپ وەکو بەربژێری ئەو پارتە دەستنیشان دەکرێت. دوای رووداوی تەقەکردن لە ترەمپ، زۆرترین چاوەکان لەسەر لایەنی ئەمنیی کۆنگرەکەن.