جیابوونەی بەریتانیا لە یەکێتیی ئەوروپا و ترسی سکۆتلەندییەکان لە لێکەوتەکانی

 
رووداو - لەندەن

بەریتانیا یەکێتیی ئەوروپا جێدەهێڵێت، سکۆتلەندییەکانیش لە لێکەوتەکانی ئەو جێهێشتنە دەترسن و داوای یان مانەوە لەیەکێتیەکە یان سکۆتلەندایەکی سەربەخۆ دەکەن.
 
گاردن ریبەر، هاووڵاتییەکی سکۆتلەندیی دانیشتووی لەندەنە و دەڵێت، "10 ساڵە لە لەندەن کاردەکەم. برێکزیت هۆکارە بۆ ئەوەی پرسی ریفراندۆمی سەربەخۆیی سکۆتلەندا بورووژێت. سکۆتلەندا دابەشبووە بەسەر ئەوەی پشتیوانی لە سەربەخۆیی دەکەی یان نا.  ئەوە لێکەوتەی خراپی هەیە و ئێستا زۆربەی سکۆتلەندییەکان دەیانەوەێت لە یەکێتیی ئەوروپا بمێننەوە".
 
پارتی دەسەڵاتدار هەر زوو بە فەرمی وەڵامی یەکەم وەزیری سکۆتلەندای دایەوە کە تەنیا یەک جار گشتپرسی بۆ نەوەیەک دەکرێت. 
 
لی ئەندێرسۆن، پەرلەمانتاری پارتی دەسەڵاتدار لە پەرلەمانی بەریتانیا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "سکۆتلەندا بەشێکە لە بەریتانیا و نابێت ئەوە لەبیربکرێت. باشترە پێکەوە بین. بۆ باشترکردنی هەلی کار لە سکۆتلەندا پێکەوەبوونمان گرنگە. برێکزیت کاریگەریی ئەرێنیی بۆ هەموو بەریتانیا و وێڵز، سکۆتلەند و باکووری ئێرلەنداش دەبێت".
 
پەرلەمانتار و لۆردەکانی سەر بە پارتە ئۆپۆزیسیۆنەکانیش هەریەکەیان بە جۆرێک وێنای داهاتووی وڵاتەکەیان دەکەن و بەهۆی برێکزیتەوە ترسیان لە دابەشبوونی زیاتری وڵاتەکەیانە.
 
لۆرد جێرمان، ئەندامی پارتی لیبراڵ دیموکرات ئاماژە بەوە دەکات، "پێموایە فشارەکانی سکۆتلەندا بۆ گشتپرسیی سەربەخۆیی زیاتر دەبن. من لە 
وێڵزەوە هاتووم. لەوێش چالاکییەکان دەستیان پێکردووە، بەڵام زۆر بەهێز نین. ئەگەر بەریتانیا جیاببێتەوە، ئەوە سکۆتلەندا لە بەریتانیا جیادەبێتەوە و هەروەها باکووری ئێرلەندایش".
 
لۆرد ویتی، ئەندامی پارتی کار باس لەوە دەکات، "پێموایە برێکزیت کاریگەریی خراپی بۆ سەر حکومەتەکەی سکۆتلەندا دەبێت وهەمان لێکەوتەی خراپی بۆ سەرتاسەری وڵات  دەبێت".
 
حکومەتەکەی ئیدنبرا نایەوێت دەستی لە یەکێتیی ئەوروپا ببێتەوە. لە پێنج ساڵی رابردوودا یەکێتیی ئەوروپا بۆ گەشەسەندنی ژێرخانی ئابوریی سکۆتلەندا 379 ملیۆن پاوەندی بۆ 188 پرۆژەی جۆراوجۆر بەخشیە سکۆتلەندا.