رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئازەربایجان رایدەگەیێنێت، ئەو فڕۆکە نەفەرهەڵگرەی وڵاتەکەی کە هەفتەی رابردوو تێکشکا، لەلایەن رووسیاوە خراوەتە خوارەوە؛ داواش لە رووسیا دەکات "دانیپێدا بنێت".
کۆتاییەکانی هەفتەی رابردوو، فڕۆکە نەفەرهەڵگرەکەی ئازەربایجان بە 67 سەرنشینەوە تێکشکا و بەهۆیەوە 38 کەس گیانیان لەدەستدا. ئیلهام عەلیێڤ، سەرۆکی ئازەربایجان ئەمڕۆ یەکشەممە رایگەیاند، فڕۆکەکە لەلایەن رووسیاوە خراوەتە خوارەوە.
عەلیێڤ هەروەها گوتی، "هەندێک لایەن" لە رووسیا دەیانویست بە گێڕانەوەی "نا راست" راستییەکە بشارنەوە.
رۆژی شەممە کۆشکی سەرۆکایەتیی رووسیا - کرێملن رایگەیاند، ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا و ئیلهام عەلیێڤ، سەرۆکی ئازەربایجان لەبارەی رووداوی تێکشکانی فڕۆکەکەوە پەیوەندییەکی تەلەفۆنییان ئەنجامداوە.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، پووتین بە عەلیێڤی گوتووە، "فڕۆکەکە چەند جارێک هەوڵیدا لە گرۆزنی بنیشێتەوە، بەڵام لەو کاتەدا شارۆچکەکە و شارۆچکەکانی مۆزدۆک و ڤلادیکاڤکاز لەژێر هێرشی درۆنەکانی ئۆکراینا دا بوون، سیستمی بەرگریی رووسیاش وەڵامی هێرشەکانی دەدایەوە".
کۆشکی سەرۆکایەتیی رووسیا هەروەها ئاماژەی بەوە داوە، "ڤلادیمیر پووتین داوای لێبووردنی لەسەر ئەو رووداوە کرد، هاوخەمیی خۆی بۆ کەسوکاری مردووان پێشاندا و هیوای چاکبوونەوەی خێرای بۆ بریندارەکان خواست."
رۆژی 25-12-20224، فڕۆکەیەکی نەفەرهەڵگری ئازەربایجان، نزیک شاری ئاکتاوی کازاخستان بە 67 سەرنشینەوە کەوتەخوارەوە، رووداوەکە بووە هۆی گیانلەدەستدانی 38 کەس.
حکومەتی کازاخستان رایگەیاند، فڕۆکەکە لە شاری باکووی پایتەختی ئازەربایجانەوە بۆ شاری گرۆزنیی رووسیا دەچوو.
وەزارەتی گواستنەوەی کازاخستان لەبارەی ناسنامەی ئەوانەی لە فڕۆکەکەدا بوون، رایگەیاند 37ـیان خەڵکی ئازەربایجان بوون، شەشیان خەڵکی کازاخستان، سێیان خەڵکی کیرگیزستان و 16ـیان خەڵکی رووسیا بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ