هەڵاتنی سەربازان لەنێو سوپای ئۆکراینا زیادبووە


رووداو دیجیتاڵ 

ئۆلیکساندەر بێزارە لە راهێنان بە سەربازانی نوێی ئۆکراینا، چونکە پێی وایە ماوەیەکی کەمی دیکە، زۆربەیان بەرەی شەڕ جێدەهێڵن. لە ماوەکانی رابردوودا، وردە وردە هەڵاتن لەنێو سوپادا زیاتر بووە. 
 
ئۆلیکساندەر، ئەفسەرە لە سوپای ئۆکراینا، دەڵێت: "راستگۆ بم لەگەڵتان، قورسە ئەم هەموو گەنجە ببینیت بەو سادەییە لە بەرەکانی شەڕدا دەکوژرێن. سەربازانیش لێیان ناگرم کە وازدەهێنن، چونکە شەڕی نێو فیلمە سینەماییەکان زۆر جیاوازترە لە راستی."
 
بە گوێرەی حکومەتی ئۆکراینا، لە شوباتی 2022وە تاوەکو سەرەتای ئەم مانگە 43 هەزار سەربازی ئۆکراینی کوژراون، 370 هەزاریش بریندار بوون.
 
ئێستا سوپای ئۆکراینا لە 3.7 ملیۆن کەس کە تەمەنی شیاوی سەربازییان هەیە، پێویستی بە بەسەربازکردنی لانیکەم 500 هەزار سەربازی نوێ هەیە.
 
دوای زیاتر لە 34 مانگ شەڕکردن و پاشەکشەی بەردەوام، کارێكی قورسە بۆ سەربازە گەنجەکان تاوەکو ورەی بەردەوامیان بەرزبێت. 
 
ئۆلێکسی، سەربازی ئۆکراینایە. ئەو دەڵێت، "زۆر جار روویداوە سەربازێک لەگەڵ ژن و منداڵەکەی 10 بۆ 15 رۆژێک پشووی وەرگرتووە و چوونەتە گەشتوگەڕان، لەوێ بیری کردووەتەوە و گوتوویەتی ناگەڕێمەوە. کەسانێکیش کە ئەو دەبینن ئیدی تاقەتی ناونووسینی نێو سوپایان نامێنێت، بە گشتی هەڵاتن و وازهێنان تاڕادەیەکی زۆر لەنێو سوپادا بڵاوبووەتەوە".
 
رۆکێتی فڕۆکە، مووشەک، راجیمە، درۆن، گوللـە تۆپ و هاوەن، شەش چەکی رووسین بەردەوام بەسەر بەرەکانی شەڕدا دەبارێندرێن، بەهۆیەوە بەشێكی زۆری سەربازە گەنجەکان، هەڵدێن.
 
ئەوانەشی کە خاوەن ئەزموون و بوێرییان هەیە دەزانن کە ئۆکراینا توانا و توانستی سەربازی زلهێزێكی ئەتۆمی وەک رووسیای نییە.