رووداو دیجیتاڵ
لە گۆڕەپانی تایمزی ویلایەتی نیویۆرکی ئەمریکا، ئامادەکارییەکانی سەری ساڵ بەشێوەیەکی فراوان بەڕێوەدەچن، لە لایەک شوێنی کۆنسێرتەکان ئامادە دەکرێت و لە لایەکی دیکەش، گۆڕەپانەکە دەڕازێندرێتەوە.
لە شاری نیویۆرک، ئاهەنگی گەورە لە گۆڕەپانی تایمز بەڕێوەدەچێت، بۆیە دەبێت هەموو شتێک بەباشی ئامادە بێت.
زیاتر لە 100 ساڵە ئاهەنگی سەری ساڵ لە گۆڕەپانەکە سازدەکرێت و خەڵکی لە شار و وڵاتانی دیکەش رووی تێدەکەن.
ساڵانە خەڵک ئاوات بۆ ساڵی نوێ دەخوازن، بۆیە لە مەیدانەکە شوێنێک تایبەت کراوە بۆ ئەوەی سەردانیکەران ئاواتەکانی خۆیانی لەسەر بنووسن.
تۆڕی میدیایی رووداو لە خەڵکی ئەوێی پرسی لەبارەی پلان و ئاواتەکانیان بۆ ساڵی نوێ.
نیکی تورپین، دانیشتوویەکی شاری برۆکیلنە و دەڵێت، "ئاواتم بۆ ساڵی نوێ ئەوەیە پارەی زیاتر بەدەستبهێنم، بەبێ ئەوەی زیاتر خۆم ماندوو بکەم. هەروەها حەز دەکەم هەمیشە دڵخۆش بم."
نیکی تورپین لەبارەی ئەوەی لە سەری ساڵ سەردانی گۆڕەپانەکە دەکات ئاماژە بەوە دەکات، "نەخێر لە ماڵەوە لەسەر قەنەفەکەم دادەنیشم و بە خواردنی چینی و خواردنەوەی شامپانیا ساڵی نوێ پیرۆز دەکەم."
ئێرنێستۆ بارۆسا و ئەلێکس مۆدیکا لە ویلایەتی کۆنێکتیکەت، بەیەکەوە هاتوونەتە نیویۆڕک، بارۆسا لەبارەی ساڵی نوی باس لەوە دەکات، "ئاواتی من بۆ ساڵی نوێ ئەوەیە بەردەوام وەرزش بکەم."
ئەلێکس مۆدیکاش دەڵێت، "حەز دەکەم زیاتر وەرزش بکەم و ببمە خاوەن جەستەیەکی بەهێزتر بۆ وەرزی نوێی بەیس بۆڵ و لەگەڵ کچی زیاتر ژوان ببەستم."
گیفرینیش هاوڵاتییەکی دیکەی هەمان ویلایەتە و لەبارەی ئاواتی بۆ ساڵی نوێ باس لەوە دەکات، "حەز دەکەم لە ساڵی نوێ لە یاری فۆرتنایت باشتر ببم. من لەبارەی ئەو یارییەوە زۆر جیدیم، هیوایەتی سەرەکی منە، دەمەوێ ببمە یاریزانێکی باشتر و بەم رێگەیە پارە قازانج بکەم."
بیاتریچ لوجوانگانا، هاووڵاتییەکی ویلایتی نیویۆرکە لەبارەی هاتنی بۆ گۆڕەپانی تایمز ئاماژە بەوە دەکات، "بەڵی پرسیارێکی زۆر باشە، من دێمە گۆڕەپانی تایمز، لەبەرئەوەی لێرە دەژیم. ئاواتی من بۆ ساڵی نوێ ئەوەیە، من کاری دیزاین دەکەم و ئاواتم ئەوەیە دیزاینەکانم دروستبکرێن و لەگەڵ منداڵەکانم لە وڵاتێکی دیکە بژیم."
هەرچەندە لە زۆربەی شوێنەکان ئاهەنگی سەری ساڵ سازدەکرێت، بەڵام لە نیویۆرک بەشێوەیەکی جیاواز دەکرێت و بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکانیش، زیاتر لە ملیۆنێک کەس بەشداری لە ئاهەنگی سەری ساڵی شارەکە دەکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ