رووداو دیجیتاڵ
پرسیاری ئەوەی کە ئایا دەبێت ڤیزەی کارکردن بە کەسانی خاوەن توانا و لێهاتوو بدرێت، بووەتەهۆی مشتومڕ لەنێوان لایەنگرانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا و بەسەر دوو بەرەی دژبەیەکدا دابەشیکردوون.
کەسانی وەک ئیلۆن مەسک پشتیوانیی پێدانی ڤیزەکە دەکەن و لایەنگرە نەریتییەکانی ترەمپیش کە دژی رۆیشتنی کۆچبەرانن بۆ ئەمریکا، دەڵێن پێویستە ڤیزەکە هەڵبگیرێت و بە کەس نەدرێت.
ترەمپ لەم بابەتەدا پشتیوانی لە قسەی مەسک دەکات.
لە یەکەم لێدوانیدا لەسەر بابەتەکە، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا بە میدیای وڵاتەکەی گوت: "هەمیشە پشتیوانیم لە ڤیزەی (H1-B) کردووە. هەمیشە پشتگیریم لەم ڤیزەیە کردووە،" بۆیە لە کۆمپانیا و دامەزراوەکانی سەر بە ترەمپ هەڵگرانی ڤیزەکە هەن.
مەسک کە خۆی لە بنەڕەتدا پێش ئەوەی وڵاتینامەی ئەمریکا وەربگرێت، خەڵکی ئەفریقای باشوور بوو، سەرسەختانە بەرگری لە مانەوەی ڤیزەکە دەکات و دەڵێت، لەسەر ئەم بابەتە "ئامادەم بچمە جەنگەوە".
ترەمپ خۆی بەردەوام دژایەتیی کۆچبەرانی کردووە، هەر ئەوەش یارمەتیدەرێکی سەرەکیی سەرکەوتنی بوو بەسەر جۆ بایدنی دیموکرات لە هەڵبژاردنی ئەم ساڵدا. ترەمپ بەڵێنیداوە هەموو کۆچبەرە نایاساییەکان دیپۆرت بکاتەوە و وەرگرتنی کۆچبەری ئاساییش سنووردار بکات.
بەڵام مەسک و کەسایەتییە دیارەکانی دیکەی تەکنەلۆجیا دەڵێن، زانکۆکانی ئەمریکا دەرچووی کارامە و لێهاتووی بیانی بەرهەمدێنن و شایەنی ئەوەن ڤیزەی کارکردنیان پێ بدرێت.
مەسک کە بە ڤیزەی کارکردن (H1-B) لە ئەفریقای باشوورەوە کۆچی ئەمریکای کردبوو، لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکسدا ئاماژە بەوە دەکات، راکێشانی ئەندازیارە بەهرەدارە بیانییەکان لە دەرەوە بۆ نێوەوە "گرنگە بۆ بەردەوامبوونی سەرکەوتنی ئەمریکا."
ڤیڤێک رامسوامی، کە کوڕی کۆچبەرێکی خەڵکی هیندستان و وەبەرهێنەرێکی گەورەی بواری دەرمانسازییە لە ئەمریکا، بڕیارە لە یەک لیژنەدا لەگەڵ مەسک لە ئیدارەی ترەمپ کار لەسەر کەمکردنەوەی خەرجی و بیرۆکراسیەتی حکومەت بکەن. ئەویش پێیوایە ئەگەر ئەو ڤیزەیە قەدەخە بکرێت، ئەوا لە بری ئەمریکا، چین سوود لە بەهرەدارە بیانییەکان وەردەگرێت.
ئەم بۆچوونە زۆر لایەنگری ترەمپی توڕە کردووە کە زۆریان، لە پێش مەسک، پشتیوانییان لە ترەمپ کردووە.
لۆرا لوومەر، لایەنگرێکی راستڕۆی تووندڕۆی ترەمپە و لە ماوەی هەڵمەتی هەڵبژاردندا، لە هەموو گەشتێکدا لەنێو فڕۆکە لەگەڵ ترەمپ بووە. ئەو دەڵێت: "چاوەڕێی جیابوونەوەی مسۆگەری نێوان سەرۆک ترەمپ و کەسایەتییە زەبەلاحەکانی بواری تەکنەلۆجیام. پێویستە ترەمپ لەم تاکڕەوانە بپارێزین."
ئەو خانمە و هاوبیرەکانی دەڵێن، پێویستە لەبری پێدانی ڤیزە بە کرێکارە بیانییەکان، ترەمپ گرنگی بە کرێکارانی ئەمریکی بدات و رۆیشتنی کۆچبەران بۆ وڵاتەکەیان سنووردارتر بکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ