رووداو دیجیتاڵ
لە کۆبوونەوەیەکی خێزانی لە بەرازیل سێ کەس بەهۆی خواردنی کێکی بە کرێم گیانیان لەدەستدا و 15 کەسی دیکەش ژەهراویبوون. پۆلیسی بەرازیل لێکۆڵینەوە لە هۆکارەکەی دەکات.
لە شارۆچکەی تۆرێس لە باشووری بەرازیل، لە 23-12-2024 ئەندامانی خێزانێک لە ماڵێک کۆدەبنەوە و بەهۆی کریسمسەوە ئاهەنگ دەگێڕن و کێک دەخۆن. دوای خواردنی کێکەکە، کە لە ماڵەوە دروستکراوە، سێ ژن گیان لەدەست دەدەن و ئەوانی دیکەش رەوانەی نەخۆشخانە دەکرێن.
ئەو ژنەی کێکەکەی دروستکردووە لەگەڵ کچێکی 10 ساڵ بەهۆی ژەهراویبوونەوە لە نەخۆشخانە خەوێنراون.
میدیای بەرازیل رایگەیاند، پۆلیس چاوەڕێیە دۆخی ژنەکە باشتر بێت تاوەکو پرسیاری لێبکەن. پۆلیس پرسیاری لە 15 کەسی دیکە کردووە کە لەو کۆبوونەوەیە بەشداربوونە و کێکەکەیان خواردووە.
دوای ئەوەی توێکاری بۆ تەرمی سێ ژنەکە کرا، لە رێگەی پشکنینی خوێنیانەوە دەرکەوت رێژەی (زەرنیخ) بەرزە و هۆکاری گیانلەدەستدانیان بووە. ژنەکان تەمەنیان 43، 58 و 65 ساڵ بوو.
تاوەکو ئێستا پۆلیس کەسی دەستگیر نەکردووە و کەیسەکەشی بە "کوشتن یان هەوڵدان بۆ کوشتن" وەسف نەکردووە.
لە کۆبوونەوە خێزانییەکە تەنیا یەک کەس کێکەکەی نەخواردبوو و سەردانی نەخۆشخانەشی نەکردووە.
میدیای بەرازیل دەڵێت، ئەو ژنەی کێکەکەی دروستکردووە نێوانی لەگەڵ ئەندامانی دیکەی خێزانەکە باش بووە و پێشتر هیچ کێشەیەکیان نەبووە؛ بڵاویشی کردەوە، "هاوژینی ژنەکە لە مانگی ئەیلوولی ئەم ساڵ گیانی لەدەستداوە."
بەگوێرەی سەرچاوەیەک، هاوژینی ژنەکە بەهۆی ژەهراویبوونی خۆراکەوە یان نەخۆشییەک کە لە رێگەی خۆراکەوە دەگوازرێتەوە، گیانی لەدەستداوە. پۆلیس داوایکردووە، تەرمی پیاوەکە لە گۆڕ دەربهێنرێت و لێکۆڵینەوە لە هۆکاری مردنی بکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ