رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسانی فەرەنسا دەڵێن، بەرەبەیانی ئەمڕۆ بەلەمێکی کۆچبەران کە لەو وڵاتەوە بەرەو بەریتانیا دەچوو؛ ژێرئاوکەوت و بەو هۆیەوە سێ کۆچبەر گیانیان لەدەستدا. ئەمساڵ مردنی 76 کەس لەو رێگەیە پشتڕاست کراوەتەوە.
رۆژی یەکشەممە، 29ـی کانوونی یەکەمی 2024، تیمە فریاگوزارییەکانی کالێ بڵاویانکردەوە، کاژێر 06:00ـی بەرەبەیانی ئەمڕۆ بەکاتی فەرەنسا (کاژێر 08:00 بەکاتی هەولێر) بەلەمێکی کۆچبەران لەنزیک کەناراوەکانی فەرەنسا ژێرئاوکەوت. بەلەمەکە 53 کۆچبەری تێدابووە و دەیانویست بە نۆکەندی ئیگلیزدا بڕۆن بۆ بەریتانیا.
ئەو تیمە فریاگوزارییانە ئاماژە بەوەش دەکەن، بەهۆی رووداوەکەوە سێ کۆچبەر گیانیان لەدەستدا و 50ـی کەی دیکەش رزگارکران. بەشێکیان پلەی گەرمیی لەشیان دابەزیوە و گوێزراونەتەوە بۆ نەخۆشخانە.
پێشڕەو عەبدوڵڵا، نوێنەری کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، هیچ کام لەو کەسانەی گیانیان لەدەستداوە کورد نین، بەڵام لەنێو رزگارکراواندا هاونیشتمانیی خەڵکی رۆژئاوای کوردستان هەن.
دوای رووداوەکە گوی ئەلمەند، سەرۆکی شارەوانیی سانگاتێ گوتی، "ئەم رووداوانە کۆتاییان نایەت و کۆچبەری زیاتر و زیاتر دەپەڕنەوە".
لە سەرەتای ئەم ساڵەوە بەرپرسانی فەرەنسا مردنی 76 کۆچبەریان لە نۆکەندی ئینگلیزدا پشتڕاستکردووەتەوە، ئەمەش زۆرترینە لە ساڵێکدا.
بە گوێرەی وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا، ئەم ساڵ 36 هەزار و 23 کۆچبەر لە نۆکەندی ئینگلیزەوە چوونەتە بەریتانیا. ساڵی رابردوو 29 هەزار و 437 کۆچبەر چووبوونە ئەو وڵاتە.
لەگەڵ گرتنەدەستی دەسەڵات لە سەرەتای تەممووزی رابردوودا، کێیەر ستامەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا بەرنامەی رەوانەکردنی کۆچبەرانی بۆ رواندا هەڵوەشاندەوە.
ستامەر بەڵێنیدا هەموو رێکارێک بگرێتەبەر بۆ کۆتاییهێنان بە قەیرانی کۆچبەران، لەنێویشیاندا رێککەوتن لەگەڵ وڵاتانی ئەورووپا و رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بۆ رووبەڕووبوونەوەی باندە قاچاخچییەکان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ