رووداو دیجیتاڵ
لە ئەڵمانیا کە فرۆشتنی ڤەیپ تێیدا رێگەپێدراوە، بازاڕی فرۆشتنی ئەو جگەرە ئەلیکترۆنییە زیادی کردووە و ئۆپۆزیسیۆنی وڵاتەکەش داوای تووندوتۆڵکردنی رێکارەکانی فرۆشتنی دەکات.
دلۆڤان قاییدی، هاونیشتمانییەکی باشووری کوردستانە و لە ئەڵمانیا کۆگەیەکی کۆفرۆشی هەیە، دووکانداری تاکفرۆش شتومەک لای ئەو دەبەن. ئەو دەڵێت، دووکانداری کوردی باشووری کوردستان لە ئەڵمانیا زیادیانکردووە و بەرهەمێکی سەرەکییان ڤەیپە.
نزیکەی 15 براندی ڤەیپ لای دلۆڤان هەن و هەریەکە لەوانە کۆمەڵێک تامی جیاجیای هەیە و نایشارێتەوە کە بازاڕی ڤەیپ گەرمە.
دلۆڤان دەڵێت، "ڤەیپ هەناردەی هەر وڵاتێک بکرێت، دەبێت بە زمانی ئەو وڵاتە لەسەری نووسرابێت، هەر وەکو جگەرە، لەسەری دەنووسرێت چ مەترسییەکی هەیە، پێکهاتەکانی چین، رێژەی نیکۆتینەکەی چەندە، چەند جار دەتوانی بیکێشیت.. بۆ ئێرە، کە لە ئەوروپاین، دەبێت هەموو شتەکانی بەگوێرەی یاسای ئەوروپا لەسەری نووسرابن. نرخی ڤەیپ لە دووکانێک بۆ یەکی دیکە جیایە، بەڵام بەشێوەیەکی گشتی نرخی هەریەکێکیان لەنێوان حەوت تا 10 یۆرۆیە."
هەروەکو جگەرەی تووتن، ڤەیپ تەنیا بە کەسانی سەروو 18 ساڵ دەفرۆشرێت، بەڵام دژیەکییەکی دیکەی نێوان ڤەیپ و تووتن لە ئەڵمانیا هەیە.
هەموو جۆرەکانی جگەرەی تامدار لە ئەڵمانیا بەگوێرەی یاسا قەدەخەن، بەڵام ڤەیپ بە هەموو جۆرێکییەوە و بە تامی جیاجیا رێگەپێدراوە.
لە هەمواری یاسای تایبەت بەو بەرهەمانەی تووتن لە پێکهاتەکەیاندا هەیە، جگەرەی تامداریش قەدەخە کراون و ئۆپۆزیسۆنیش پشتگیری لە هەموارەکە دەکات، بەڵام هێشتا حکومەتی ئەڵمانیا ئامادە نییە ئەو ڤەیپانەی یەک جار بەکاردەهێندرێن قەدەخە بکات.
هانس یورگن تیرس، ئەندامی پەرلەمانی فیدراڵی ئەڵمانیا دەڵێت، "من زۆر بە راشکاوی دەیڵێم، هیچ تێبینییەکم لەسەر ئەم هەموارە یاساییە نییە، ئەو رێکارە نوێیانە لەپێناو پاراستنی گەنجان و پاراستنی تەندروستیی بەکاربەردایە، هەر بۆیە بەڵێی ئێمە لەبەر ئەو هۆکارانەیە، هەرچەند فراکسیۆنەکەی ئێمە لەگەڵ رەشنووسی بڕیارەکەدایە، بەڵام ناتوانم لە رەخنەکانم لە حکومەتی فیدراڵی خۆشبم، لەگەڵ ئەم هەموارەی یاسای بەرهەمهێنانی تووتن، بەداخەوە چانسی قەدەخەکردنی جگەرەی ئەلیکترۆنی کە یەکجار بەکاردەهێنرێت لەدەست دەچێت."
کولتووری جگەرەکێشان لە ئەڵمانیا بەرەو دواوە دەڕوات؛ لە ساڵی 2000 زیاتر لە 22 ملیۆن جگەرەکێشی سەروو 15 ساڵی لە ئەڵمانیا هەبوون، بەڵام ئێستا ژمارەیان بۆ 15 ملیۆن جگەرەکێش کەمبووەتەوە و پێشبینی دەکرێت تاوەکو کۆتایی 2025 بۆ 12 ملیۆن کەس کەمبێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ