ویلایەتێکی دیکەی ئەمریکا ترەمپ لە بەشداریکردن لە ‌هەڵبژاردن بێبەش دەکات

 
رووداو دیجیتاڵ 

ویلایەتی مەینی ئەمریکا بووە دووەم ویلایەتی ئەو وڵاتە، بڕیاری دوورخستنەوەی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی پێشووی ئەمریکا لە هەڵبژاردنە بەراییەکانی کۆمارییەکان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا لەساڵی 2024 دووربخاتەوە، ئەمەش بەرامبەر بە رۆڵی ترەمپ لە هەڵکوتانە سەر و هێرشکردنە سەر کۆنگرێسی ئەمریکا لە کانوونی دووەمی 2021. 
 
رۆژی پێنجشەممە، 28ـی کانوونی یەکەمی 2023، شێنا بیلۆس، سکرتێر و بەرپرسی باڵای هەڵبژاردنەکانی ویلایەتی مەین لە رۆژهەڵاتی ئەمریکا رایگەیاند، هۆکاری بڕیاری دوورخستنەوەی ترەمپ لە هەڵبژاردنە بەراییەکانی ویلایەتەکە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە "دەستووری ئەمریکا لێبوردە نییە بەرامبەر بە هێرشکردنە سەر بەردی بناخەی حکومەت و یاسای مەینیش ناچارت دەکات هەڵوێستت بەرامبەر بەو کردەوانە هەبێت". 
 
بەو بڕیارەش، ویلایەتی مەین چووە پاڵ ویلایەتی کۆلۆرادۆ کاتێک لەسەرەتای ئەم مانگە دادگەی باڵای ویلایەتەکە، بڕیاری قەدەخەکردنی ترەمپیدا بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیی ئەمریکا لەو ویلایەتە. کاتێکیش ترەمپ لە هەڵبژاردنە بەراییەکانی کۆمارییەکان بێبەش دەکرێت، واتای ئەوەیە کە ناتوانێت کێبڕکێ بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی وڵاتەکە بکات کە کۆتایی ساڵی 2024 بەڕێوەدەچێت. 
 
ئێستا بڕیاری هەردوو ویلایەتەکە، چاوەڕێی بڕیاری کۆتایی دادگەی باڵای ئەمریکان کە چاوەڕێ دەکرێت لە ئایندەیەکی نزیکدا بڕیاری کۆتایی لەسەر بڕیاری هەردوو ویلایەتەکە بدات. 
 
هەردوو ویلایەتەکە دەڵێن، مادەی 14ی دەستووری ئەمریکا سەرچاوەی بڕیارەکانیانە کە "رێگە بە هیچ کەسێک نادات خۆی بۆ پۆستی سەرۆکایەتیی ئەمریکا بەربژێر بکات ئەگەر دەستی هەبووبێت لە دروستکردنی ناسەقامگیریی و پێشێلکاریی دژی وڵاتەکە."
 
لەبارەی بڕیارەکەیەوە، شێنا بیلۆس کە سەر بە پارتی دیموکراتەکانی دژبەری پارتەکەی ترەمپە، لە راگەیێندراوێکدا نووسیویەتی "گەیشتمە ئەم ئەنجامە، چونکە هیچ کات لە مێژوودا هیچ بەربژێرێک رۆڵی نەبووە لە پێشێلکاریی یاساکان". 
 
لەدوای بڕیارەکە، بەرپرسانی کەمپینی هەڵبژاردنی ترەمپ، بڕیارەکەیان بە دەستوەردانێکی نوێ لە پرۆسەی هەڵبژاردن و بێبەشکردنی دەنگدەران، ناوبرد. 
 
لەوبارەیەوە، ستیڤن چۆنگ، گوتەبێژی کەمپینی هەڵبژاردنی ترەمپ لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "ئەم دەستوەردانە حیزبییانە لە هەڵبژاردنەکاندا هێرشکردنە بۆ سەر دیموکراسیی ئەمریکا". 
 
هەروەها سەرۆکی ئەمریکا جۆ بایدن و دیموکراتەکانی تۆمەتبار کرد بەوەی دەزگە حکومییەکان بەکاردەهێنن بۆ مانەوە لە دەسەڵات. 
 
گوتەبێژی کەمپینی هەڵبژاردنەکانی ترەمپ رایگەیاند، تیمی سەرۆکی پێشووی ئەمریکا و بەربژێری سەرەکی کۆمارییەکان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا لەساڵی 2024، تانە لەو بڕیارەی ویلایەتی مەین دەدات. 
 
هەروەها بەربژێرەکانی دیکەی کۆمارییەکان و لەنێویان، رۆن دیسانتۆس کە هاوکات حاکمی ویلایەتی فلۆریدایە، پشتگیریی ترەمپی کرد و رایگەیاند، "ئەو بڕیارە، دۆخەکە ئەوەندەی دیکە ئاڵۆزتر دەکات".