بەراورد بە ساڵی 2021 رێژەی گەشتیارانی جیهان 133% زیادیکردووە

 
رووداو دیجیتاڵ

وەکو ئامادەکاری بۆ پێشانگەی گەشتیاریی سەهۆڵ، لە چین 23 هەزار مەتر سێجا سەهۆڵ و بەفر بۆ دروستکردنی 65 بینا بەکارهێندران، بەڵام بەهۆی کۆرۆناوە پێشانگەکە رێکنەخرا.
 
پێچەوانەی چین، ئەمساڵ کەرتی گەشتیاری لە جیهاندا بە شێوەیەکی بەرچاو بووژاوەتەوە. ڤیەننای پایتەختی نەمساش لەلایەن گۆڤاری ئیکۆنۆمیستەوە بە دڵگیرترین شار بۆ ژیان و گەشت بۆ ئەمساڵ دیاریکرا.
 
نیکۆڵاس گرایسێر، گوتەبێژی بۆردی گەشتیاری ڤیەننا دەڵێت، "ئەو پێوەرانەی بۆ ریزبەندیی جیهانی بەکارهێندراون بریتین لە ژێرخان، گواستنەوەی گشتی، پەروەردە و سیستمی تەندروستی و ڤیەنناش لەم رووەوە لە پێگەیەکی زۆر باشدایە."
 
بووژانەوەکە دوای دوو ساڵی سەخت دێت بەهۆی کۆرۆناوە. لە ساڵی 2020دا تەنیا 409.5 ملیۆن گەشتیار و لە ساڵی 2021یشدا 446 ملیۆن گەشتیار گەشتیان کردووە.
 
بەڵام تەنیا لە 9 مانگی ئەمساڵدا 700 ملیۆن گەشتیار لە جیهاندا گەشتیان کردووە، بەوەش ئامارەکە 133% زیادیکردووە بەراورد بە ساڵی رابردوو و 63%ی ئاستی پێش کۆرۆنای بەدەستهێناوەتەوە. پێشبینیش دەکرێت داهاتی کەرتی گەشتیاری تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ بگاتە 1.2 بۆ 1.3 تریلیۆن دۆلار، لە کاتێكدا لە ساڵی 2019دا 1.8 تریلیۆن دۆلار بوو.
 
هاوکات هەوڵدەدرێت گەشتیاریی دۆستی ژینگەش برەوی پێبدرێت. قاوەخانەیەک لە جۆرجیا لە ناوجەرگەی ژینگە و بەرزایی 200 مەتر لە زەوییەوە لەسەر شێوەی ئەڵماس دروستکراوە و تێچووەکەی 39 ملیۆن دۆلار بووە.
 
لە کینیاش زیاتر ئاژەڵ بۆ خزمەتی گەشتیاران بەکاردەهێندرێت. هێنری ئۆلێ سانۆی، ژینگەپارێز دەڵێت، "گەشتیاریی دۆستی ژینگە خەیاڵ نییە، بەڵکو راستییە؛ ئێمە و ژینگە لێکنزیک دەکاتەوە. تاوەکو لە ژینگەش نزیکتربینەوە، زیاتر لێی تێدەگەین، زیاتر خۆشمان دەوێت و کەمتر وێرانی دەکەین، بەوەش زیاتر لە زیانەکانی پیسبوون بۆ سەر ژینگە تێدەگەین."
 
لە ساڵی 2021دا قەبارەی بازاڕی گەشتیاری لە جیهاندا 1.31 تریلیۆن دۆلار بووە، لەو بڕە 185.87 ملیار دۆلار گەشتیاریی دۆستی ژینگە بووە.