کەنیسەی نۆتردام لە پاریس کە ساڵی 2019 ئاگری تێبەربوو و بەشێکی زۆری سووتا، ئەمڕۆ لە پاش پێنج ساڵ لە نۆژەنکردنەوەی، کرایەوە.
نۆتردام لە پاریس بەنێوبانگترین کەنیسەیە لەسەر ئاستی جیهان؛ مێژووی دروستکردنی بۆ 1163ـی زایینی دەگەڕێتەوە.
ئەمڕۆ هەینی بە بەشداریی ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆککۆماری فەرەنسا کەنیسەکە کرایەوە، بەڵام رۆژی 7-12-2024 بەڕووی خەڵکدا بەتەواوی دەکرێتەوە.
نۆژەنکردنەوەکە نزیکەی 739 ملیۆن دۆلاری تێچووە و بە وردیی کار لە دیزاینکردنەوەیدا کراوە.
لە 2019 ئاگرەکەی نۆتردام دوای شەش کاژێر و کارکردنی 400 کارمەندی ئاگرکوژێنەوە کۆنترۆڵکرا، بەڵام زیانی گەورە بەر باڵەخانەکە و کەلوپەلە مێژووییەکانی کەوت.
نۆتردام کاتێدراڵێکی کاتۆلیکییە، بەشێکی گرنگ و شوێنێکی سیمبولی فەرەنسایە و تەمەنی 855 ساڵە. دروستکردنی 182 ساڵی خایاندووە.
رووبەری نۆتردام 6144 مەتر دووجایە، هەروەها دوو تاوەری گەورەی هەیە کە درێژی هەر یەکێکیان 69 مەترە، بەڵام لە ئاگرەکەدا زیانیان بەرنەکەوتبوو.
*وێنەکان لە ئاژانسی AFP وەرگیراون.