رووداو دیجیتاڵ
لافاو شەش ویلایەتی مالیزیای گرتووەتەوە و بەپێی بەرپرسانی وڵاتەکە، لانیکەم چوار کەس گیانیان لەدەستداوە و 80 هەزار کەسیش دەربەدەر بوون.
سێ رۆژە بارانێکی بەهێز مالیزیای گرتووەتەوە و دەزگای کەشوهەوای ئەو وڵاتەش دەڵێت، تاوەکو رۆژی شەممە بەردەوام دەبێت.
ناوەندی فەرماندەیی کارەساتە نیشتیمانییەکانی مالیزیا ئەمڕۆ هەینی، 29-11-2024 لە راگەیێندراوێکدا گوتی، 80 هەزار و 589 کەس بەهۆی لافاوەکەوە بۆ 467 پەناگەی کاتی گواستراونەتەوە.
ناوەندەکە ئاماژە بەوەش دەکات، تاوەکو ئێستا تیمەکانی گەڕان و رزگارکردن لە ویلایەتەکانی کێلەنتان، تێرینگانوو، کێدا، پێرلیز، جۆهۆر و پێراکویلا بەدوای بێسەروشوێنبوواندا دەگەڕێن.
روودانی لافاو لەو وڵاتە کە ژمارەی دانیشتووانی 34 ملیۆن، دیاردەیەکی ساڵانەیە و چاوەڕوانکراوە.
ئەحمەد زاهیدی، جێگری سەرۆکوەزیرانی مالیزیا رایگەیاند، پێشبینی دەکرێت ئەم ساڵ لافاوی وێرانکەرتر لەوەی ساڵی 2014 رووبدات کە بەهۆیەوە 118 هەزار کەس دەربەدەر بوون.
نووسینگەی جێگری سەرۆکوەزیرانی مالیزیا ئاماژە بەوەش دەکات، هەزاران کارمەندنی تیمەکانی فریاگوزاری لەو ناوچانەی کە گومانی روودانی لافاویان لێدەکرێت لە ئامادەباشیدان و هەموو پێداویستییەکانیشیان بۆ دابینکراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ