هەواڵگریی ئەڵمانیا هۆشداریی 'هێرشی تیرۆریستی' دەدات
رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسی دەزگەی هەواڵگریی ئەڵمانیا هۆشداری دەدات لەوەی وڵاتەکەی لەبەردەم "مەترسییەکی گەورەدایە" لە ئەگەری روودانی هێرشی گرووپە تووندڕەوەکان. دەشڵێت، جەنگی غەززە کاریگەریی لەسەر دۆخی ئەمنیی ئەڵمانیا هەبووە.
رۆژی چوارشەممە 29ی تشرینی دووەمی 2023 تۆماس هاڵدنڤانگ، بەرپرسی دەزگەی هەواڵگریی ناوخۆی ئەڵمانیا لە بەیاننامەیەکدا هۆشداریی لە ئەگەری روودانی هێرشی گرووپە تووندڕەوەکان لە وڵاتەکەی دا و رایگەیاند، "مەترسیی هێرشی ئیسلامیستەکان راستەقینەیە و ئەگەری روودانیشی زۆرە، ئەمەش بەهۆی کاریگەرییەکانی جەنگی ئیسرائیل و حەماس."
ئەو بەرپرسە ئەڵمانییە گوتیشی، "دەبینین لەنێو بازنەی جیهادییەکان داواکاری بۆ هێرشکردن هەیە. یان داواکاری هەیە گرووپە تووندڕەوەکان بچنە نێو ململانێی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستەوە. تووڕەیی بەرامبەر بە جووەکان خاڵێکی هاوبەشە کە ئیسلامیستەکان و راستڕۆ و تووندڕۆ ئەڵمان و تورکەکان و رێکخراوە فەلەستینییەکانی پێکەوە بەستووەتەوە."
بەرپرسی دەزگە هەواڵگریی ناوخۆی ئەڵمانیا ئاماژەی بەوە دا، لەدوای هێرشەکانی چەکدارانی حەماس بۆ سەر ناوچەکانی باشووری ئیسرائیل لە 7ی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ، زۆر وێنە و دیمەن لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراونەتەوە، کە دەکرێت بقۆزرێتەوە بۆ بڵاوکردنەوەی تووندڕەوی.
ئەو لێدوانەی بەرپرسی دەزگەی هەواڵگریی ناوخۆیی ئەڵمانیا لەکاتێکدایە، لەدوای سەرهەڵدانی جەنگی غەززە، چەند جارێک ناوەندە ئاینییەکانی جووەکان لە ئەڵمانیا کراونەتە ئامانج و لەدوای ئەو هێرشانەش، پۆلیسی ئەڵمانیا چاودێریکردنی ئەو ناوەندانەی چڕتر کردووەتەوە.
لە سەرەتای ئەم مانگە، حکومەتی ئەڵمانیا بڕیاری قەدەخەکردنی سەرجەم چالاکییەکانی بزووتنەوەی حەماسی لە وڵاتەکەی دا.