کۆمەڵەی G7 بۆ حووسییەکان: هێرش و هەڕەشەکانتان بۆ سەر کەشتییەکان راگرن

رووداو دیجیتاڵ

وەزیرانی دەرەوەی کۆمەڵەی G7 داوا لە حووسییەکانی یەمەن دەکەن، چیدیکە نەبنە هەڕەشە بۆ سەر کەشتییەکانی ئەو ناوچەیە. "ئەوان ماف و ئازادیی دەریایی خۆیان هەیە."
 
کۆمەڵەی G7 ئەمڕۆ (چوارشەممە، 29-11-2023) لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، "وەک جەختکردنەوە لەسەر ئاسایشی دەریایی، داوا لە هەموو لایەک، بەتایبەتی حووسییەکان دەکەین، نەبنە هۆی هەڕەشە و دەستوەردان لە ماف و ئازادیی کەشتییەکانی ئەو ناوچەیە."
 
لە بەیاننامەکە هەروەها هاتووە، "داوا لە حووسییەکان دەکەین، بە زووترین کات هێرشەکانی بۆ سەر خەڵکی سڤیل و هەڕەشەکانی بۆ سەر کەشتییە نێودەوڵەتییەکان رابگرێت، هەروەها کەشتیی گالەکسی لیدەر و ستافەکەی ئازادبکەن، کە لە 19-11-2023 بە نایاسایی دەستیان بەسەرداگرت."
 
لەدوای 7ـی ئۆکتۆبەرەوە، حووسییەکانی یەمەن چەندین جموجۆڵ و کردەیان لە کەناراوەکانی یەمەن هەبووە. 
 
رۆژی 27-11-2023، وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا رایگەیاند، پێنج کەسیان دەستگیرکردووە، کە چوونەتە سەر کەشییەکی ئیسرائیلی لە کەناراوەکانی یەمەن، بەگوێرەی زانیارییەکان، ئەو پێنج کەسە خەڵکی سۆماڵن.
 
پاتریک رایدەر، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا ئاماژە بەوە دەدات کە ئەو چەکدارانە چوونەتە سەر کەشتییەکە بەمەبەستی دەستبەسەرداگرتنی و توانیویانە بگەنە ژووری کۆنترۆڵی کەشتییەکە و، کەشتیوانەکان توانیویانە خۆیان لەنێو کەشتییەکە حەشار بدەن.
 
پاتریک رایدەر دەڵێت ''لەو کاتەی ئەو کەسانە هەوڵیانداوە دەستبەسەر کەشتییەکەدا بگرن، دوو مووشەکی بالیستی لەو ناوچەیە تەقێندراون کە لە ژێر کۆنترۆڵی حووسییەکانی یەمەندایە.''
 
هەروەها رۆژی 23-11-2023، فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا بڵاویکردەوە، کەشتیێکی ئەمریکی لە دەریای سوور بووە و ژمارەیەک فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی تێکشاندووە، کە بەیانیی رۆژی پێنجشەممە لەو ناوچانەی حووسییەکانی یەمەن کۆنترۆڵیان بەسەریانەوە هەیە، ئاراستەکراون.
 
سێنتکۆم لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند "هێرشەکان لەلایەن کەشتیی جەنگیی یو ئێس ئێس تۆماس هودنەر شکستیان پێهێنراوە و کەشتییەکە و تاقمی سەر کەشتییەکەش زیانیان بەرنەکەوتووە."
 
رۆژی یەکشەممە، 19-11-2023، یەحیا سەریع، گوتەبێژی حووسییەکانی یەمەن رایگەیاند، "دەستبەسەرداگرتنی کەشتییە ئیسرائیلییەکەی دەریای سوور پشتڕاستدەکەینەوە. کەشتییەکە و ستافەکەیمان بەرەو کەناراوەکانی یەمەن بردووە." لەبارەی چارەنووسی بارمتەکانەوە گوتی، "بەگوێرەی بنەماکانی ئایینی ئیسلام مامەڵەیان لەگەڵدا دەکەین."
 
 
لە بەشێکی قسەکانیدا، سەریع هۆشداریدا، "هەموو کەشتییەکی ئیسرائیل یان سەر بە ئیسرائیل لە دەریای سوور، دەبێتە ئامانجی شەرعیی هێزەکانی حووسی."
 
یەحیا سەریع هەروەها گوتی، "بەردەوامیی ئۆپەراسیۆنەکانمان لە دژی ئیسرائیل پشتڕاست دەکەینەوە، تاکو دەستدرێژی و تاوانە قێزەونەکانی ئیسرائیل لە دژی برایەکانمان لە غەززە و کەرتی رۆژئاوا دەوەستێت."
 
حووسییەکان کە لە ساڵی 2014ـەوە دەستیان بەسەر سەنعای پایتەختی یەمەندا گرتووە، خۆیان بە بەشێک لە "بەرەی بەرهەڵستکار"ـی دژی ئیسرائیل دادەنێن.