رووداو دیجیتاڵ
یەکێک لە کێشەکانی هەرێمی کوردستان زۆریی زبڵ و خاشاکە کە تاوەکو ئێستا نەتواندراوە سوودی لێ وەربگیرێت. شاندێکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی هەولێریش بە فەرمی بانگهێشتی هەرێمی فلاندەرسی بەلجیکا کراون و بڕیارە لەگەڵ چەندین کۆمپانیای ئەو وڵاتە کۆببنەوە، لە یەکەم رۆژی سەردانەکەشیاندا لەگەڵ کۆمپانیایەکی گەورەی بواری ریسایکلین لەو هەرێمە کۆبوونەوە.
رۆژانە لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان نزیکەی حەوت هەزار تۆن زبڵ و خاشاک فڕێدەدرێن و زیان بە ژینگە دەگەیێنن، ئەو کۆمپانیایەی شاندەکە لەگەڵیدا کۆبوونەوە، ساڵانە یەک ملیۆن تۆن ریسایکل دەکاتەوە کە دەکات 94%ـی زبڵ و خاشاکی ئەم وڵاتە.
کۆمپانیاکە بەوردی و بە وێنە و داتا باسی سیستمی ریسایکلین و پڕۆسەی جیاکردنەوە زبڵ و خاشاکەکان بۆ شاندەکەی هەرێمی کوردستان دەکەن.
تەیب کەژۆ عەلی ئەندازیارە لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت کە چۆن ئەو وڵاتە لە رێگەی ریسایکلینەوە لە زبڵ و خاشاک کارەبا بەرهەمدەهێنن و ئەوانیش دەیانەوێت ئەو ئەزموونە بگوازنەوە بۆ هەولێر.
ئەو کۆمپانیایە لە سێ گرووپ پێکهاتوون، نزیکەی هەزار کارمەندیان هەیە؛ ئەوەی لەلای ئەوان گرنگە، قۆناخی جیاکردنەوەی خاشاکە کە دەبێت لە سەرەتاوە بەپێی رەنگ و ماددەکان جیابکرێنەوە، دواتر سوود لە هەموو پاشماوەکان دەبیندرێت.
بۆ بەهێزکردنی ئابووری و پاراستنی ژینگە؛ یەکێتیی ئەوروپا لە ساڵی 2018 سیستمی ریسایکلینی بۆ وڵاتانی ئەندام کردە یاسا و دەبێت زبڵ و خاشاکیان ریسایکل بکەنەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ