ئەمریکا گەشتی ئاسمانی لە هەشت وڵاتی ئەفریقاوە قەدەخە دەکات

29-11-2021
دڵزار زوبێر @DilzarZubair
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ئەنتۆنیۆ فاوچی، پسپۆڕی نەخۆشییە درمەکان لە ئەمریکا بەرگری لە بڕیارەکەی ئیدارەی بایدن سەبارەت بە سەپاندنی قەدەخەی گەشتکردن دەکات کە بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنای گۆڕاوی جۆری ئۆمیکرۆنەوە سەپاندوویەتی.
 
ئەمریکا قەدەخەی گەشتکردن بۆ ئەفریقای باشوور و حەوت وڵاتی دیکەی باشووری ئەفریقا دەسەپێنێت و رۆژی دووشەممە بڕیارەکە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
 
فاوچی رایگەیاند، مەبەست لە هەر قەدەخەیەکی گەشتکردن ئەوەیە، سوود لە کات وەربگیرێت بۆئەوەی ئامادەکاریی پێویست بکرێت و گوتیشی، رێکارەکان کاریگەریی ئەرێنییان دەبێت.
 
چەندین حکومەت لە ترسی گۆڕاوە نوێیەکە قەدەخەی گەشتکردنیان لە ئەفریقای باشوور و ژمارەیەک وڵاتی دیکەی باشووری ئەفریقاوە بۆ وڵاتەکانیان راگەیاندووە، ئەوەش بەهۆی ئەوەی یەکەم کەیسی تووشبوون بە گۆڕاوە نوێیەکە لە جۆهانزبێرگی ئەفریقای باشوور دەستنیشان کرا.
 
بە گوتەی ئەنتۆنی فاوچی "پرۆفایلی گۆڕاوەکە وا دەردەکەوێت کە سوودی بۆی هەبێت لە گواستنەوەدا و دەکرێت خۆی لەو سیستەمە بەرگرییە لابدات کە لەش دروستی دەکات. بۆ نموونە، دەکرێت خۆی لە دژەتەن یانیش پلازمای کەسێک، دوای ئەوەی کە تووشبووە، بدزێتەوە. تەنانەت دەکرێت دژی هەندێک دژە تەنی کوتراو بە ڤاکسینیش کار بکات. مەرج نییە ئەمە رووبدات، بەڵام ئاماژەی بەهێز هەن کە دەبێت بۆ ئەگەری لەم شێوەیە ئامادەبین".
 
ئەمەش لە کاتێکدایە کە لە سەرەتای سەرهەڵدانی پەتاکەوە، ئەمریکا بووەتە چەقێکی بەهێزی تووشبوون و گیانلەدەستدان بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە، بەجۆرێک پلەی یەکەمی گرتووە لە ئاستی جیهان لە ژمارەی تووشبوون و مردن.
 
تاوەکو ئێستا 49 ملیۆن و 99 هەزار و 590 کەس لە ئەمریکا تووشی پەتای کۆرۆنا بوون؛ لەو ژمارەیە 799 ملیۆن و 414 کەس بەهۆی پەتاکەوە گیانیان لەدەستداوە و 38 ملیۆن و 880 هەزار و 81 کەس چاکبوونەتەوە.
 
هاوکات تاوەکو ئێستا 454 ملیۆن قورچکی ڤاکسین دابەشکراون، بەجۆرێک 70٪ی دانیشتووانی ئەمریکا لانیکەم یەک قورچک ڤاکسینی کۆرۆنا یان زیاتریان وەرگرتووە و 59٪ی دانیشتووانی ئەمریکا هەموو قورچکەکانی ڤاکسینیان وەرگرتووە
هاوکات، رۆژانە تێكڕا 1.8 ملیۆن قورچکە ڤاکسین لە ناوەندە تەندرووستییەکان دابەشدەکرێت. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دۆناڵد ترەمپ دوای برینداربوونی. وێنە: Brendan SMIALOWSKI / AFP

هەواڵگریی ئەمریکا: پێش ئەوەی تەقەی لێبکرێت، ئێران پلانی هەبووە ترەمپ بکوژێت

پێش هێرشەکەی سەرەتای ئەم هەفتەیە بۆ سەر دۆناڵد ترەمپ و بریندارکردنی، دەزگا هەواڵگرییەکانی ئەمریکا زانیارییان هەبووە ئێران سەرقاڵی هەوڵێکە بۆ کوشتنی سەرۆکی پێشووی ئەمریکا، بەڵام ئەو پیلانانەی ئێران پەیوەندییان بە هێرشەکەی رۆژی شەممەوە نەبووە.