رووداو دیجیتاڵ
چەکدارەکانی رێکخراوی بۆکۆ حەرام و داعش لە رۆژئاوای ئەفریقیا، هێرشەکانی خۆیان بۆ سەر دانیشتووانی ناوچە جیاوازەکانی نایجیریا چڕکردووەتەوە، خەڵکی تۆمەتباردەکەن بە سیخوڕیکردن بۆ سوپای نایجیریا و بەوەش رەشبگیری و کوشتنی هەڕەمەکی لە دژی خەڵک دەکەن.
ئاژانسی 'فرانس پرێس' ئاشکرایکردووە، چەکدارەکانی بۆکۆ حەرام، هێرشیان کردووەتە سەر داربڕ، شوان و ماسیگرەکان، لە شاری مایدۆگۆری باکووری رۆژهەڵاتی وڵاتەکە و قەسابخانەیەکی نوێیان لە ناوچەکەدا خستووەتەوە.
بەپێی قسەی سەرچاوە ناوخۆییەکانی نایجیریا، چەکدارەکانی داعش هێرشیانکردووەتە سەر ژمارەیەک جووتیاری کێڵگەکانی چەڵتوک لە شاری مایدۆگۆری، لەوێدا 43 کەسیان سەربڕیووە و 6ی دیکەشیان بریندارکردووە.
داعش و بۆکۆ حەرام، جووتیارەکانیان بە سیخوڕی بۆ حکومەتی نایجیریا و گرووپە ناوخۆییەکانی دژ بەو دوو رێکخراوە تۆمەتبارکردووە.
ئاژانسەکە گوتوویەتی، چەکدارەکان قەسابخانەیەکەیان لە گوندی کۆشۆپیدا خستووەتەوە. چەڵتکوچێنەکانیان پەلبەستکردووە و دواتر سەریان بڕیوون.
باباکورا کۆلۆ، ئەندامی یەکێک لە گرووپە چەکدارییەکانی ناوچەکە، کە لایەنگری حکومەتی نایجیریایە، دۆزینەوەی تەرمی 43 کەسی سەربڕدراوی دووپاتکردووەتەوە، ئاشکرایکردووە ئەوە یەکەمجار نییە داعش و بۆکۆ حەرام لە ناوچەکەدا هێرشی هاوشێوە دەکەن.
سەرکردەکە ئاشکرایکردووە، کوژراوەکان خۆیان خەڵکی ویلایەتی سۆکۆتۆ بوون لە باکووری رۆژئاوای وڵاتەوە نزیکەی 1000 کیلۆمەتریان بڕیووە، بۆ پەیداکردنی کار و لەوێ لەشوێنی کارەکانیاندا سەربڕدراون.
ئەو ئاشکرایکردووە، کۆی کرێکارەکان کە بۆ کارکردن هاتبوونە ناوچەکە 60 کەسبوون، 43یان سەربڕدراون و 6ی دیکەشیان بریندارکراون، ئەمە جیا لەوەی 8 کرێکاری دیکە بێسەروشوێنن و پێدەچێت چەکدارەکان بەبارمتەیان گرتبن.
مانگی رابردوو، لە دوو هێرشی هاوشێوەی جیادا داعش 22 جووتیاری دیکەی لە هەمان ناوچەدا سەربڕی.
سەرچاوە نێودەوڵەتییەکان ئاشکرایدەکەن، لە ململانێیەکانی ناوچەکەدا لە ساڵی 2009ەوە تائێستا نزیکەی 36 هەزار کەس کوژراون و 2 ملیۆن کەسی دیکەش دەربەدەربوون.
تووندوتیژییەکانی داعش و بۆکۆ حەرام، تەنیا لە نایجیریادا قەتیس نەبووە، پەڕیوەتەوە بۆ دەوڵەتانی دیکەی وەک نەیجەر، چاد و کامیرۆن، ئەو دەوڵەتانە هاوپەیمانییەکی ناوچەییان بۆ بەگژداچوونەوەی داعش دروستکردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ