رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی فەرەنسا لە پەرلەمانی مەغریب گوتارێکی پێشكێش کرد و تێیدا دانی بە سەروەریی مەغریب بەسەر بیابانی رۆژئاوادا نا، بەڵێنیشیدا هانی کۆمپانیاکانی وڵاتەکەی بدات لەو ناوچەیە وەبەرهێنان بکەن.
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا بە گەشتێکی سێ رۆژە لە مەغریبە و ئەمڕۆ سێشەممە لە پەرلەمانی ئەو وڵاتە گوتی، کۆمپانیا فەرەنسییەکان "پاڵپشتی لە پێشکەوتنەکانی بیابانی رۆژئاوا دەکەن کە ئێستا و داهاتووی لەژێر سەروەریی مەغریبدایە."
سەرۆکی فەرەنسا بەڵێنیدا پاڵپشتی لە کۆمپانیا فەرەنسییەکان بکات بۆ ئەوەی وەبەرهێنان لەو ناوچەیە بکەن.
گوتەکانی ماکرۆن دوای رۆژێک لە واژۆکردنی چەندین رێککەوتنی نێوان حکومەتەکانی مەغریب و فەرەنسا دێن کە بەهاکانیان زیاتر لە 10 ملیار یۆرۆیە.
بیابانی رۆژئاوا هەرێمێکی جێناکۆکە لە رۆژئاوای کیشوەری ئەفریقا لەنێوان مەغریب و وڵاتی خۆدانپێدانراوی کۆماری عەرەبیی سەحراوی دیموکرات کە لەلایەن بەرەی پۆلیسارییەکانەوە بەڕێوەبرێت کە بەرەیەکی سیاسی و چەکدارییە.
%80ـی هەرێمەکە لەلایەن مەغریبەوە کۆنترۆڵکراوە و تەنیا 20%ـی لەژێر دەستی کۆماری عەرەبیی سەحراویی دیموکراتدایە.
نەتەوە یەکگرتووەکان بیابانی رۆژائاوا وەک "ناوچەیەکی ناخۆبەڕێوەبەر" دادەنێت و لە ساڵی 1991ـەوە هێزی ئاشتیپارێزی لەوێ جێگیرکردووە و و ئامانجیشی بوو گشتپرسییەک رێکبخات بۆ دیاریکردنی چارەنووسی ناوچەکە.
لەماوەی رابردوودا هەڵوێستی فەرەنسا سەبارەت بە بیابانی رۆژئاوا ناجێگیر بوو، ئەوەش بەهۆی هەبوونی ناکۆکی لەگەڵ رەبات لەسەر پرسی کۆچبەران.
بەڵام لە ئابی ئەم ساڵدا ماکرۆن ناکۆکییەکانی لەگەڵ مەغریب کەمکردەوە، کاتێک رایگەیاند، پێشنیازی ئۆتۆنۆمی کە لەلایەن مەغریبەوە بۆ بیابانی رۆژئاوا کراوە، "تاکە بنەمایە" بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە.
ئیدارەی ترەمپ لە کۆتاییەکانی دەسەڵاتیدا دانی بە سەروەریی مەغریب بەسەر ناوچەی بیابانی رۆژئاوادا نا، ئەوەش لەبەرامبەر ئەوەی مەغریب پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل دروست بکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ