ترەمپ دەڵێ "من نازی نیم"؛ زمانی بانگەشەی سەرۆکایەتیی ئەمریکا تووندتر دەبێت

رووداو دیجیتاڵ

تەنیا هەفتەیەک بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیی ئەمریکا ماوە و تادێت، هەڵمەتی هەڵبژاردنی هەردوو بەربژێرەکەش گەرمتر و تووندتر دەبێت.
 
دۆناڵد ترەمپ، بەربژێری کۆمارییەکان بۆ سەرۆکی ئەمریکا گوتی "دوایین وشە لای کامالا و تیمی هەڵمەتەکەی و هەموو ئەوانەی دەنگی پێدەدەن، وشەی نازییە. باوکم بەردەوام پێیدەگوتم وشەی نازی بەکارنەهێنم، بەڵام ئەوان زۆر ئازادانە بەکاریدەهێنن، کە ئێمە نازیین و منیش هیتلەرم، (بەڵام) من نازی نیم و دژی نازییەتم."
 
کێبڕکێی گەیشتن بە کۆشکی سپی، لە هێڵی کۆتایی نزیکە، نزیکەی 244 ملیۆن کەس مافی دەنگدانیان هەیە کە لە 5ـی تشرینی یەکەم دەنگ بدەن، بەڵام هەر لە ئێستاوە زیاتر لە 49 ملیۆن ئەمریکی پێشوەختە دەنگیان داوە.
 
ئەو تۆمەتە نوێیانەی ئاراستەی ترەمپ دەکرێن، لەدوای چاوپێکەوتنی سەرۆکی دیوانی پێشووتری کۆشکی سپی لە سەردەمی ئیدارەی ترەمپ، جۆن کێڵی، دێن، کە سەرۆکی پێشووی ئەمریکای بە "فاشیست" ناوبرد و رایگەیاند ئەوکاتەی لەنێو کۆشکی سپی کاری لەگەڵ ترەمپ دا کردووە، ئەو پێیڕاگەیاندووە "هیتلەر هەندێ کاری باشی کردووە و حەزیش دەکات ژەنەراڵی هاوشێوەی ئەدۆڵف هیتلەری هەبێت." 
 
کامالا هاریس، بەربژێری دیموکراتەکان دەڵێ "با راشکاوانە قسە بکەین، ئێمە هەموومان لێرەین لەبەرئەوەی لەپێناو دیموکراسیدا دەجەنگین و لەپێناو مافەکانی خەڵک کە دەنگیان ببیسترێت و ببینرێن. ئێمە دوژمنی یەک نین و هەموومان لەم پرسەدا پێکەوەین، ئەوە ئەو ئامانجەیە لەپێناویدا دەجەنگین."
 
بەگوێرەی دوایین راپرسی، کە لەلایەن نیویۆرک تایمزەوە کراوە، دەنگەکانی ترەمپ و هاریس زۆر لەیەکدییەوە نزیکن. بەپێی ئەو راپرسییە ئەگەر ئێستا هەڵبژاردن بکرێت، 48.8٪ـی ئەمریکییەکان دەنگ بە ترەمپ و 48.6٪ـیشیان دەنگ بە هاریس دەدەن، واتە جیاوازیی نێوانیان تەنیا 0.2٪ـە.