بەریتانیا و فەرەنسا: لە هەوڵەکانمان بۆ گەیشتنی هاوکاریی مرۆیی بە کەرتی غەززە بەردەوام دەبین
رووداو دیجیتاڵ
لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا و سەرۆکی فەرەنسا جەختیان لە گرنگی گەیشتنی هاوکاریی مرۆیی بە کەرتی غەززە کرد و رازیبوون بۆ بەردەوامبوون لە هەوڵەکانیان بۆ گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ کەرتی غەززە و ئازادکردنی دیلە بیانییەکانی دەستی حەماس.
رۆژی یەکشەممە، 29ـی تشرینی یەکەمی 2023، نێریسا چێستەرفیڵد، بەرپرسی پەیوەندییەکانی ئۆفیسی سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا رایگەیاند، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا ریشی سووناک، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا و ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا، جەختیان کردەوە کە بەردەوامدەبن لە "بەیەکەوە کارکردن بۆ گەیاندنی ئاو، خۆراک، سووتەمەنی و دەرمان" بە کەرتی غەززە و ئازادکردنی هاووڵاتییە بیانییەکانی دەستی حەماس. هەروەها دەشڵێت، هەردوولا نیگەرانی خۆیان لە زیادبوونی گرژییەکان بە تایبەت لە کەرتی رۆژئاوا دەربڕی.
بەرپرسی پەیوەندییەکانی ئۆفیسی سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا گوتیشی، هەردوولا هاوڕابوون لەوەی کە حەماس نوێنەرایەتیی گەلی فەڵەستین ناکات و نابێت کارەکانی حەماس ویست و داخوازییە رەواکانی فەلەستینیەکان تێکنەدات.
هاوکات ئۆفیسی سەرۆکایەتی فەڕەنسا بڵاویکردەوە، هەردوولا هاوڕابوون لەوەی کە ئیسرائیل مافی بەرگریکردن لەخۆی بە گوێرەی یاسا نێودەوڵەتییەکان هەیە.
ئەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەی سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا و سەرۆکی فەرەنسا لەکاتێکدایە کە پێشتریش بەرپرسانی رێکخراوە مرۆییەکان هۆشدارییان لەبارەی بەردەوامی شەڕەکە و زیادبوونی مەترسییەکان بۆسەر هاووڵاتییانی سڤیل کردبوو.
23 رۆژە شەڕی نێوان گرووپە چەکدارەکانی کەرتی غەززە و ئیسرائیل بەردەوامە. شەڕەکەش دوای ئەوە دەستیپێکرد کە بەیانیی رۆژی شەممە 7ـی تشرینی یەکەمی 2023 بزووتنەوەی حەماس، ئۆپەراسیۆنی ناونراو بە "تۆفانی ئەقسا"ـی دژی ئیسرائیل راگەیاند؛ ئیسرائیلیش لەبەرامبەردا ئۆپەراسیۆنی ناونراو بە "شمشێری پۆڵایین"ـی راگەیاند، بەڵام، دواتر بەرەی شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیل فراوانتر بوو و ژمارەیەک گرووپی چەکداری دیکەش چوونەنێو شەڕەکە.