گوتەبێژی سکرتێری نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ رووداو: گرنگە حکومەتی نوێی عێراق رەنگدانەوەی خواستی گەل بێت
رووداو-هەولێر
گوتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان دەڵێت، گرنگە حکومەتی نوێی عێراق رەنگدانەوەی داوا رەواکانی گەلی عێراق بێت و لەبارەی "بەکارهێنانی هێزی زیاد لەپێویست" لە خۆپێشاندانەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێرانیشدا روونکردنەوە دەدات.
رۆژی هەینی، 28ـی تشرینی یەکەمی 2022، ستێفان دووجاریک، گوتەبێژی ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ مەجید گلی، ئیدیتۆری دیپلۆماسیی تۆڕی میدیایی رووداو لە نیویۆرک پێشوازیی لە دەستبەکاربوونی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و پێکهێنانی حکومەتی نوێ و دەستبەکاربوونی کرد و خۆشحاڵیی خۆی دەربڕی لەوەی کە دوو ژن لەنێو کابینەی حکومەتی سوودانیدا هەن.
دووجاریک ئاماژەی بەوەشدا کە "کارە قورسەکە لە ئێستاوە دەستپێدەکات" و گوتی، گرنگە کە حکومەتی نوێ وەڵامی داوا رەواکانی گەلی عێراق بداتەوە لە باشترکردنی خزمەتگوزارییەکان و حکومدارێتیدا و پاڵپشتیی نەتەوەیەکگرتووەکانی بۆ گەل و حکومەتی عێراقی دووپاتکردەوە.
لەبارەی خۆپێشاندانەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران و مامەڵەی هێزە ئەمنییەکان لەگەڵ خۆپێشاندەران لە حەوتەمین هەفتەی خۆپێشاندانەکانی وڵاتەکە، کە لەدوای مەرگی ژینا ئەمینییەوە سەریانهەڵداوە، دووجاریک نیگەرانیی نەتەوەیەکگرتووەکانی لە "توندوتیژییەکان" دەبڕی و سەرکۆنەی "کوژرانی خۆپێشاندەران لەلایەن هێزە ئەمنییەکان و بەکارهێنانی هێز لە دژیان" کرد.
پێشتر، رۆژی پێنجشەممە، فەرهان حەق، جێگری گوتەبێژی نەتەوە یەکگرتووەکان بە رووداوی گوت، "ئێمە نیگەرانی ئەو راپۆرتانەین لەبارەی بەکارهێنانی بەردەوامی هێزی لە زیادە پێویست هەن." لەو بارەیەوە، مەجید گلی داوای لە گوتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان کرد بۆ ئەوەی روونکردنەوەی لەو بارەیەوە بدەن.
ستێفان دووجاریک بەمشێووەیە وەڵامی دایەوە: "ئەوە مانای ئەوەیە کە چ لە ئێران یان هەر شوێنێکی دیکەی جیهان بێت، کاتێک خەڵکی لە شەقامەکاندا رێپێوان دەکەن، بەشێوەیەکی ئاشتییانە، دەکرێت بە دەنگی بەرزیشەوە هاوار بکەن و داوای شت بکەن و خۆپێشاندان دەکەن، نابێت بە توندوتیژی وەڵامبدرێنەوە. نابێت بە تەقەکردنی راستەوخۆ وەڵامبدرێنەوە. ئەمە بە روونی بەکارهێنانی هێزە بەشێوەیەکی نابەجێ."
لەبارەی پرسی پڕۆگرامی ئەتۆمیی ئێران و پەیوەندییەکەی بە کوژرانی خۆپێشاندەرانەوە، دووجاریک پێیوایە کە "ئەمانە دوو شتی جیان و نابێت تێکەڵبکرێن".
ئەوە لەکاتێکدایە، زیاتر لە 40 رۆژە و دوای گیانلەدەستدانی کچە کوردی شاری سەقز ژینا ئەمینی، کە باوکی رایگەیاند، دوای دەستگیرکردنی کوژراوە، خۆپێشاندان و ناڕەزایی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێرانی گرتووەتەوە و بەو هۆیەوە دەیان کەس گیانیان لەدەستداوە و برینداربوون.
ئاژانسی مافی مرۆڤی کوردپاش دەڵێت، تەنیا لە ماوەی دوو رۆژی رابردوودا 11 کەس لە رۆژهەڵاتی کوردستان بە تەقەی راستەوخۆی هێزە ئەمنییەکانی ئێران گیانیان لەدەستداوە، بە گشتییش لە سەرتاسەری ئێراندا تائێستا 250 خۆپێشاندەر گیانیان لەدەستداوە و هەزاران کەسیش بریندارکراون.
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ ستیفان دووجاریک، گوتەبێژی ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان:
رووداو: دوای زیاتر لە ساڵێک لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکان، عێراق سەرۆکوەزیرانێکی نوێ و سەرۆککۆمارێکی نوێ و حکومەتێکی نوێی هەیە؛ کاردانەوەی سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان چییە؟
ستیفان دووجاریک: ئێمە زۆر پێشوازی لە دەستبەکاربوونی حکومەتی نوێ لەنێویدا سەرۆکوەزیری نوێ محەممەد سوودانی و پێکهێنانی حکومەتی نوێ دەکەین. پێموایە زۆربەی وەزیرەکان دیاریکراون، تەنیا یەک دوو پۆست ماون بۆ ئەوەی پڕبکرێنەوە. پێمانوایە شتێکی باشە کە لانیکەم دوو ژن لەنێو حکومەتدا هەن، ئەگەر زیاتر نەبێت، بەڵام کارە قورسەکە لە ئێستاوە دەستپێدەکات. گرنگە حکومەتی نوێ وەڵامی داوا رەواکانی گەلی عێراق بداتەوە لە باشترکردنی خزمەتگوزارییەکان و بەڕێوەبردندا، بەڵام بێگومان ئێمە پاڵپشتی لە عێراق دەکەین و لەگەڵ حکومەت و گەلی عێراق دەوەستینەوە.
رووداو: ئەو شتانە چییە کە لەم قۆناخە نوێیەدا نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە عێراق چاوەڕوانی دەکەن؟
ستیفان دووجاریک: ئێمە ناتوانین پێشبینی بۆ حکومەتێکی دیموکراسییانە هەڵبژێردراو بکەین، بەڵام حکومەتی عێراق وەکو هەر حکومەتێکی دیکە دەبێت گوێ بۆ گەلەکەی بگرێت و دڵنیایی فەراهەمکردنی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان بدات. ئەوەش تەنیا کێشەی عێراق نییە؛ ئەمە پرسی هەر حکومەتێکە لە سەرتاسەری جیهاندا.
رووداو: با بێینە سەر ئێران، هیچ شتێکی نوێت هەیە لەسەر ئێران؟ لەکاتێکدا پێ دەنێینە هەفتەی حەوتەمی خۆپێشاندانەکان و خەڵکی لە شەقام لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەکوژرێن، ئەمە بەگوێرەی لێکۆڵەری تایبەتی خۆتان لە نەتەوە یەکگرتووەکانە کە وا دەڵێت. سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان هیچ شتێکی نوێی هەیە لەسەر ئەم بابەتە بیڵێت؟
ستیفان دووجاریک: ئێمە زۆر نیگەرانین لە تووندوتیژییەکان و دەبینین کە حەوت هەفتە بەسەر ئەم خۆپێشاندانانە تێدەپەڕێت. ئێمە بە تووندی سەرکۆنەی کوژرانی خۆپێشاندەران لەلایەن هێزە ئەمنییەکان و بەکارهێنانی هێز دژی خۆپێشاندەران دەکەین کە زۆرینەی رەهایان بەشێوەیەکی ئاشتییانە خۆپێشاندان دەکەن. گرنگە کە هێزە ئەمنییەکان لەوێ گەرەنتیی مافەکانی خەڵک بکەن لە ئازادیی گردبوونەوە و خۆپێشاندان. شتێکی دیکەی گرنگ ئەوەیە کە داوا رەواکان لە بواری مافەکانی مرۆڤ، بەتایبەتیش مافەکانی ژنان لەلایەن حکومەتەوە گوێیان لێبگیرێت و دیالۆگێکی نیازپاکانە هەبێت بۆ گوێگرتن لەم ناڕەزایەتییانە و چارەسەریان بۆ بدۆزنەوە.
رووداو: گوتت بەکارهێنانی هێزی زیاد لە پێویست؛ من تێناگەم مەبەستت چییە کە دەڵێی بەکارهێنانی هێزی زیاد لەپێویست، ئەمە واتای چییە؟
ستیفان دووجاریک: ئەوە مانای ئەوەیە کە، چ لە ئێران یان هەر شوێنێکی دیکەی جیهان بێت، کاتێک خەڵکی لە شەقامەکان ناڕەزایەتی دەردەبڕن بەشێوەیەکی ئاشتییانە، دەکرێت بە دەنگی بەرزیشەوە هاوار بکەن و داوای شت بکەن، نابێت بە وتوندوتیژی وەڵامبدرێنەوە. نابێت بە تەقەکردنی راستەوخۆ وەڵامبدرێنەوە. ئەمە بە روونی بەکارهێنانی هێزە بەشێوەیەکی نابەجێ.
رووداو: ئایا سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان سەرکۆنەی مامەڵەی حکومەتی ئێران دەکات لە بەکارهێنانی هێز و کوشتنی خۆپێشاندەران؟
ستیفان دووجاریک: من گوتم کە ئێمە سەرکۆنەی ئەو کوشتنانە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەکەین و سەرکۆنەی بەکارهێنانی نابەجێی هێزیش دەکەین.
رووداو: نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە کردار چییان پێدەکرێت بۆ یارمەتیدانی خەڵکی ئێران؟
ستیفان دووجاریک: پێموایە شتەکە لەبارەی یارمەتیدانی ئێرانە. سکرتێری گشتی لە کاتی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان و دوای ئەوەش لەگەڵ بەرپرسانی باڵای حکومەتی ئێران لە پەیوەندیدا بووە و گرنگە کە پەیامەکە لە هەموو لایەنێکەوە هاوشێوە بێت.
رووداو: دەتوانی باسی ئەمە بکەیت کە نەتەوە یەکگرتووەکان لەناو ئێران چ رۆڵ و بوونێکی هەیە؟
ستیفان دووجاریک: ئێمە نووسینگەمان لە ئێران هەیە هەروەک چۆن لە سەروو 160 وڵاتی دیکە هەمانە. بەردەوامین لە کارکردن لەگەڵ بەرپرسانی ئێران سەبارەت بە پرۆژەی گرنگی پەرەپێدان لە چوارچێوەی رێککەوتنی نێوانمان، هەروەکو چۆن لە وڵاتانی دیکەشدا هەمان شت دەکەین. ئێمە هیچ ئەرکێکی سیاسیمان لە ئێران نییە، بەڵام نووسینگەی نەتەوەیەکگرتووەکان لەوێ هەیە بۆ کارکردن لەگەڵ حکومەتی ئێران لەسەر ئەو پرسانەی لە پەرەسەندنی بەردەوامدان و ئامانجە بەردەوامەکانی گەشەپێدان.
رووداو: لەبەرئەوەی حکومەتی ئێران خەڵکی خۆی دەکوژێت و خۆپێشاندانی سەرانسەری لە هەموو شوێنێکی ئەو وڵاتە ئەنجامدەدرێت، ئایا هێشتا نەتەوە یەکگرتووەکان پێیوایە کە ئەمریکا پێویستە بگەڕێتەوە بۆ رێککەوتننامە ئەتۆمییەکە؟
ستیفان دووجاریک: پێموایە کە گرنگە هەموو شتێک تێکەڵ نەکەین. ئێمە بڕوامان وایە کە رێککەوتنی ئەتۆمیی ئێران وەکو ئامرازێکی گرنگ دەمێنێتەوە لە سنووردارکردنی توانا ئەتۆمییەکانی ئێران. پێمان وایە کە ئەمە دەستکەوتێکی گرنگی دیپلۆماسی بوو. ئەو لایەنانەی کە رێککەوتنەکەیان ئەنجامدا، دەبێت جەخت لەوە بکەنەوە کە رێککەوتنەکە کارا دەبێت. لەبارەی تووندتیژییەکان، پێمانوایە کە دەبێت لێپرسینەوە لەوانە هەبێت کە تەقەیان لە خۆپێشاندەران کردووە و خەڵکییان کوشتووە، بەڵام پێمانوایە کە دەتوانین لە هەردوو پرسەکەدا بەشێوەیەکی ئەرێنی بەرەوپێشەوە بڕۆین.
رووداو: دوێنێ لێکۆڵەری تایبەتی خۆتان داوای دامەزراندنی میکانیزمێکی لێکۆڵینەوەی نێودەوڵەتی سەبارەت بە ئێران کرد؟
ستیفان دووجاریک: پێموایە کە ئەوە بۆ وڵاتانی ئەندام دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی شتێک دروستبکەن ئەگەر بیانەوێت، بەڵام حکومەتی ئێران وەکو هەر حکومەتێکی دیکەی جیهان توانای ئەوەی هەیە کە لێکۆڵینەوە بکات و دڵنیایی ئەوە بدات کە ئەوانەی کوشتن دەکەن لێپرسینەوەیان لەگەڵ دەکرێت. با راستگۆ بین، ئێمە هێزە ئەمنییەکانمان لە ژمارەیەکی زۆر وڵات بینیوە کە لە کوشتنی خەڵکی سڤیل تێوەگلاون. ئینجا لە رۆژئاوا، رۆژهەڵات، باکوور یان باشوور بێت، لە هەموو شوێنێک ئەمەمان بینیوە. ئەوەی گرنگە ئەوەیە کە لێپرسینەوە لەوانە هەبێت کە لەمەدا تێوەگلاون.
رووداو: تۆ دەڵێی لە هەموو جێگەیەک هەیە، بەڵام ئەوەی لە ئێران هەیە زۆر گەورەترە؟
ستیفان دووجاریک: من باسی قەبارەکەی ناکەم؛ من باسی هێزە ئەمنییەکان و پۆلیس دەکەم کە خۆپێشاندەران دەکوژن. ئێمە لە شوێنە جیاجیاکانی جیهاندا بینیومانە. من بەهیچ شێوەیەک بیانوو بۆ ئەمە ناهێنمەوە، تەنیا ئەوە دەڵێم کە ئەمە پرسێکە کە بینیومانە. لەبارەی ئێرانیشەوە، پێموایە کە پەیامەکەمان زۆر روون بووە.