دایکی ئەو سەربازە کوردەی سوپای رووسیا کە لە ئۆکراینا کوژرا: بڕیاربوو هاوسەرگیری بکات


رووداو - رووسیا

سەربازێکی کوردی خەڵكی رووسیا کە بەهۆی سەربازیی ناچارییەوە لەگەڵ سوپای رووسیا لە دژی ئۆکراینا شەڕی دەکرد، لە ئۆکراینا گیانی لەدەستدا. دایکی دەڵێت، بەنیاز بوون ژنی بۆ بهێنن.
 
ئیکرام ماهر، تەمەنی 25 ساڵ بوو، ئەو یەکێک بوو لەو 300 هەزار سەربازەی کە بە فەرمانی پووتین برانە بەرەکانی جەنگ بۆ ئەوەی دژی سوپای ئۆکراینا شەڕ بکەن، بەڵام لەو وڵاتە گیانی لەدەستدا و لە رێوڕەسمێکدا بە ئاڵای کوردستان و رووسیاوە بە خاک سپێردرا.
 
مەدینە مەناف، دایکی ئیکرام ماهیر بە رووداوی گوت، بڕیار بوو هاوسەرگیری بکات، بەڵام چووە ئۆکراینا بۆ شەڕ. دەشڵێت، "هەموو شتێکمان بۆ ئامادە کردبوو و من چاوەڕێی بووم بگەڕێتەوە، بەڵام جەرگم سووتا و نەگەڕایەوە."
 
ئیکرام کوڕی گەورەی ماڵەوە بوو، پێشتر پێنج ساڵ خزمەتی ناچاری لە ریزی سوپای رووسیادا تەواو کردبوو.
 
ماهیر حەسەن، باوکی ئیکرام باس لەوە دەکات، "ناتوانین لێرە هەڵبێین، ئاخر بۆ کوێ بڕۆین؟ هەموو تەمەنمان لە کۆچبەری بەڕێکردووە، ئیدی جارێکی دیکە ناتوانین بڕۆین، ئێرەش وەکو وڵاتی خۆمانی لێهاتووە و دەژین، تاکەی هەر کۆچ بکەین؟ مادام لە کاتی خۆی نەڕۆیشتین ئێستاش ناڕۆین، ئێرەش هەر وڵاتی خۆمانە و دەژین."
 
لە کۆماری ئادگێ و هەرێمی کراسنادار زیاتر لە 20 هەزار کورد دەژین، نزیکەی 200 ماڵی کورد تەنیا لە گوندی یلینۆفک دەژین. دانیشتووانی ئەو گوندەش هاوشێوەی هەموو دانیشتووانی باشووری رووسیا سێ ساڵ پێش ئێستا بە ناچاری لە ئەرمەنستان و ئازەربایجان بەهۆی شەڕی قەرەباخەکان کۆچیان بۆ کۆماری ئادگێ کردووە، بەڵام لەو کۆمارەش شەڕ یەخەی بەرنەدان.
 
کەریم ئلیاس، خاڵی ئیکرام ماهیر باسی لەوە کرد، "خۆزگە ئێمە لە کوردستان بووینایە، بەڵام کە لێرەین ئێرەش وەکو وڵاتی خۆمانە و هەرچۆنێک بێت دەژین. کاتێک دەبینین کە چوار پارچەی کوردستان لە لایەن وڵاتانی زلهێزەوە داگیرکراوە، ئێرە بۆ ئێمە زۆر باشترە."
 
لە رێوڕەسمێکی سەربازیی قەرەباڵخدا تەرمی ئیکرام ماهیر بە ئاڵای کوردستان، رووسیا و کۆماری ئادگێ لە گۆڕستانی کوردەکان بەخاک سپێردرا. لە ماوەی سێ ساڵدا گۆڕستانی کوردەکان لە ئادگێ زۆر قەرەباڵخ بووە، بەڵام گۆڕی ئیکرام دیارترین چیرۆکی گۆڕستانەکەیە.