لە ئەڵمانیا سووریاییەک بە تۆمەتی سووتاندنی دوو باڵەخانە دەستگیر دەکرێت

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
نیاز مستەفا
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

پۆلیسی ئەڵمانیا رایگەیاند، لە رۆژئاوای وڵات پیاوێکی سووریاییان دەستگیر کردووە کە ئاگری لە دوو باڵەخانە بەرداوە و بەهۆیەوە 31 کەس بریندار بوون. دوای ئەو رووداوە، پیاوەکە بە ئۆتۆمبێلێک خۆی بە ئۆتۆمبێلێکی دیکەدا کێشاوە. 

رۆژی یەکشەممە، 29ی ئەیلوولی 2024، پۆلیسی ئەڵمانیا بڵاویکردەوە، دوێنێ کاژێر 5:10ی ئێوارە (بەکاتی ئەڵمانیا) لە شاری ئێسن پەیوەندییان پێوەکرا و ئاگادارکرانەوە لە بوونی ئاگرێک لە یەکێک لە شووقەکانی باڵەخانەیەکی ناوچەی ئەلتنئێسن. پۆلیس دەشڵێت، بەهۆی دووکەڵی ئاگرەکەوە خەڵکی باڵەخانەکە چووبوونە باڵکۆنەکانیان و داوای هاوکارییان دەکرد، لەم رووداوەدا 12 کەس بریندار بوون کە هەشتیان منداڵ بوون و برینی دوویان سەختە. 
 
بە گوێرەی پۆلیسی ئاگرکوژێنەوەی شاری ئێسن، دوای کوژاندنەوەی ئاگری یەکەم ئاگادارکرانەوە کە ئاگر لە شووقەیەکی دیکەی باڵەخانەیەکی نزیک لەو باڵەخانەیەی پێشتر کەوتووەتەوە. پۆلیسی ئاگرکوژێنەوە ئاماژەی بەوەشکرد، لەو رووداوەدا 19 کەس بریندار بوون کە برینی 11یان سەخت بوو. 
 
بەگوێرەی پۆلیسی ئێسن، دوای رووداوی ئاگرکەوتنەوەی دووەم، ئۆتۆمبێلێکی گەیاندنی خواردن لە هەمان ناوچە خۆی بە دوو دووکان لە ناوچەی کاترنبێرگدا کێشا. لەو کاتەدا، ژمارەیەک کەس شۆفێری ئۆتۆمبێلەکە دەستگیر دەکەن کە پیاوێکی تەمەن 41 ساڵی سووریایی بوو. ئەو جگە لەو تۆمەتە، تۆمەتی سووتاندنی دوو باڵەخانەکەشی ئاراستە کراوە. 
 
تۆماس کوفن، سەرۆکشارەوانی ئێسن رایگەیاند، پێدەچێت ئەو کەسە دژی ئەندامانی خێزانەکەی هاندرابێت، کە لە یەکێک لەو دوو باڵەخانەیەدا دەژین. 
 
رۆژی هەینی 13ی ئەیلوولی 2024، داواکاری گشتیی ئەڵمانیا رایگەیاند، هاووڵاتییەکی سووریایی تەمەن 27 ساڵیان دەستگیرکردووە کە بە دوو ساتوور پلانی هێرشکردنە سەر ژمارەیەک سەربازی دانابوو. داواکاری گشتیی دەشڵێت، هێرشکارەکە ویستویەتی لەکاتی پشووی نانی نیوەڕۆدا هێرشەکە بکات.
 
رۆژی 23ی ئابی 2024، پۆلیسی رووبەڕووبوونەوەی تاوانی فیدراڵیی ئەڵمانیا بڵاویکردەوە، پار 266 هەزار و 224 کۆچبەر چوونە ئەو وڵاتە. بە گوێرەی راگەیێندراوەکە، لەو کۆچبەرانەی پار چوونە ئەو وڵاتە 54 هەزار و 207 هاونیشتمانیی رۆژئاوای کوردستان و هاووڵاتیی سووریا بوون، 35 هەزار و 732 هاونیشتمانیی باکووری کوردستان و هاووڵاتیی تورکیا و 35 هەزار و 370شیان کۆچبەری ئەفغانی بوون.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە