رووداو دیجیتاڵ
سەرکردەی 9 وڵاتی سەر دەریای نێوەڕاست و باشووری ئەوروپا داوا لە یەکێتیی ئەوروپا دەکەن هەوڵەکانی چڕ بکاتەوە بە مەبەستی چارەسەرکردنی قەیرانی کۆچبەران.
جیۆرجیا میلۆنی، سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا دوای کۆبوونەوەکەی رۆژی هەینی 29-9-2023 لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە ماڵتا رایگەیاند، ئەو وڵاتانەی شوێنی یەکەمی گەیشتنی کۆچبەرەکانن رووبەڕووی گوشارێکی گەورە بوونەتەوە. ئاماژەی بەوەشکرد، ئەگەر یەكێتیی ئەوروپا چارەسەری گونجاوی نەبێت، کێشەکە هەموو وڵاتەکان دەگرێتەوە.
گەیشتنی ژمارەیەکی زۆر کۆچبەر بۆ دوورگەی لامپێدووسای ئیتاڵیا لە سەرەتای ئەم مانگەدا کێشەی نێو وڵاتانی ئەندام لە یەکێتیی ئەوروپای زیادکرد و جارێکی دیکەش ئەو بابەتەی هێنایەوە بەرباس کە دەبێت یەکێتیی ئەوروپا ستراتیژییەکی نوێی بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکە هەبێت.
هەر لە کۆنفرانسە رۆژنامەڤانییەکەدا ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆککۆماری فەرەنسا داوای "وەڵامێکی یەکگرتووی ئەوروپی" کرد و هانی "هاوسۆزی لەگەڵ ئیتاڵیا دا. دەبێت هاوسۆزییمان بۆ هەموو ئەو وڵاتانە هەبێت کە شوێنی یەکەمی گەیشتنی کۆچبەرانن دوای پەڕینەوە لە دەریا".
کرواتیا، قوبرس، فەرەنسا، یۆنان، ئیتاڵیا، ماڵتا، سلۆڤینیا، ئیسپانیا و پۆرتوگال هاوپەیمانییەکیان بەناوی "مێد 9" پێکهێناوە؛ "مێد" کورتکراوەی "نێوەڕاست"ە و ئاماژەیە بۆ ئەو وڵاتانەی دەکەونە سەر دەریای نێوەڕاست. هەر 9 وڵاتەکە ئەندامی یەکێتیی ئەوروپان و جگە لە قوبرسیش لە ناوچەی شنگدان.
سەرکردەکانی ئەو وڵاتانە رۆژی هەینی لە ماڵتا کۆبوونەوە، ئەوەش دوای ئەوەی رۆژی پێنج شەممە 28-9-2023 وەزیرانی نێوخۆیان لە برۆکسل کۆبوونەوە و جەختیان لەوە کردەوە، دەبێت یەکێتیی ئەوروپا لە رێگەی پەسندکردنی کۆمەڵێک یاساوە قەیرانی کۆچبەران چارەسەر بکات.
سەرکردەکان لە رێگەی راگەیێندراوێکەوە رایانگەیاند، دەبێت یەکێتیی ئەوروپا بیر لە جێبەجێکردنی ستراتیژیەتێک بکاتەوە بۆ ئەوەی هاووڵاتیان لە وڵاتانی دیکەوە کۆچ نەکەن. رۆبێرت ئابیلا، سەرۆکوەزیرانی ماڵتا لەو بارەوە گوتی، "پرسەکە دەبێت لە بناخەوە چارەسەر بکرێت".
ئەم کۆبوونەوەیە و داوایە لە کاتێکدایە، لە 1-1-2023ەوە تاوەکو 1-9-2023 نزیکەی 187 هەزار کۆچبەر گەیشتوونەتە وڵاتانی ئەوروپا؛ ژمارەکە بە درێژایی ساڵی رابردوو 189 هەزار و 620 کەس بوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ