کۆنگرێس بە تۆمەتی "درۆکردن لەگەڵ گەلی ئەمریکا" لێپێچینەوە لە بایدن دەکات

رووداو دیجیتاڵ 

لیژنەی چاودێریی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا یەکەم دانیشتنی تایبەت بە "لێپیچینەوە" لە جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکای کرد، کە ئامانج لێی "دوورخستنەوەیەتی" لە دەسەڵات.
 
دانیشتنەکە، کە رۆژی پێنجشەممە، 28-9-2023 بەڕێوەچوو سەرەتایەکە بۆ دەیان دانیشتنی درێژخایەنی دیکە کە تێیدا هەوڵ دەدرێت بنەمایەک بدۆزرێتەوە بیسەلمێنێت کە: "بایدن دەسەڵاتی خراپ بەکارهێناوە و درۆی لەگەڵ گەلی ئەمریکادا کردووە و دەسەڵاتی سیاسیی خۆی بە قازانجی خێزانەکەی بە تایبەتی هەنتەری کوڕی بەکارهێناوە."
 
جەیمس کومەر، سەرۆکی لیژنە کۆمارییەکە رایگەیاند: "لە مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵ لیژنەی چاودێری دەیان بەڵگەیان کۆکردووەتەوە دەیسەلمێنن کە بایدن پۆستی گشتیی بە سوودی خێزانەکەی بەکارهێناوە؛ بایدن زیاتر لە 10 جار درۆی لەگەڵ گەلی ئەمریکا کردووە."
 
کۆمارییەکان لەو باوەڕەدان کاتێك بایدن جێگری ئۆباما بووە پەیوەندی لەگەڵ چەند کۆمپانیایەکی چینی  و رووسی دروستکردووە.
 
کومەر گوتی: "بایدن درۆی کرد کاتێك گوتی خێزانەکەی هیچ سوودێکی بازرگانی لە چین نەکردووە، چونکە لیژنەی چاودێری ئەو راستییەی ئاشکراکرد ئەو چەندین ملیۆن دۆلاری لە کۆمپانیا چینییەکان دەستکەوتووە، کە پەیوەندییان بە هەواڵگری چینەوە هەیە".
 
بە گوتەی کۆمەر" 9 لە ئەندامانی خێزانی بایدن سوودی داراییان لەو پەیوەندییانە بینیوە و خودی بایدن ئەندازیاری دروستکردنی ئەو پەیوەندییانە بووە."
 
لیژنەکە رایگەیاندووە لە ماوەی 9 مانگی رابردوودا 20 پەڕاوی تایبەت ئامادەکراون دەیسەلمێنن بایدن دەسەڵاتی خراپ بەکارهێناوە".
 
دیموکراتەکان تۆمەتی کۆمارییەکان رە دەکەنەوە و بە "سیاسی" ناوی دەبەن و دەڵێن هەوڵێکە بۆ تۆڵەسەندنەوە لە دیموکراتەکان کە سەرقاڵی دادگاییکردنی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکان.
 
دەستووری ئەمریکا لە ئەگەری ئەنجامدانی تاوانی گەورە وەک خیانەت لە وڵات، رێگە بە دوورخستنەوەی سەرۆک لە دەسەڵات دەدات.
 
ئەنجوومەنی نوێنەران دەست بە دانیشتنە سەرەتاییەکانی تایبەت بە لێپێچینەوە دەکات؛ دوورخستنەوەی سەرۆکی وڵاتیش پێویستی بە رەزامەندی دوو لەسەر سێی  100 ئەندامەکەی ئەنجوومەنی پیرانە.