حاکمی نیویۆرک بەهۆی بارانبارین و لافاوەوە باری نائاسایی راگەیاند

29-09-2023
عەلی زەڵمی
دیمەنێکی لافاوەکەی ئەمڕۆ نیویۆرک. وێنە: JAKE OFFENHARTZ / AP / SIPA
دیمەنێکی لافاوەکەی ئەمڕۆ نیویۆرک. وێنە: JAKE OFFENHARTZ / AP / SIPA
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

بارانێکی بەخوڕ بەشی باکووری رۆژهەڵاتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکای گرتوەتەوە و ئەوەش بووەتە هۆی دروستبوونی لافاو لە چەند شوێنێک؛ لافاوەکە بەشێکی رێگەکانی گواستنەوە و فڕۆکەخانەکانی لە شاری نیویۆرک پەکخستووە. 
 
یەکێک لەو فڕۆکەخانانەی بارانبارینەکە کاریگەری لەسەری هەبووە، فڕۆکەخانەی لاگاردیایە لە نیویۆرک کە لە ئەنجامی باران و لافاو یەکێک لە تێرمیناڵەکانی داخراون. 
 
ئێریک ئادەمز، قایمقامی نیویۆرک داوای لە هاووڵاتیان کرد نەچنە دەرەوە، چونکە شەقامەکان گیراون و لافاو لە بەشێکی شارەکە دروستبووە. 
 
ئێریک ئادەمز لە پەیامێکدا بۆ هاووڵاتیانی نیویۆرک گوتی، "ئەگەر لە ماڵەوەن؛ هەر لە ماڵەوە بمێننەوە. ئەگەر لەسەر کارن یان لە قوتابخانەن، لەم کاتەدا لە شوێنێکی سەلامەتی ئەوێ بن. لافاو لە بەشێکی میترۆکانمان دروستبووە و هاتووچۆکردن لەنێو شارەکەدا زۆر زەحمەتە". 
 
لە هەندێک شوێنی شارەکەدا هێندە ئاو بەرزبووەتەوە کە ئۆتۆمبێلەکان نیوەیان بە ئاو داپۆشراون و هەندێک لە رێگەکانی شارەکەش بە تەواوی داخراون. 
 
بەشێک لە هاووڵاتیان رەخنە لە بەرپرسانی شارەکە دەگرن و دەڵێن، ئەوەی پێویستە نایکەن. ئەحمەد عەبدو، هاووڵاتیەکی تەمەن 50 ساڵەی بە رەچەڵەک میسرییە و لە نیویۆرک شۆفێری تەکسییە. ئەحمەد دەڵێت، "میترۆکانی شارەکە زۆر خراپن. هەموو با و بارانەکان ساڵانە لە هەمان کاتدا دێن. دەبێت کاری باشتر بکەین". 
 
بەڵام رۆهیت ئەوڤەرئۆڵ، سەرۆکی لیژنەی پاراستنی ژینگەی نیویۆک دەڵێت، کاریگەرییەکانی دیاردەی گۆڕانی کەشوهەوا زۆر لەوە گەورەتر و خێراترن بەرپرسانی شارەکە بتوانن رێگری لەم جۆرە رووداوانە بکەن. 
 
ئەوڤەرئۆڵ دەڵێت، "ئەم شێوازی کەشوهەوایە بریتییە لە ئەنجامی دیاردەی گۆڕانی کەشوهەوا. ئەوەی جێگەی نیگەرانییە ئەوەیە کە کەشوهەواکە هێندە خێرا دەگۆڕدرێت، ژێرخانەکەمان توانای وەڵامدانەوەی نییە". 
 
کاتی هۆچوڵ، پارێزگاری نیویۆرکیش بەهۆی ئەو دۆخەی دروستبووە باری نائاسایی بۆ شارە 8.5 ملیۆن کەسەکە راگەیاند. 
کەشناسی ئەمریکاش پێشبینی دەکات بارانبارین بە درێژایی ئەمڕۆ بەردەوام بێت، بە جۆرێک لە کاژێرێکدا نزیکەی 5.1 سانتیمەتر ببارێت و ئەوەش ببێتە هۆی دروستبوونی لافاوی زیاتر. 
 
کەشناسی پێشبینی دەکات بڕی ئەو بارانەی بە درێژایی رۆژی هەینی دەبارێت بگاتە نزیکەی 18 سانتیمەتر.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

پیاوێک بە بەردەم بۆرسەی نیویۆرک دا تێدەپەڕێت. وێنە: Reuters

پیاوێکی ئەمریکی بە گومانی پلاندانان بۆ تەقاندنەوەی بۆرسەی نیویۆرک دەستگیرکرا

پیاوێکی ئەمریکی تەمەن 30 ساڵ بە گومانی پلاندانان بۆ تەقاندنەوەی بۆرسەی نیویۆرک دەستگیرکرا. پلانەکەی دوای ئەوە ئاشکرابووە کە لەو بارەیەوە گفتوگۆی لەگەڵ چەند کەسێک کردووە بۆ ئەوەی هاوکاری بکەن، بەڵام نەیزانیوە کارمەندی پۆلیسن.