ژمارەیەک خۆپێشاندەری دژی ئێران لە نەرویج لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیر دەکرێن
رووداو- هەولێر
خۆپێشاندان دژی بۆردوومانکردنی بارەگای حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە شاری ئۆسلۆی پایتەختی نەرویج بەڕێوەچوو.
کارۆخ باوەجانی، هاونیشتمانییەکی بەشداربووی خۆپێشاندانەکە بوو و، رۆژی پێنجشەممە 29-9-2022 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، زیاتر لە 500 کەس لە دانیشتووانی نەرویج لە بەردەم باڵیۆزخانەی ئێران کۆبوونەوە و هەوڵیاندا بە بەرد هێرش بکەنەسەر باڵیۆزخانەکە، بەڵام پۆلیسی نەرویج رێگری لێکردن.
بەگوتەی ئەو بەشداربووەی خۆپێشاندانەکە، پۆلیسی نەرویج بە گازی فرمێسکڕێژ رێگری لە خۆپێشاندەران کردووە لەوەی کە نزیک باڵیۆزخانەی ئێران بکەونەوە و بەهۆیەوە ژمارەیەک لە بەشداربووان تەندروستییان تێکچووە.
بەپێی ئەو گرتە ڤیدیۆییانەی بە تۆڕی میدیایی رووداو گەیشتوون، پۆلیس دەوری خۆپێشاندەرانی داوە و دەستبەسەریان دەکات.
کارۆخ باوەجانی دەڵێت، زیاتر لە 100 کەس لەلایەن پۆلیسەوە دەستبەسەرکران.
پۆلیسی نەرویجیش لەو بارەوە بڵاویکردەوە، خۆپێشاندەران توڕە بوون و ژمارەیەکیان هەوڵیانداوە بچنە نێو باڵیۆزخانەی ئێرانەوە لەو شارە. بە گوتەی پۆلیسی نەرویج، گرژی دروستبووە و لە ئەنجامدا دوو کەس بە سووکی برینداربوون.
پۆلیسی نەرویج باس لەوە دەکات، رێکاری پێویستیان گرتەبەر و بەو جۆرەش توانییان دۆخەکە کۆنترۆڵبکەن.
رۆژی 28ى ئەیلوولى 2022 سوپاى پاسدارانى کۆمارى ئیسلامیى ئێران چەند ناوچەیەکى هەرێمى کوردستانى بۆردوومان کرد. بە گوێرەی سوپای پاسداران، هێرشەکان لە رێگەی 73 مووشەک و دەیان درۆنی بۆمبڕێژکراوەوە بووە بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی پارتەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە کۆیە، زڕگوێز و شێراوە.
بەهۆى ئەو بۆردوومانانەوە لانیکەم 17 کەس گیانیان لەدەستدا و سەرووی 45ی دیکەش بریندار بوون.