رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ و جۆ بایدن، بەربژێرانی سەرۆکایەتیی ئەمریکا لە دیبەیتێکدا رووبەڕووی یەکدی دەبنەوە. ئەوەی چەند مانگە لە پاشەملە بەیەکدیی دەڵێن، ئەمجارە رووبەڕوو چاو دەخەنە نێو چاوی یەکدی و هەرچی لەسەر یەکدی دەیزانن بۆ رای گشتی دەیخەنەڕوو.
ئەو رووبەڕووبوونەوەیە لەلایەن شرۆڤەکارانی سیاسی بە "گەرموگوڕترین دیبەت لە مێژووی ئەمریکا" ناودەبرێت.
هۆکارێکی لەبەر ئەوەیە ترەمپ ئەو سەرکردە ئەمریکییەیە کە بەهۆی بڕیار و هەڵسوکەوتە شازەکانی زۆرترین باسوخواسی لەسەرە، هۆکارەکەی دیکەشی ئەوەیە دیموکراتێک دەیەوێت کۆتایی بە سەردەمەکەی بهێنێت.
جۆناتان لیمیر ، شرۆڤەکاری سیاسی لەبارەی ئەو دیبەیتەوە دەڵێت: "پێشبینی هەندێ هێرشی توندی تاکەکەسی بۆ سەر خێزانی بایدن و بەدیاریکراویش کوڕەکەی هەندەر بایدن دەکەین لەسەر ئەو تۆمەتانەی کە پشتڕاستنەکراونەتەوە کەل ەسەر ئەنجامدانی گرێبەسەتی نەشیاو ئاراستەی دەکرێن، ئینجا لەگەڵ ئۆکراینا ئەنجامی دابێت یاخود لەگەڵ لایەنێکی دیکە".
ترەمپ و بایدن هەردووکیان خۆیان ئامادەکردووە هێرشبکەنە سەر خاڵی لاوازی یەکدی، ئەگەر خاڵی لاوازی بایدن دەنگۆی پڕۆژە بازرگانییە نایاساییەکانی کوڕەکەی بن لەگەڵ ئۆکراینا، هی ترەمپ ئەو باجانەیە کە دەگوترێت لە هەڵبژاردنییەوە بە سەرۆک نەیگەڕاندوونەتەوە.
جۆناتان لیمیر ، ئەوەش دەڵێت، کە هەواڵەکانی ئەم داوییە کاریگەرییان بەسەر ئەم دیبەتیەوە دەبێت. پێشبینی دەکات بایدن لەسەرەتای دیبەتەکەوە هەندێ دەمەقاڵێ و تۆمەتبارکردنی ترەمپ لەسەر گەڕاندنەوەی باجەکانی بکات. "ئەمەش بەهۆی ئەوەیە کە سەرۆک ترەمپ لە ساڵێکدا تەنیا 750 دۆلار باجی داوە. پێموایە گفتوگۆ لەسەر پۆستی دادگای باڵا و شەڕی پشتراستکردنەوەی دادوەر بارێت دەبیستین".
دەبێت بایدن باش خۆی ئامادەکردبێت بۆ دیبەیتەکە، کە کاژێر 04:00ی بەرەبەیان بەکاتی هەولێر دەکرێت و 90 خولەک دەخایێنێت ، چونکە ترەمپ بەوە ناسراوە ئەوەی بێتە سەر زمانی نایگەڕێنێتەوە.
هەرچەندە لە دیبەیتەکەی ساڵی 2016دا زۆر لەدەمەقاڵییەکانی لەگەڵ هیلاری کلینتن بە گاڵتەپێکردن ناوبران، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا توانی بە بەڵێنەکانی و ئاشکراکردنی خاڵی لاوازی بەربژێری بەرامبەر ببێتە 45ەمین سەرۆکی ئەمریکا.
هەردوو کاندیدەکە تاوەکو رادەیەکی زۆر بۆ ئەمریکییەکان ناسراون. ترەمپ ماوەی چوار ساڵە سەرۆکی ئەمریکایە و لە هەڵبژاردنەکەی 2016 وەک کەسێکی کێشەساز لە دیبەتەکان و بێباک لە سووکایەتی بە بەرامبەرەکان ناسراوە. لەکاتێکدا بایدن ئەوە سێیەم جارە خۆی بۆ پۆستی سەرۆکایەتیی ئەمریکا دەپاڵێوێت و ماوەی 8 ساڵیش وەک جێگری سەرۆکی ئەمریکا کاری کردووە.
جۆزێف بایدن سێ جار خۆی بۆ پۆستی سەرۆکایەتی پاڵاتووە، بەڵام تەنیا لە هەڵبژاردنەکەی 2020 توانیویەتی بگاتە قۆناخی کۆتایی هەڵمەتەکان، کە تێیدا بەربژێری دیموکرات رووبەڕووی بەربژێری کۆماری دەبێتەوە. بایدن یەکەمجار لە حوزەیرانی 1987 بەشداری خۆی لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکای راگەیاند، بەڵام لە کاتی کەمپەینی هەڵبژاردنەکانی ئەوکاتدا تۆمەتبار کرا بەوەی گوتەی نەیڵ کینۆک، سەرکردەی ئەوکاتی پارتی کاری بەریتانیای لە بابەتەکانی نیویۆرک تایمز و زی دۆس مۆینز رێجیستەر بەکارهێناوە، بەبێ ئەوەی ئاماژە بە سەرچاوەکەی بدات. بایدن لە 23ی ئەیلوولی 1987 کشانەوەی خۆی لە قۆناخی پاڵاوتنی هەڵبژاردنەکان راگەیاند.
جاری دووەمیان لە کانوونی دووەمی 2007 بوو، بەڵام لە کانوونی دووەمی 2008 لە رکابەرییەکان کشایەوە.
دیبەتەکان و هەڵبژاردنی ئەمساڵ لە کاتێکدا بەڕێوەدەچێت، کە ئەمریکا لەڕووی ژمارەی تووشبوون و مردن بە کۆرۆنا لە پلەی یەکەمی جیهان دێت. سەرۆکی داهاتووی ئەمریکا دەبێت بیر لە چۆنێتی خاوکردنەوەی رەوتی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە و ئاساییکردنەوەی ژیان و دۆخی ئابووری ئەمریکا بکاتەوە.
تەوەرە سەرەکییەکانی یەکەم دیبەت:
+ رابردووی ترەمپ و بایدن
+ دادگای باڵا
+ کۆڤید- ١٩
+ ئابووری
+ کێشەی نەژاد لە ئەمریکا و تووندوتیژییەکانی شارەکان
+ پاک و بێگەردبوونی هەڵبژاردنەکان
کاریگەرییەکانی کۆرۆنا لەسەر دیبەتەکە:
-یەکەم دیبەتی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا بڕیاربوو لە زانکۆی نۆترێ دام بکرێت، بەڵام زانکۆکە بە هۆی نیگەرانییەکانی لە بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا پاشگەزبووەوە.
-بە پێچەوانەی دیبەتی ساڵانی رابردوو، دوو بەربژێرەکە لەگەڵ یەکدی و لەگەڵ بەڕێوەبەری دیبەیتەکە تەوقە ناکەن. لە دیبەتەکەی ئۆکتۆبەری 2016ی نێوان هیلاری کلینتن و دۆناڵد ترەمپیشدا، هیچکامیان ئامادە نەبوون لەگەڵ یەکدی تەوقە بکەن، بەڵام ئەوکات هۆکارەکەی تووند و گرژبوونی کەمپەینی هەڵبژاردنەکان بوو.
- ئەمساڵ "ژووری سووڕاو" نابێت، کە تێیدا رۆژنامەنووسان دوای دیبەتەکە بۆچوونی لایەنگرانی هەرکام لە دوو بەربژێرەکە وەردەگرن.
- هەموو گوێگرانی ناو هۆڵی دیبەتەکە پشکنینی کۆرۆنایان بۆ دەکرێت.
- لە دۆخێکی ئاساییدا 900 بۆ 1200 کەس لە هۆڵی دیبەیتەکە دادەنیشن، لە کاتێکدا ئەمساڵ بەهۆی کۆرۆناوە تەنیا 60 بۆ 70 کەس لە هۆڵەکە دادەنیشن. بەڕێوەبەری یەکەم دیبەتیش کریس واڵس، پێشکێشکاری بەنێوبانگی کەناڵی فۆکس نیوز دەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ