رووداو دیجیتاڵ
هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا کەمتر لە 10 هەفتەی ماوە؛ هەربۆیە رۆژ دوای رۆژ بانگەشەی هەڵبژاردن گەرمتر دەبێت. پرسی گەرمی بانگەشەش شەڕی غەززە و هەژموونی ئێرانە لە ناوچەکەدا.
جەی دی ڤانس، بەربژێری کۆمارییەکان بۆ جێگری سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت: "کامالا هاریس ملیاران دۆلاری بە ئێرانییەکان داوە تاوەکو بتوانن چەک بکڕن و نەک تەنیا هێرش بکەنە سەر ئیسرائیل، بەڵکو هێرش بکەنە سەر ئەمریکییەکانیش. حەماسیش رێکخراوێکی خراپەکارە و هاوکاریی ئیسرائیل بکەین تاوەکو حەماس لەسەر رووی زەوی نەهێڵێت و جەنگەکە کۆتایی پێ بێنێت."
بەگوێرەی نوێترین راپرسی، لەسەدا 33 لایەنگرانی کامالا هاریس پێیان گرنگە ئەمریکا رۆڵێکی کارای لە چارەسەرکردنی پرسە نێودەوڵەتییەکان هەبێت؛ لە بەرامبەردا تەنیا لەسەدا 20ی لایەنگرانی ترەمپ لەو بڕوایەدان، دەبێت ئەمریکا خۆی تێکەڵی پرسە جیهانییەکان بکات.
کامالا هاریس، بەربژێری دیموکراتەکان دەڵێت: "هەرگیز دوودڵ نابم لەوەی هەر کارێک پێویست بێت بیکەم بۆ پاراستنی هێزەکانمان و بەرژەوەندییەکانمان، بەرامبەر ئێران و هێزەکانی پاڵپشتییان دەکات. لەهەمان کاتدا کار دەکەین بۆ پاراستنی ئیسرائیل و کۆتاییهێنانی نەهامەتییەکان لە غەززە تاوەکو فەلەستینییەکان بتوانن بڕیار لە چارەنووسی خۆیان بدەن."
راپرسییەکی نوێ نیشانی دەدات، 46٪ـی کۆمارییەکان پرسەکانی تایبەت بە سیاسەتی دەرەوەی بە پرسی یەکلاییکەرەوە دەزانن؛ بەرامبەر بە 34٪ بۆ دیموکراتەکان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ