رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی ئیسپانیا گەشتەکەی بۆ وڵاتانی رۆژئاوای ئەفریقا دەستپێکرد. پێدرۆ سانچێز چووە مۆریتانیا، گامبیا و سەنیگال.
پێدرۆ سانجێز، سەرۆکوەزیرانی ئیسپانیا دەڵێت: "بۆ ئەوەی دژی هەڕەشەی سەر ئاسایشی کۆمەڵگەکانمان بووەستینەوە، گرنگە ئەو کەسانەی بەشێوەیەکی نایاسایی دێنە ئیسپانیا بیانگەڕێنینەوە وڵاتەکانی خۆیان، چونکە گەڕاندنەوەی ئەو کەسانە پەیامێکی روون و بەهێزە بۆ مافیاکان و ئەو کەسانەشی کە خۆیان دەخەنە ژێر دەستییان".
سەرۆکوەزیرانی ئیسپانیا لەگەڵ حکومەتەکانی ئەو وڵاتانە رێککەوتنی واژۆ کرد.
بەگوێرەی رێککەوتنەکە، وڵاتە ئەفریقییەکان رێگری لە چوونی کۆچبەرانی نایاسایی بۆ ئیسپانیا دەکەن و کۆمپانیا ئیسپانییەکانیش کار بۆ زیادکردنی دەرفەتی کار لەو وڵاتانە دەکەن.
ئەوە لەکاتێکدایە، بەرپرسانی ئیسپانیا دەڵێن، تەنیا لە مۆریتانیا 200 هەزار کەس ئامادەکاری دەکەن لە رێگەی دوورگەکانی کەناریی ئیسپانیاوە کۆچی وڵاتانی رۆژئاوای ئەورووپا بکەن.
بەشێک لەو ئەفریقییانەش کە پلانی کۆچکردنیان هەیە دەڵێن، ئەگەر دەرفەتییان لە وڵاتەکانی خۆیان هەبێت، ئامادەنین ژیانی خۆیان بخەنە مەترسییەوە.
کادی ساو، هاووڵاتی سەنیگالی دەڵێت: "دوای راهێنانپێکردنمان پێشبینی دەکەین لێرە لە سەنیگال لە کۆمپانیا ئیسپانییەکان کارمان دەست بکەوێت. لە سەنیگال چەندین دەزگای بیانی هەن کار بە خەڵک دەدەن، ئەوەش گرنگە چونکە دەبێتە هۆی ئەوەی کۆچکردن سنووردار بێت. ئێمە دەمانەوێت لێرە بمێنینەوە، کار بکەین و وڵاتەکەمان بەرەوپێشەوە ببەین".
وەزارەتی ناوخۆی ئیسپانیا دەڵێت، لە شەش مانگی سەرەتای ئەم ساڵدا چوونی کۆچبەران لە رۆژئاوای ئەفریقاوە بۆ ئیسپانیا بە رێگەی نایاسایی بە رێژەی 126٪ بەراورد بە هەمان ماوەی پار زیادیکردووە و 22 هەزار و 304 کەسیان لە رێگەی دوورگەکانی کەنارییەوە بووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ