بەریتانیا بەنیازە کۆچبەران رەوانەی عێراق بکاتەوە

29-08-2024
هاوار عەبدولڕەزاق @HawarAAli
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

حکومەتی بەریتانیا ژمارەیەک گرێبەستی بۆ ئەو کۆمپانیایانە راگەیاندووە کە دەیانەوێت لە دیپۆرتکردنەوەی کۆچبەران بۆ 11 وڵات هاوکاریی بکەن، یەکێک لەوانیش عێراقە.
 
رۆژی پێنجشەممە، 29ـی ئابی 2024، حکومەتی بەریتانیا بەرنامەیەکی بە ئامانجی خێراکردنی دیپۆرتکردنەوەی کۆچبەرانی نایاسایی بۆ 11 وڵات راگەیاند کە لەنێویاندا عێراق هەیە. 
 
حکومەت دەڵێت، مەبەست لەو بەرنامەیە کەمکردنەوەی ژمارەی کۆچبەرانی نایاساییە لە وڵاتەکەی، کە مافی کارکردن و خوێندنیان نییە. 
 
بەهای گرێبەستەکانی حکومەتی بەریتانیا تایبەت بەو بەرنامەیە دەگاتە 15 ملیۆن پاوەند و بۆ 3 ساڵە. 
 
حکومەت بەدوای هاوبەشدا دەگەڕێت تاوەکو هاوکاریی ئەو کۆچبەرانە بکات کە دیپۆرتی وڵاتانی خۆیان دەکرێنەوە. ئەو هاوکارییە دەکرێت لە گەڕاندنەوەی کۆچبەرەکان و دەکرێت لە هاوکاریکردنیان لە وڵاتی خۆیاندا بێت. 
 
ئەو وڵاتانەی حکومەتی بەریتانیا دەیەوێت کۆچبەرەکانی بۆ بنێرێتەوە بریتین لە؛ ئەلبانیا، بەنگلادیش، ئەسیوپیا، غانا، هیندستان، عێراق، جامایکا، نایجیریا، پاکستان، ڤیێتنام و زیمبابۆی. 
 
حکومەتی بەریتانیا پلانی هەیە لە 6 مانگی داهاتوودا 14 هەزار و 500 کۆچبەر دیپۆرت بکاتەوە. بەشێکیان ئەو کۆچبەرانەن تاوانیان کردووە.
 
حکومەتی بەریتانیا پلانی هەیە ئەو کۆچبەرانەش بنێرێتەوە کە لە وڵاتەکەی بە نایاسایی دەژین و کاردەکەن، ئەگەر ژینگەی وڵاتەکەیان گونجاو بێت و هەڕەشە لەسەر ژیانیان نەبێت. 
 
لە 6 ساڵی رابردوودا زیاتر لە 20 هەزار هاونیشتمانی لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، نزیکەی 18 هەزار کەس لە ئەفغانستان، نزیکەی 16 هەزار کەس لە باشووری کوردستان و عێراقەوە بە بەلەم بەشێوەی قاچاخ چوونەتە بەریتانیا. دەیان هەزار هاووڵاتی لە دەیان وڵاتی دیکەشەوە چوونەتە ئەو وڵاتە.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وێنەی دوو هاونیشتمانییەکە کە ئاژانسی تاوانی نیشتمانیی بەریتانی بڵاویکردووەتەوە

دوو هاونیشتمانی بە بردنی کۆچبەران بۆ بەریتانیا بە تاوانبار ناسێندران

دوو کوردی دانیشتووی بەریتانیا لە دادگەیەکی ئەو وڵاتە دانیان بەوەدا نا کە خەڵکیان بە قاچاخ بردووەتە ئەو وڵاتە. ئاژانسی تاوانی نیشتیمانیی بەریتانیا دەڵێت، قاچاخچییەکان چەندین ئۆفەری جیاوازیان پێشکێش بە کۆچبەران کردووە و زۆربەی کۆچبەرەکانیش گەیشتوونەتە بەریتانیا