پارێزگایەکی چین خەڵات دەداتە ئەو کچانەی زوو شوو دەکەن

 
رووداو دیجیتاڵ

پارێزگایەکی رۆژهەڵاتی چین دەستپێشخەرییەکی نوێی رایگەیاندووە و تێیدا پارە بە هەر کچێک دەدات لە تەمەنی 25 ساڵ و بەرەو ژێر هاوسەرگیری بکات.
 
رۆژی سێشەممە 29-08-2023 پارێزگای چانگشان لە دەستپێشخەرییەکیدا رایگەیاند، پارەی کاش دەداتە ئەو کچانەی کە لە تەمەنی 25 ساڵی بەرەو ژێر هاوسەرگیری دەکەن.
 
خەڵاتەکە هەزار یووانە کە دەکاتە نزیکەی 137 دۆلار و یەکێكە لە هەوڵەکانی چین بۆ هاندانی گەنجان بۆ پێکهێنانی ژیانی هاوسەرگیری، کە داتا فەرمییەکان ئاماژە بە داکشانی دەکەن.
 
دەستپێشخەرییەکە لە چوارچێوەی پرۆژەیەک بەناوی "هاوسەرگیری و منداڵخستنەوە لە تەمەنی گونجاو"دا راگەیێندراوە، کە تێیدا چەندین هاوکاریی دارایی بۆ هاوسەرانی خاوەن منداڵی تێدایە.
 
لانیکەمی تەمەنی یاسایی هاوسەرگیری لە چین 22 ساڵ بۆ پیاوان و 20 ساڵ بۆ ژنانە.
 
لە چەند ساڵی رابردوودا هاوسەرگیری لەو وڵاتە بە رێژەیەکی بەرچاو داکشاوە. لە ساڵی 2022دا کەمترین هاوسەرگیری لە چین تۆمار کراوە، کە 6.8 ملیۆن هاوسەرگیری بووە.
 
لە ساڵی 1950 کە نەتەوە یەکگرتووەکان دەستی بە تۆمارکردنی ژمارەی دانیشتووانی وڵاتانی جیهان کرد، چین لە پلەی یەکەم و هیندستان لە پلەی دووەمدا بووە، بەڵام لە کۆتایی مانگی نیسانی 2023، هیندستان بە ملیارێك و 425 ملیۆن کەس بۆ یەکەمجار بە چین گەیشت کە هەمان ژمارەی دانیشتووی هەبوو، پاشان بە 4 ملیۆن کەس پێشی کەوت و ئێستا ژمارەی دانیشتووانی هیندستان ملیارێک و 429 ملیۆن کەسە.
 
هۆکاری داکشانی رێژەی هاوسەرگیری بۆ گرانیی خەرجیی بەخێوکردنی منداڵ و کەمیی دەرفەتی کار بۆ ژنانی خاوەن منداڵە؛ ئەوەش جگە لە کەمیی متمانەی گەنجان بە باش بەڕێوەچوون و بەردەوامیی گەشەی ئابووریی وڵات کە حەزیان بۆ هاوسەرگیری و خستنەوەی منداڵ کەم دەکاتەوە.