ناسا کاتی هەڵدانی مووشەکەکەی بۆ سەر مانگ دواخست

 
رووداو دیجیتاڵ

بەهۆی کێشەی تەکنیکییەوە، ئاژانسی بۆشایی ئاسمانیی ئەمریکا، ناسراو بە ناسا، کاتی هەڵدانی مووشەکەکەی بەرەو خولگەی هەسارەی مانگ بۆ ماوەی چوار رۆژ دواخست، کە بڕیار بوو ئەمڕۆ کاژێر 15:33 بە کاتی هەولێر مووشەکەکە لە ویلایەتی فلۆریداوە بۆسەر مانگ هەڵبدرێت.
 
ئاژانسی بۆشایی ئاسمانی ئەمریکا - ناسا لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرای کرد، بەهۆی کێشەی بزوێنەری مووشەکەکەوە، هەڵدانی مووشەکەکە بۆسەر مانگ لە کاتی دیاریکراوی خۆی دواخراوە بۆ رۆژی هەینی 2ی ئەیلوولی داهاتوو.
 
لە راگەیێندراوێکەی ناسادا هاتووە، پێش 40 خولەک لە هەڵدانی مووشەکەکە، لە سەنتەری بۆشایی ئاسمانیی کەنەدی لە فلۆریدا، کێشە لە یەکێک لە بزوێنەرە سەرەکییەکانی مووشەکەکە دروستبووە.
 
سەرەڕای ئەوەی ئاژانسی ناسا رۆژی 2ی ئەیلوولی دیاریکردووە بۆ هەڵدانی مووشەکەکە، بەڵام ئاماژەشیان بەوە کردووە کە کاتی هەڵدانی مووشەکەکە پەیوەستە بە چاکبوونەوەی بزوێنەرەکەوە و ئەگەریش لە 2ی مانگ کێشە تەکنیکییەکان چارەسەر نەکرێن، ئەوا رۆژی 5ی ئەیلوول دیاریدەکرێت بۆ هەڵدانی.
 
بڕیاربوو مووشەکەکە، کە بە بەهێزترین مووشەکی ناسا ناسراوە لە مێژووی ئاژانسی بۆشایی ئاسمانیی ئەمریکا دروستکرابێت، بەرەو بۆشایی ئاسمان هەڵبدرێت و بەمەش لەدوای 50 ساڵ، دەبێتە یەکەم گەشتی ناسا بۆسەر مانگ.
 
بەگوێرەی پلانەکەی ئاژانسی ناسا، ئەمجارە ئاژانسەکە بەنیازە لەو گەشتەیدا وێستگەیەکی هەمیشەیی لەسەر مانگ دابمەزرێنێت و لەو وێستگەیەشەوە بەنێو کۆمەڵەی خۆردا گەشت بکات، بڕیاریشە لە درێژەی گەشتەکەی ناسادا لەدوای گەیشتنیان بۆسەر مانگ دەیانەوێت گەشتێک بەرەو هەسارەی مەریخ بکەن.