گەشتی ناسا بەرەو مانگ و لەوێشەوە بۆ مەریخ

 
رووداو دیجیتاڵ
 
ئەمڕۆ بەهێزترین مووشەکی ناسا کە تائێستا دروستکرابێت، هەڵدەدرێتە بۆشایی ئاسمان و بەرەو خولگەی مانگ بەڕێدەکەوێت. ئەمەش دوای 50 ساڵ لە گەشتەکەی ئەپۆڵۆ، دەبێتە یەکەم گەشتی ناسا بۆ سەر مانگ. بەڵام ئەمجارەیان ناسا چاوی لەوەیە وێستگەیەکی هەمیشەیی لەسەر مانگ دامەزرێنێت و لەوێوە گەشت بەنێو کۆمەڵەی خۆردا بکات. یەکەم ئامانجی ناساش لەدوای گەیشتنی بە مانگ، گەشتکردنە بەرەو مەریخ کە بە هەسارە سوورەکە ناسراوە. 
 
گەشتەکەی ناسا ئەمڕۆ کاژێر 8:33 بەکاتی نێوخۆی فلۆریدا و کاژێر 3:33 ی دوای نیوەڕۆ بە کاتی هەولێر لە سەنتەری بۆشایی ئاسمانی کەنەدی لە ویلایەتی فلۆریدا ئەنجامدەدرێت. ئەو مووشەکەی کەشتییەکەی لەسەر جێگیرکراوە، بەرزییەکەی 98 مەترە و تیرەکەشی 8.4 مەترە. کۆی کێشی مووشەکەکە 2 هەزار و 866 تۆنە، کە دەکاتە کێشی هەشت فڕۆکەی پڕی جەمبۆ جێت. 
 
کەشتییەکە لەدوای 2 خوولەک لە هەڵدانی لە مووشەکەکە جیادەبێتەوە و سێ خوولەک و 40 چرکەی پێویستە تاوەکو بگاتە خولگەی زەوی. هەروەها ماوەی 8 بۆ 14 رۆژی دەوێت تاوەکو بگاتە خوولگەی مانگ. 
 
گەشتەکەی ناسا ناوی ئارتێمیسی یەکە. پلەبەندییەکەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ناسا بە سێ قۆناخدا دەڕوات تاوەکو شوێنپێی خۆی لەسەر رووی مانگ جێگیر دەکات. 
 
چاوەڕوان دەکرێت ئەمڕۆ لە کەناراوەکانی فلۆریدا دەیان هەزار کەس و لە تەواوی جیهانیشدا ملیۆنان کەس بینەری ساتی دەستپێکردنی گەشتەکەی ناسا بکەن. لەنێویدا، کامالا هاریس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا لە کەناراوەکانی فلۆریدا ئامادە دەبێت. 
 
هاوکات ئەو هۆتێلانەی لە دەوروبەری کەناراوەکانی فلۆریدان، پێشوەختە لەلایەن خەڵکەوە بەکرێ گیراون و چاوەڕوان دەکرێت لەنێوان 100 هەزار تاوەکو 200 هەزار کەس تەنیا لە باڵکۆنی هۆتێلەکانیانەوە تەماشای ئەو ساتە کەموێنەیە بکەن. 
 
ئەم گەشتەی ناسا گەشتێکی تاقیکارییە. واتە بەبێ سەرنشین ئەنجامدەدرێت. ماوەی گەشتەکە 42 رۆژ دەبێت؛ لەو ماوەیەدا مووشەکەکە دەچێتە نێو خوولگەی مانگ و دێتەوە سەر زەوی. لەم گەشتەدا توانای مووشەکەکە تاقیدەکرێتەوە بۆ ئەوەی لە گەشتی دووەمدا کە ناوی ئارتێمیس دووە، لە ساڵی 2024 دا چوار کەشتیوان بنێرێتە خوولگەی مانگ و لە گەشتی ئارتێمیسی سێشدا کە کۆتایی ساڵی 2025 ئەنجامدەدرێت، دوو مرۆڤ بنێرێتە سەر رووی مانگ. لەو دوو مرۆڤەی کە ناسا لە ساڵی 2025 دا دەینێرێتە سەر رووی مانگ، دەبێتە یەکەمجار کە یەکێکیان ژنێک بێت و ئەوی دیکەش کەسێک بێت کە سپی پێست نەبێت، واتە دەکرێت رەشپێست بێت یانیش گەنمڕەنگ بێت. 
 
رۆژی شەممە، 27ـی ئابی 2022 بیڵ نێڵسۆن، بەڕێوبەری ئیداریی ناسا گوتی، "ئەم گەشتە بە هیوا و خەونێکی زۆری ژمارەیەکی زۆری خەڵکییەوە دەستپێدەکات. هەروەها ئێمە ئێستا نەوەی ئارتێمیسین". 
 
گەشتێکی 42 رۆژی 
 
مووشەکە سپی و پڕتەقاڵییەکە، هەفتەیەکە لە سەنتەری بۆشایی ئاسمانیی کەنەدی جێگیرکراوە و چاوەڕێی هەڵدانە. شەوی یەکشەممە لەسەر دووشەممە تانکیی سووتەمەنییەکانی بە زیاتر لە 3 ملیۆن لیتری هایدرۆجین و ئۆکسجین پڕکراون. ناساش دەڵێت، هەلی لەباربوون و گونجاوبوونی کەشوهەوا بۆ هەڵدانی مووشەکەکە 80٪ـە.  
 
لە کاتی هەڵدانی مووشەکەکە، بۆ یەکەمجار ژنێک بە ناوی چاڕڵی بلاکوێڵ تۆمسۆن گڵۆپی سەوزی کۆتایی بۆ هەڵسانی مووشەکەکە دادەگیرسێنێت. ئەوەش لەکاتێکدایە کە ئێستا ژنان 30٪ـی کۆی ستافی ناسا لە ژووری کۆنتڕۆڵ پێکدێنن. لە کاتی گەشتەکەی ئەپۆڵۆ، تەنیا یەک ژن لە گەشتەکەدا هەبوو. 
 
11 کامێرا لە ناوەوە و دەرەوەی کەپسولەکەی ئارتێمیس جێگیرکراون بۆ ئەوەی هەموو ساتێکی گەشتە 42 رۆژییەکەیان بۆ تۆمار بکات، هەر لە کاتی هەڵدانیەوە تاوەکو دەگەڕێتەوە سەر رووی زەوی. 
 
کەپسوولەکەی ئارتێمیس ناوی ئۆریۆنە و لەدوای دوو خوولەک لە هەڵدانی، لە مووشەکەکە جیادەبێتەوە و گەشتەکەی بەرەو خوولگەی مانگ بەردەوام دەکات تاوەکو بە دووری 100 کیلۆمەتر لە مانگ نزیکدەبێتەوە. دواتر بە بەکارهێنانی بزووێنەرەکانی، لە تاوەکو دووریی 64 هەزار و 373 کیلۆمەتر لە مانگ دووردەکەوێتەوە. ئەوەش ئەو ئاستەیە کە لە بڕیارە لە ساڵی 2024 دا ئارتێمیسی دوو بە مرۆڤەوە بیگاتێ. 
 
پلەی گەرمییەک نیوەی پلەی گەرمیی خۆر
 
بەرپرسانی ناسا دەڵێن، جگە لە کەشوهەوا، هەر کێشەیەکی بچووکی تەکنیکی دەکرێت لە دوایین ساتیشدا گەشتەکە دوابخات. بەڵام جەخت لەوەش دەکەنەوە کە ئەمە تەنیا گەشتێکی تاقیکارییە. 
 
لە ئەگەری ئەوەی هەر کێشەیەک بۆ مووشەکەکە دروستبێت و نەتوانرێت ئەمڕۆ هەڵبدرێت، رۆژانی 2ـی ئەیلوول و 5ـی ئەیلوول وەکو رێککەوتنی جێگرەوە دیاریکراون. 
 
یەكێک لە ئامانجە هەرە سەرەکییەکانی ئەم گەشتە، تاقیکردنەوەی ئاستی بەرگەگرتنی کەپسوولەکەیە کە تیرەکەی 4.8 مەترە. ئەوەش دەکاتە گەورەترین تیرەی کەپسوولێک تائێستا دروستکرابێت. 
 
لە کاتی گەڕانەوە بۆ زەوی، دەبێت بەرگەی خێرایی 40 هەزار و 233 کیلۆمەتر لە کاژێرێکدا و پلەی گەرمیی 2 هەزار و 760 پلەی سیلیزی بگرێت. ئەوەش دەکاتە نیوەی پلەی گەرمای خۆر. 
 
دواتر بە هەڵدانی 11 پەرەشووت، خێراییەکەی بۆ 32 کیلۆمەتر لە کاژێرێکدا کەمدەکرێتەوە تاوەکو بتوانێت بە سەلامەتی بنیشێتەوە. 
 
لەجیاتی کەشتیوانی ئاسمانیش، لەم گەشتەدا، پەیکەری لاستیکی لە قەبارەی مرۆڤ لەنێو کەپسوولەکە دادەنرێن و هەستەوەریان لەسەر جێگیردەکرێت بۆ ئەوەی ئاستی خێرایی، لەرینەوە و تیشکدانەوە تۆماربکرێن. هاوکات، چەند سەتەلایتێکی بچووکی لەسەر جێگیردەکرێن بۆ ئەوەی توێژینەوەی لە رووی مانگ بکەن. 
 
لە ئەگەری شکستهێنانیدا، پڕۆگرامێک بە تێچووی 4.1 ملیار دۆلار لەنێودەچێت. 
 
ژیان لەسەر مانگ
 
بهاڤیا لال، بەڕێوەبەری هاوئاهەنگیکاری ناسا بۆ تەکنەلۆژیا، سیاسەت و ستراتیژییەت دەڵێت، "گەشتەکەی رۆژی دووشەممە کورتخایەن نییە، بەڵکو ماراسۆنێکی درێژخایەنە بۆ ئەوەی کۆمەڵەی خۆر و ئەودیویشی بێنینە نێو مەودای خۆمانەوە". 
 
ئەگەر بێتو ئەم تاقیکردنەوەیەی ناسا سەرکەوتوو بێت، لە ساڵی 2024 دا کەپسوولێکی دیکە بە چوار سەرنشینەوە دەنێردرێتە نێو خولگەی مانگ. 
 
لە گەشتی ئارتێمیسی سێشدا، کە لە کۆتایی ساڵی 2025 دا ئەنجامدەدرێت، ناسا دوو کەس دەنێرێتە سەر رووی مانگ. 

 

گەشتەکەی ئەپۆڵۆ لە ساڵی 1969 کە یەکەم گەشتی ناسا بوو کە تێیدا مرۆڤ پێبنێتە سەر مانگ. لەو گەشتەدا سێ پیاو بەشداربوون کە هەرسێکیان سپی پێست بوون. بەڵام ئەوەی لە گەشتەکەی ساڵی 2025دا ئەنجامدەدرێت، بڕیارە ژنێک و کەسێکی دیکە کە سپی پێست نەبێت بنێردرێتە سەر مانگ. 
 
ئامانجی پڕۆگرامی ئارتێمیس چەسپاندنی شوێنپێی مرۆڤە لە سەر رووی مانگ و دروستکردنی وێستگەیەکی هەمیشەیی بۆشایی ئاسمانییە، ئەوەش وەکو بەرپرسانی ناسا بانگەشەی بۆ دەکەن. ئامانج لەو وێستگەیەش گەشتکردنە بۆ شوێنەکانی دیکەی کۆمەڵەی خۆر و بۆشایی ئاسمان. لەوێشەوە ئامادەکاریی بۆ ئەنجامدانی یەکەم گەشتی مرۆڤ بۆ سەر رووی مەریخ دەکرێت کە لانیکەم رێگەی چەند مانگێک لە مانگەوە دوورە.